پێکهێنانی حکومەتی عێراق؛ "قوباد تاڵەبانی هەوڵی وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوە دەدات"

04 December 2025
پێکهێنانی حکومەتی عێراق؛ "قوباد تاڵەبانی هەوڵی وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوە دەدات"
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد هەورامی شارەزای کاروباری ئێران لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ میوانی نوێنەر فاتیح بوو، دوایین پێشهاتەکانی دانوستانەکانی پێکهێنانی حکومەتی عێراقیان تاوتوێکرد و رۆڵی ئێرانیان روونکردەوە.
 
محەممەد هەورامی لە بەرنامەکەدا باسی لە لێکتێگەیشتنێک کرد کە لە نێوان کورد و شیعەکان هاتووەتە ئاراوە تاوەکو هیچ کامیان دەستوەردان لە کاروباری یەکتردا نەکەن و گوتی، "هەوڵی زیندووکردنەوەی هاوپەیمانی کوردی – شیعی دەدرێت".
 
باسی لەوەشكرد، ئێستا هیچ هێزێکی سیاسی کوردی هێندەی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا باش نییە، چونکە ئێران دەزانێت پارتی بەڵێنێک بدات جێبەجێی دەکات.
 
لە دوای 2003ـەوە پۆستی سەرۆککۆماری عێراق وەک نەریتێکی سیاسی دەدرێتە کورد، ئەو شارەزایەی کاروباری ئێران پێشبینی کرد تاوەکو 50 رۆژی داهاتوو کورد لە سەر بەربژێرێکی هاوبەش لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار بگەنە رێککەوتن.
 
لە کابینەکەی محەممەد شیاع سودانی پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراق پشکی کورد بوو، بەڵام بە گوتەی محەممەد هەورامی کورد ئەو پۆستە وەرناگرێتەوە و پۆستی وەزیری دارایی عێراقی پێدەدرێت.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، قوباد تاڵەبانی هەوڵی وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەرەوەی عێراقی داوە و خواستی هەبووە کارە سیاسییەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە بباتە بەغدا.