کاروان یاروەیس: تورکیا 420 مەترس سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بۆ عێراق بەردەداتەوە
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان عێراق، بە داواکارییەکەی بۆ زیادبەردانەوەی ئاوی دیجلە و فورات رازی بوو. بەپێی رێککەوتنەکە، لە سبەی چوارشەممەوە رۆژانە 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا بەردەدرێتەوە، ئەوە بە گوێرەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، مەشهەدانی داوای لە حکومەتی تورکیا کردووە ئاوی زیاتری رووبارەکانی دیجلە و فورات بەربداتەوە بۆ ئەوەی بە هەموو عێراق، بەتایبەتی ناوچەکانی باشوور بگات کە بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنن.
هاوکات کاروان یاروەیس، ئەندامی شاندەکە لە ئەنقەرەوە لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: بە بڕیاری سەرۆککۆماری تورکیا لە سبەینێوە 320 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا لە رووباری دیجلە و 100 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا لە رووباری فوراتەوە بۆ عێراق بەردەدرێتەوە.
گوتیشی: بەرپرسانی تورکیا ئاماژەیان بەوەداوە کە تورکیاش بەهۆی کەمبارانییەوە تووشی کەمی ئاو لە بەنداوەکانی بووەتەوە و ئاستی ئاو بۆ زیاتر 50٪ دابەزیوە.
بهشی بكه لە