پەیامی ناسر بەکرزادە لە زیندانەوە: "مەهێڵن بمکوژن"

29 April 2026
پەیامی ناسر بەکرزادە لە زیندانەوە: "مەهێڵن بمکوژن"

بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال"ـی ئەمڕۆ چوارشەممە، 29-04-2026، چەندین دۆسیەی گرنگی ناوخۆیی، هەرێمی و جیهانی خستەڕوو. بەرنامەکە بە پەیامێکی کاریگەری ناسر بەکرزادە، گەنجە کوردە حوکمدراوەکەی رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد، کە داوای رزگارکردنی ژیانی دەکات. دواتر تیشک خرایە سەر دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، قەیرانی ئابووریی عێراق بەهۆی جەنگەوە، ململانێ سیاسییەکانی بەغدا بۆ پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئەمریکا و بەریتانیا لە کۆشکی سپی.

ناسر بەکرزادە لە زیندانەوە هاوار دەکات: "مەهێڵن بمکوژن"

گەنجێکی کوردی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی ناسر بەکرزادە، کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، لە تۆمارێکی دەنگیدا لە زیندانی ورمێوە داوای بەهاناوەچوون دەکات و دەڵێت، "یەکەم تاوانی من کوردبوونمە، و دووەم تاوانیشم ئەوەیە کە سوننەم."

هەزار پەنابەری فەلەستینی لە هەرێمی کوردستانن

بەپێی دوایین ئاماری ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگیی قەیرانەکان (JCC)، هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەی نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر، کە لەنێویاندا زیاتر لە هەزار پەنابەری فەلەستینی هەن.

مووچەی خانەنشینیی کرێکارانی هەولێر دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە هەولێر رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 4ـی کرێکارە خانەنشینەکان دەکرێت.

جەنگی ئێران و ئەمریکا بژێویی ملیۆنان کەسی خستووەتە مەترسییەوە

رێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ILO) هۆشداری دەدات کە بەهۆی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و داخرانی تەنگەی هورمز، کرێکاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی "شۆکێکی گەورە" بوونەتەوە و مەترسیی بێکاریی بەرفراوان لە ئارادایە.

سێ سەرکردەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی پاڵپشتیی عەلی زەیدی ناکەن

دۆکیۆمێنتە فەرمییەکان ئاشکرای دەکەن کە حەیدەر عەبادی، هومام حەموودی و ئەبوئالای وەلائی واژۆیان بۆ بەربژێرکردنی عەلی زەیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق نەکردووە، ئەمەش ناکۆکییەکانی ناوخۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەردەخات.

لیژنەی دارایی گوشار دەخاتە سەر بانکی ناوەندیی عێراق

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق داوای روونکردنەوەی بەپەلە لە بانکی ناوەندی دەکات سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی حەواڵە دەرەکییەکان بە دراوەکانی تر جگە لە دۆلار.

شا چارلز و ترەمپ لە کۆشکی سپی کۆبوونەوە

شا چارلزی سێیەم و شاژنە کامیلا، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ و میلانیا ترەمپەوە لە کۆشکی سپی پێشوازییان لێکرا. شا چارلز لە گوتارێکدا لە کۆنگرێس جەختی لە گرنگیی هاوبەشیی نێوان بەریتانیا و ئەمریکا کردەوە.

بۆ یەکەمجار؛ وێنەی ترەمپ دەخرێتە سەر پاسپۆرتی ئەمریکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بەبۆنەی یادی 250 ساڵەی سەربەخۆیی وڵاتەکەوە، پاسپۆرتێکی تایبەت و سنووردار دەردەکات کە وێنە و واژۆی دۆناڵد ترەمپی لەسەر دەبێت.

سعودیە بەدوای هاوپەیمانی نوێدا دەگەڕێت

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، سعودیەی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژوویی، ریاز چیتر هەموو هێلکەکانی ناخاتە سەبەتەی ئەمریکاوە و خەریکە پەیوەندییەکانی لەگەڵ چین، روسیا و پاکستان پتەوتر دەکات.

"تۆزی ئەتۆمی"؛ ئەو مەتەڵەی ترەمپ باسی دەکات چییە؟

دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانەکانیدا باس لە "تۆزی ئەتۆمی" دەکات وەک کلیلێک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئێران. بەڵام ئەم دەستەواژەیە ئاماژەیە بۆ یۆرانیۆمی پیتێنراو بە رێژەی 60% کە لە بنکە بۆردومانکراوەکانی ئێراندا ماوەتەوە.

رۆژنامەکانی ئێران: "ئێران بۆ 3 مانگ یەدەگی نەوتی هەیە"

رۆژنامەکانی ئەمڕۆی ئێران پڕن لە مانشێتی سەرکەوتن و هۆشداری. رۆژنامەی "کەیهان" دەنووسێت، "ئەمریکا دەبێت تەسلیمی مەرجەکانی ئێران بێت،" و رۆژنامەی "ئیقتیساد ئەبرار"ـیش ئاشکرای دەکات کە ئێران بۆ ماوەی 3 مانگ یەدەگی نەوتی لە ئاوە ئازادەکاندا کۆکردووەتەوە وەک وەڵامێک بۆ گەمارۆکان.

ترەمپ: ئێرانمان لە رووی سەربازییەوە تێکشکاندووە

لە کۆشکی سپی و لەبەردەم پاشای بەریتانیا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، "ئێمە ئەم نەیارەمان (ئێران) لە رووی سەربازییەوە شکست پێهێناوە" و جەختی کردەوە کە هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی.

بەڕێوەبەری پێشووی "ئێف بی ئای" بە هەڕەشەی کوشتن لە ترەمپ تۆمەتبار کرا

جەیمس کۆمی، بەڕێوەبەری پێشووی FBI، بە فەرمی تۆمەتبار کرا بە هەڕەشەکردن لە دۆناڵد ترەمپ. تۆمەتەکە پەیوەندی بە پۆستێکی ئینستاگرامی کۆمییەوە هەیە کە تێیدا کۆدی "86 47"ـی بەکارهێناوە.

فڕۆکەهەڵگرەکانی چین 8 جار سنووری ئاویی کۆریای باشووریان بەزاندووە

بەپێی نوێترین داتاکان، فڕۆکەهەڵگرەکانی چین لە ماوەی ساڵی رابردوودا 8 جار چوونەتە ناوچە ئاوییەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆریای باشوور، کە بەرزترین ژمارەی پێشێلکارییە لە ساڵی 2020ـەوە.


رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).