دابڕینی رەفەح و دابەشکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە

04 April 2025
دابڕینی رەفەح و دابەشکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە

سەرۆککۆماری فەرەنسا رایگەیاند، لە لووتکەیەکی سێقۆڵیدا لەبارەی دۆخی غەززە، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری میسر و شا عەبدوڵڵای دووەمی ئوردن کۆدەبێتەوە.

هاوکات، دەڵێت، ئیسرائیل لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی خاکی غەززە داگیربکات و بە گوتەی خۆی ئەوە ستراتیجێکە بۆ ئەوەی حەماس ناچار بکات بارمتەکان ئازاد بکات، ئەوە جگە لە ئەنجامدانی هێرشی بەردەوام بۆ سەر لوبنان و سووریا.

د. نەوزاد هێتوتی، لێکۆڵینڤان و مامۆستای زانکۆ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ستراتیژی ئیسرائیل لە ناوچەکە گۆڕاوە و دوای گەڕانەوەی ترەمپ هیچ گوشارێکی ئەمریکی لەسەر نەتەنیاهوو نەماوە.

گوتیشی: نەتەنیاهوو بڕیاریداوە کە کۆتایی بە دەسەڵاتی حەماس بهێنێت و ئیسرائیل دەخوازێت سووریا پەرت بکات.

هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، شیروان شەمێرانی نووسەر و سیاسەتڤان گوتی: "ئیسرائیل کاردەکات بۆ بێهێزکردنی سوپاکانی ناوچەکە و ئامانجی ئەمجارەی ئیسرائیل کۆتاییهێنانە بە پرسی دەوڵەتی فەلەستین."

گوتیشی: "دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەڕاوەتەوە بۆ پێش جەنگی یەکەمی جیهانی و ئیسرائیل بەشێوەیەکی ریشەیی گۆڕانکاریی لە ستراتیژی وڵاتانی ناوچەکە دەکات."