بازرگانێک بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق راسپێردرا

28 April 2026
بازرگانێک بۆ سەرۆکایەتی حکومەتی عێراق راسپێردرا

لە بەرنامەی ئەمڕۆی رۆژی هیوا جەمال تیشک دەخەینە سەر دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکانی عێراق و کاندیدکردنی بازرگانێکی دەستڕۆیشتوو بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
هاوکات، دۆسیەی زەویی فەرمانبەران و دەستکەوتە ژینگەییەکان لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ دەکەین. لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا، گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لەسەر تەنگەی هورمز گەیشتووەتە لوتکە و ناتۆش بەهۆی "ترس لە ترەمپ" گۆڕانکاری لە ستراتیژیی کۆبوونەوەکانیدا دەکات.

300 هەزار فەرمانبەر چاوەڕوانی وەرگرتنی زەوین

دوای دوو ساڵ لە فەرمانی دابەشکردنی زەوی، هێشتا 300 هەزار فەرمانبەر تەنیا "کاغەزێکیان" بەدەستەوەیە. لە کۆی 400 هەزار فەرمان، تەنیا 99 هەزار پارچە زەوی دابەشکراون. لە سلێمانی پڕۆسەکە وەستاوە و لە هەڵەبجەش دۆخەکە خراپترە، لە هەولێر 82 هەزار کەس مافیان هەیە و شارەوانی بەڵێنی چڕکردنەوەی کارەکان دەدات بۆ ئەوەی "زەوییە هەواییەکان" ببنە ڕاستی.

دەستکەوتێکی ژینگەیی مەزن؛ کوژاندنەوەی مۆلیدەکان هاوتای لادانی ملیۆنێک ئۆتۆمبێلە

بەهۆی دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری، 5917 مۆلیدەی ئەهلی لە هەرێمی کوردستان کوژێنراونەتەوە. ئەم هەنگاوە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی زیاتر لە ملیۆنێک تۆن گازی دووانۆکسیدی کاربۆن، کە شارەزایان بە هاوتای لادانی ملیۆنێک و 23 هەزار ئۆتۆمبێل لەسەر شەقامەکان وەسفی دەکەن.

شاندێکی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە؛ سیستەمی 'ئەسیکۆدا' و داهاتی دەروازەکان تاوتوێ دەکرێن

شاندێکی تەکنیکیی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەسەر دەروازە سنوورییەکان و جێبەجێکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنیی نێودەوڵەتی "ئەسیکۆدا" لە بەغدایە. ئامانجی سەردانەکە رێکخستنی کاروباری گومرگی و شەفافکردنی مامەڵە بازرگانییەکانە بە جۆرێک کە تایبەتمەندییەکانی هەرێمی کوردستان رەچاو بکرێن.

بازرگانێک دەبێتە سەرۆکوەزیرانی عێراق

دواجار گرێکوێرەی سیاسیی بەغدا کرایەوە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی "عەلی زەیدی" وەک بەربژێر بۆ سەرۆکوەزیران دیاری کرد. ئەمە دوای کشانەوەی نوری مالیکی و سوودانی هات، زەیدی 30 ڕۆژی لەبەردەمە بۆ پێکهێنانی کابینەکەی، هەرچەندە هەندێک لە چاودێران دەڵێن ئەو تەنیا بۆ "کڕینەوەی کات" دانراوە.

بەربژێرەکەی سەرۆکوەزیران خاوەنی 15 کۆمپانیایە 

عەلی زەیدی خاوەنی 10 کۆمپانیای گەورەیە و خواردنی 300 هەزار سەرباز و سەبەتەی خۆراکی 40 ملیۆن عێراقی لەژێر دەستی کۆمپانیاکانی ئەودایە، سەرەڕای سەرمایە زەبەلاحەکەی، بانکەکەی (بانکی جنووب) بەهۆی گومانی سپیکردنەوەی پارەوە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە لیستی رەشەوە.

کارنامەی حکومەتی عێراق؛ لە باڵەخانەی نوێوە تا هەناردەی نەوت

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی سوودانی کۆدەبێتەوە. کارنامەکە تەرخانکردنی بودجە بۆ چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە، دروستکردنی قوتابخانە لە ئەهوارەکان و تاوتوێکردنی "ڕێکارە کتوپڕەکان" بۆ هەناردەکردنی نەوت لەخۆدەگرێت.

وردەکاریی داڕمانی باڵەخانەکەی کەرکووک

باڵەخانە رووخاوەکەی گەڕەکی وەحدەی کەرکووک بێ مۆڵەتی شارەوانی و بەرگریی شارستانی دروست کراوە. شارەزایان دەڵێن هۆکاری داڕمانەکە پەلەکردنی خاوەنەکەی بووە لە دروستکردنی نهۆمی دووەم پێش وشکبوونەوەی بنمیچی یەکەم، جگە لە بەکارهێنانی بلۆک لەژێر دینگەکاندا.

رێککەوتنی نهێنیی تاران و پەکین؛ مانگی دەستکردی سیخوڕی لە خزمەت پاسداران

ئێران مانگێکی دەستکردی سیخوڕیی چینی بە ناوی (TEE-01B) کڕیوە، ئەم تەکنەلۆژیایە دەتوانێت بە وردی 0.5 مەتر وێنەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و سعوودیە بگرێت. چین لە پشت پەردەوە تەکنەلۆژیا بۆ هێرشەکانی ئێران دابین دەکات.

پێشنیازەکەی ئێران بۆ کردنەوەی تەنگەی هورمز و وەڵامی توندی واشنتن

ئێران پێشنیازی کردووە تەنگەی هورمز بکاتەوە بە مەرجێک جەنگ بوەستێت و گەمارۆکان لاببرێن. مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، پێشنیازەکەی رەتکردەوە و بە "سەرانە وەرگرتن" و هەڕەشە لە ئاسایشی کەشتیوانی نێودەوڵەتی وەسفی کرد.

عێراقچی: تەنگەی هورمز مەیدانی چەتەگەریی ئەمریکا نییە

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هێرشی توندی کردە سەر ئەمریکا و ڕایگەیاند واشنتن ناتوانێت هەم گەمارۆ بخاتە سەر ئێران و هەم داوای ئازادیی کەشتیوانی بکات. دەڵێت کلیلەکە لای ئەمریکایە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئابووری.

ناتۆ کۆبوونەوە لوتکە ساڵانەکان رادەگرێت؛ ترس لە ترەمپ ستراتیژییەکە دەگۆڕێت

رێکخراوی ناتۆ تاوتوێی ئەوە دەکات کۆبوونەوەکانی بکاتە دوو ساڵ جارێک. هۆکاری سەرەکی ئەمە دوورکەوتنەوەیە لەو گرژییانەی ئەگەری هەیە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ دروست ببن، بەتایبەت لە ساڵی 2028 کە کۆتا ساڵی دەسەڵاتی دەبێت.

پەرستارێکی ئێران پاڵێوراوە بۆ خەڵاتێکی جیهانی

نیدا سەلیمی، پەرستارێکی تارانە کە لە کاتی بۆردومانەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلدا، گیانی خۆی خستە مەترسییەوە بۆ رزگارکردنی دوو منداڵی ساوا. ئێستا لە ئێران هەوڵ دەدرێت وەک باشترین پەرستاری جیهان خەڵات بکرێت.

بەحرێن وڵاتینامە لە 69 کەس دەسێنێتەوە؛ سزاکە خێزانەکانیشی گرتووەتەوە

بەهۆی لایەنگریی ئێران، حکومەتی بەحرێن وڵاتینامەی لە 69 کەس سەندەوە. سزاکە نەک هەر تۆمەتباران، بەڵکو ژن و منداڵ و کۆرپەکانیشی گرتووەتەوە، کە رێکخراوەکانی
مافی مرۆڤ بە "سزای بەکۆمەڵ" ناوی دەبەن.

هاواری دایکانی قامیشلۆ؛ چارەنووسی کوڕەکانیان لە زیندانەکانی سوریا نادیارە

دایکان لە قامیشلۆ ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و داوای ئاشکراکردنی چارەنووسی کوڕەکانیان دەکەن کە شەڕڤانی هەسەدە بوون و چوار مانگە لەلایەن حکومەتی سوریاوە دیل کراون. داوا لە مەزڵوم عەبدی دەکەن هەوڵەکانی بۆ ئازادکردنیان چڕ بکاتەوە.

دەم پارتی: دەبێت پێگەی یاسایی بۆ ئۆجەلان وەک دانوستانکار دابین بکرێت

سەزایی تەمەللی، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی، لە پەرلەمانی تورکیا داوای کرد کە دەوڵەت بە فەرمی و بە یاسا دان بە پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلاندا بنێت وەک "گەورە دانوستانکار" بۆ ئەوەی پرۆسەی چارەسەری کورد سەرکەوتوو بێت.

نیویۆرک تایمز: ترەمپ خراپترین سەرۆکە لە مێژووی ئەمریکادا

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە گوتارێکی تونددا ترەمپ بە "خراپترین سەرۆک" ناودەبات. گوتارەکە باس لە بڕینی بودجەی تەندروستی و هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان دەکات کە بووەتە هۆی مردنی ملیۆنان مرۆڤ و لاوازبوونی پێگەی جیهانیی ئەمریکا.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا: پیشەسازیی نەوتی ئێران لە لێواری داڕماندایە

سکۆت بێسێنت رایگەیاند کە گەمارۆ دەریاییەکانی ئەمریکا پیشەسازیی نەوتی ئێرانیان ئیفلیج کردووە. هۆشداری دەدات کە لە کاژێرەکانی داهاتوودا پەمپکردنی نەوت دەوەستێت و ئێران ڕووبەڕووی تەنگژەیەکی گەورەی کەمیی بەنزین دەبێتەوە.

هۆڵەندییەکان پادشایەتییان دەوێت؛ 'ترس لە ترەمپ' متمانەی بە خێزانی شاهانە زیاد کرد

لە هۆڵەندا متمانە بە سیستەمی پادشایەتی بۆ 63٪ بەرزبووەوە. خەڵک دەڵێن پادشایەکمان هەبێت باشترە نەک سەرۆکێکی وەک ترەمپ کە وڵات بشێوێنێت. بوونی ترەمپ لە دەسەڵات بووەتە هۆی ئەوەی ئەورووپییەکان زیاتر دەست بە سیستەمە کۆنەکانیانەوە بگرن.

کۆریای باکوور تانکی ئەبرامزی ئەمریکی وەک 'دەستکەوتی جەنگ' نمایش دەکات

کیم جۆنگ ئون مۆنۆمێنتێکی بۆ یادی ناردنی سەربازەکانی بۆ ڕوسیا کردەوە. لەوێ تانکێکی ئەبرامزی ئەمریکی و چەندین زرێپۆشی تری ناتۆ نمایش کران کە لە جەنگی ئۆکرانیادا دەستیان بەسەردا گیراوە. شارەزایان دەڵێن پیۆنگیانگ خەریکی دۆزینەوەی خاڵە لاوازەکانی ئەو تانکانەیە.


رۆژی هیوا جەمال

شۆیەکی 50 خولەکییە هەموو بەیانییەک کاژێر 08:00 بەشێوەی زیندوو پێشکێش دەکرێت. تێیدا گفتوگۆی پڕ زانیاری لەگەڵ کەسانێک دەکرێ کە مەرج نییە لەنێو هەواڵەکاندا ناسراوبن، بەڵام مژارەکانیان زۆر گرنگن. هەوڵدەدرێ لە رێگەی چیرۆکە کەسییەکانەوە باشتر و ئاسانتر زانیاری بگەیێندرێتە خەڵک.

لە ماوەی بەرنامەکەدا هەوڵدەدرێ وەرگر بەشی تەواوی رۆژەکە بەرچاوڕوونیی هەبێ سەبارەت بەو شتانەی لە کوردستان و ناوچەکە و جیهانیش روودەدەن. هەموو بەیانییەکیش هیوا جەمال راستی و ناڕاستیی زانیارییەک ئاشکرا دەکات کە لەنێو خەڵک دا بڵاوبوونەتەوە. 

دیوێکی جیاوازی دیکەی ئەم شۆیە، گەنگەشەی پێشکێشکارە لەنێو خەڵک و لەسەر شەقام لەسەر ئەو مژارانەی رای گشتییان بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. 

ئامانجی شۆیەکە ئەوەیە وەرگری کوردستانی لە هەواڵی ساختە (فەیک نیوز) دووربخاتەوە. وابکات هەمیشە بۆ زانینی ئەوەی بڕیار وایە بەدرێژایی رۆژ و رۆژانی دواتر رووبدات بگەڕێتەوە بۆ (رۆژی هیوا جەمال).