رووداوی ئەمڕۆ؛ پەرتەوازەیی کورد لە بەغدا و دەرهاویشتەکانی
پارتی و یەکێتی لەبەردەم قۆناخێکدان لە پەیوەندییەکانیان، کە توانای گەڵاڵەکردنی رێککەوتنیان پێکەوە نییە، ئەمە کێشەی نێوان دوو حیزبە، بەڵام رەنگدانەوەی لەسەر هەموو باشووری کوردستان هەیە.
عەبدولسەلام بەرواری، سیاسەتڤان دەڵێت: هیچکات پارتی لەسەر بنەمای ژمارەی کورسی مامەڵەی لەگەڵ یەکێتی نەکردووە و یەکێتی لە هەموو جومگەکان لەگەڵ پارتی هاوبەشە.
گوتیشی: ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی سرووشتی و ئاساییە و خواستی شەقام تەبایی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانە.
هاوکات مەحموود خۆشناو، لێکۆڵینڤانی سیاسی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: بنەماکانی جێبەجێکردنی رێککەوتنی سیاسیی پارتی و یەکێتی جێبەجێ نەکران و باشترە پارتی و یەکێتی بەدوای بژاردەی نوێ بگەڕێن.
گوتیشی: دۆسێیەکانی نێوان پارتی و یەکێتی لە سیاسییەوە گۆڕاون بۆ ئەمنی و پارتی و یەکێتی دوو ئاراستەی جیاوازن.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی خۆشناو گوتیشی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان رووبەرێکی باشی لەگەڵ هەمووان پاراستووە و دەتوانێت پارتی و یەکێتی کۆبکاتەوە.
"سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندیی لەگەڵ هەموو لایەنەکان باشە"، مەحموود خۆشناو وای گوت.
هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ رابەر تەڵعەت، بەڕێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی سبەی گوتی: مەترسیی هەیە هەڕەشە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان دروستبێت و لە گشتپرسیی سەربەخۆیی هەموو لایەنە کوردستانییەکان یەکدەنگ بوون بۆیە هەرێمی کوردستان لە هەڕەشەیەکی جیدی لەنێوچوون قووتاری بوو.
گوتیشی: هەرێمی کوردستان خاوەنی حکومڕانییەکی دامەزراوەیی نییە و مەکتەبی سیاسیی حیزبەکان بوونەتە جێگرەوەی پەرلەمان، ئێستا لە هەرێمی کوردستان بوون و نەبوونی پەرلەمان وەکو یەکە.
بهشی بكه لە