موسەننا ئەمین: لەبارەی چارەسەربوونی کێشەکانی هەولێر و بەغدا گەشبینین

08 July 2025
موسەننا ئەمین: لەبارەی چارەسەربوونی کێشەکانی هەولێر و بەغدا گەشبینین
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەگەر ویست هەبێت بەبێ لیژنەش دەتوانرێت کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێن و بە روونی بەغدا داوای چەند پابەندییەک لە هەرێمی کوردستان دەکات پەیوەست بە دۆسیەی نەوت و داهاتی نێوخۆ.
موسەننا ئەمین، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: بەردەوام پێشنیازی جیاواز لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە لەبارەی نەوت، بەڵام داواکاریی عێراق روونە کە پێویستە نەوتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی سۆمۆ بفرۆشرێت.
گوتیشی: بە کورتی عێراق داوای نەوت و نیوەی داهاتی نێوخۆی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەگەر ئیرادە هەبێت بەبێ لیژنە کێشەکانی هەولێر و بەغدا چارەسەر دەکرێت و گەشبینین کە بتوانرێت چارەسەرێک بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە بدۆزرێتەوە.
ئەو گوتانەی موسەننا ئەمین لەکاتێکدان ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 8-7-2025 بڕیاریدا لیژنەیەک بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا پێکبهێنێت کە سەرۆکی لیژنەکە وەزیری پلاندانانی عێراقە و چەند وەزیرێکی دیکەی حکومەتی عێراق لەنێو لیژنەکەن.