شوان داودی: بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆککۆمار بە شایستە نازانم بۆیە خۆم بەربژێر کردووە

05 January 2026
شوان داودی: بەربژێری یەکێتی بۆ سەرۆککۆمار بە شایستە نازانم بۆیە خۆم بەربژێر کردووە
بەربژێرێکی سەربەخۆی سەرۆککۆماری عێراق دەڵێت: نێوماڵی کورد پەرتەوازەیە بۆیە زیاتر لە 30 بەربژێری سەرۆککۆمار هەن و ئەگەر پارتی و یەکێتی لەبارەی بەربژێرێکی هاوبەشی کورد رێکبکەون ئەوا بەشێک لە بەربژێرە سەربەخۆکان دەکشێنەوە.
 
شوان داودی، بەربژێری سەربەخۆی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: ناکۆکیی نێوخۆیی بووەتە مایەی شەرم و عەیب بۆ کورد لە بەغدا و نێوماڵی کورد پەرتەوازەیە بۆیە زیاتر لە 30 بەربژێری سەرۆککۆمار هەن.
 
گوتیشی: لەتیف رەشید بەربژێری یەدەگی یەکێتییە بۆ سەرۆکایەتیی کۆمار، بەڵام بەربژێری فەرمیی یەکێتی کە نزار ئامێدییە، لە خۆم بە شایستەتر نازانم.
 
"نزار ئامێدی سکرتێری مام جەلال بووە و نەدەبوو خۆی بۆ شوێنەکەی بەربژێر بکات" داودی وای گوت.
 
گوتیشی: بۆ دروستکردنی گوشار و بەربژێری هاوبەشی کورد خۆمان بەربژێر کردووە، پەیوەندی کەسیم لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان هەیە و دەتوانم دەنگ و پاڵپشتیی لایەنەکان کۆبکەمەوە.