ئاڵا تاڵەبانی: کورد هیچکات هاوپەیمانێتی تۆکمەی لە بەغدا نەبووە
پێکهێنانی حکومەتی عێراق لەبەردەم باهۆزی گۆڕانکارییەکانی ناوچکەدا گیری خواردووە، کەس نازانێ رۆژانی داهاتوو چی لە هەگبەدایە لە گۆڕانکاری، بەڵام هەمووان دەزانن کە گۆڕانکارییەک هەیە، بۆیە چاوەڕوانن لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە خۆیان بگونجێنن، ئامانج مانەوەیە.
شیعە ناتوانێ بەربەژێری سەرۆکوەزیران یەکلاییبکاتەوە، کوردیش ناتوانێ بەربژێری سەرۆککۆمار دەستنیشان بکات.
لەوبارەیەوە ئاڵا تاڵەبانی، سیاسەتڤان کە ئەزموونی زیاتر لە 20 ساڵ کاری سیاسی لە بەغدا هەیە دەڵێت: شیعەکان داوایان لە کورد کردووە لە دەستنیشانکردنی سەرۆککۆمار پەلە نەکەن و ئەگەر شیعەکان خۆیان رێکبکەون چاوەڕوانی کورد ناکەن.
تاڵەبانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتیشی: کێشەی نێوماڵی شیعە هۆکاری چەقبەستوویی سیاسییە، چونکە ئێستا لە عێراق دوو جەمسەری سیاسی دروستبووە و کورد و شیعە و سووننە بەسەر ئەو دوو جەمسەردا دابەشبوون.
بە گوتەی ئاڵا تاڵەبانی بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆککۆمار لەنێو پەرلەمان چانسی زیاترە و دەڵێت: کورد هیچکات هاوپەیمانێتی تۆکمەی لە بەغدا نەبووە.
لەبارەی ئاستەنگەکانی بەردەم نووری مالیکشی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران ئەو سیاسەتڤانە گوتی: مالیکی خراوەتە دۆخێکی نەخوازراوەوە و تاوەکو دێت پاڵپشتیکردنی مالیکی لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کەمتر دەبێتەوە.
لەبارەی چارەنووسی لاهوور شێخ جەنگیش ئاڵا تاڵەبانی گوتی: هیچ زانیارییەکی نوێمان لەبارەی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی نییە.
بهشی بكه لە