پرۆفیسۆرێکی کەشوهەوا: دیزاینی ئاوەڕۆکان کۆنن و لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا ناگونجێن

10 December 2025
پرۆفیسۆرێکی کەشوهەوا: دیزاینی ئاوەڕۆکان کۆنن و لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا ناگونجێن

پرۆفیسۆر د. سلێمان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی کەشوهەوا و مامۆستای زانکۆ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ میوانی نوێنەر فاتیح بوو، تاوتوێی 
گۆڕانی کەشوهەوایان لە هەرێمی کوردستان کرد.

سلێمان عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سرووشتی دابارین لە هەرێمی کوردستان گۆڕاوە، بەشێوەیەک لە 24 کاژێری رابردوودا زیاتر لە 65 ملیمەتر بارانباریوە کە بارانی یەک مانگ بووە.

باسی لەوەشكرد، بارانبارینی زۆر ئاماژە نییە بۆ ساڵێکی پڕ باران، بەڵکو سرووشتی دابارین و دابەشبوونی بەسەر وەرزەکانی پاییز، زستان و بەهاردا گرنگە.

باسی لەوەش کرد، دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵانی داهاتوو زیاتر دەبێت و ئەنجامەکانی لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەردەکەوێت و دەبینرێن.

گەشەی شارەکان بەشێکی دیکە بوون لە گفتوگۆی نوێنەر فاتیح و میوانەکەی، سلێمان عەبدوڵڵا رونیکردەوە، شارەکان زۆر گەشەیان کردووە و فراوان بوون و دیزاینی ئاوەڕۆکان کۆنن و لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا ناگونجێن.

پرۆفیسۆر د.سلێمان عەبدوڵڵا، پسپۆڕی کەشوهەوا و مامۆستای زانکۆ بە پێویستیزانی لە هەرێمی کوردستان گرنگی زیاتر بە دروستکردنی بەنداو و پۆند بدرێت تاوەکو سود لە ئاوی باران وەربگیردرێت.