ئەمریکا لە حکومەتی نوێی عێراقدا هێڵی سوور بۆ گرووپە چەکدارەکان دەكێشێت
رۆژی 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆگلاس سیلیمان، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو و تاوتوێی کردنەوەی گەورەترین باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر و پێکهێنانی هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کرد.
دۆگلاس سیلیمان لە سەرەتای بەرنامەکەدا نیگەرانی قووڵی نیشاندا بۆ هێرشكردنە سەر گێڵەی گازی کۆرمۆر و گرووپە چەکدارەکانی بە هێرشەکە تۆمەتبار کرد و گوتی، "دەسەڵاتدارانی کورد و ئەمریکا دەبێت گرووپە هێرشکارەکان بناسێنن و رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە".
باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە عێراق بە گرنگی زانی هەرێمی کوردستان و ئەمریکا لەبارەی گرووپە چەکدارەکانەوە هاوئاهەنگی بکەن و رایگەیاند، نابێت گرووپە چەکدارەکان لە حکومەتی داهاتوو پۆستی باڵا وەربگرن.
دۆگلاس سیلیمان دڵنیاییدا، ئەمریکا هەر عێراقییەک قبووڵ دەکات کە گرنگی بە پەیوەندییەکان لەگەڵ واشنتن بدات و گوتی، "پێویستە هێزە عێراقییەکان بۆ سەرۆکوەزیرانی داهاتوو سەیری گەنجەکان بکەن".
رۆژی چوارشەممە 3ـی کانوونی یەکەمی 2025 بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان و دیپلۆماتەکان، باڵەخانەی نوێی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر بە فەرمی کرایەوە.
دۆگلاس سیلیمان دڵخۆشی خۆی بە کردنەوەی باڵەخانە نوێیەکەی کۆنسووڵخانەی ئەمریکا نیشاندا و بە ئاماژەی مانەوەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان ناوی برد.
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە دوای زیاتر لە ساڵێک لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن پێکنەهێنراوە، هانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی دا حکومەتێکی یەکگرتوو پێکەوە پێکبهێنن.