پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: تورکیا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ پرۆسەی ئاشتی نەناوە

11 June 2025
پەرلەمانتارێکی دەم پارتی: تورکیا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ پرۆسەی ئاشتی نەناوە
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی دەڵێت: تاوەکو ئەمڕۆ دەوڵەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی کرداری بۆ پرۆسەی ئاشتی نەناوە و سیستمی فیدراڵی بە هێڵی سوور دەزانێت.
 
سینان چیفتیورەک، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: دیداری ئۆجەلان لەگەڵ سەرۆک بارانی و سەرکردەکانی باشووری کوردستان گرنگییەکی زۆری لەسەر پرسی کورد لە باشوور و باکوور و رۆژئاوای کوردستان دەبێت، بەوپێیەش ئێستا چاوی تورکیا لەسەر رۆژئاوای کوردستانە و دروستبوونی کۆدەنگییەکی کوردی، گرنگییەکی زۆری هەیە بۆ رۆژئاوا و پارچەکانی دیکەی کوردستان.
 
سینان چیفتیورەک گوتیشی: خۆهەڵوەشاندنەوە و راگرتنی 'خەباتی چەکداری' لەلایەن پەکەکە، قۆناخێکی گرنگە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە تاوەکو ئامڕۆ تورکیا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەناوە بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە و هێشتا ئاسۆی چارەسەری لە تورکیا ناڕوونە، چونکە دەوڵەتی تورکیا سیستمی فیدراڵی لە وڵاتەکەی بە هێڵی سوور دەبینێت، لەکاتێکدا خواست و داواکارییەکانی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان لە سیستمی فیدراڵیدا جێگەی دەبێتەوە.
 
"پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا پیویستە لە رێگەی کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانییەوە راپەڕێندرێت، کاتێک گفتوگۆمان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد راستەوخۆ ئامادەیی دەربڕی تاوەکو کۆمیسیۆنێکی پەرلەمانی بۆ پرۆسەکە دروست بکرێت، هەربۆیە ئێستا هەمووان چاوەڕوان دەکەین کە هەنگاوی کرداریی لەلایەن دەوڵەت و دامەزراوە دەوڵەتییەکانی تورکیا ببینین بۆ بەرەوپێشبردنی پرۆسەی چارەسەیی". سینان چیفتیورەک، نوێنەری وان لە پەرلەمانی تورکیا وای گوت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ـی حوزەیرانی 2025، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی دا رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەیەوێ لەبارەی پرۆسەی چارەسەری لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات؛ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان قسە بکات.
 
دۆغان گوتیشی: ئەگەر دەرفەتی کاری ئازادانە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بدرێت، هەموو ئەو نیگەرانییەی دوای قۆناخی خۆهەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی پەکەکە هەیە دەڕەوێندرێنەوە. گوتیشی، عەبدوڵڵا ئۆجەلان "خۆی خاوەنی دەستپێشخەرییە و پێویستە رێگەی پێ بدرێت لەگەڵ هەمووان پەیوەندی هەبێت. ئەمە رێگە راستەکەیە. ئەمە یەکێکە لە چاوەڕوانییەکانمان".
 
"رۆژئاوای کوردستان .. کلیلی چارەسەر"
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، خەلیل ئاتاج، ئەندامی سەرکردایەتیی پێشووی پەکەکە گوتی: تورکیا ئێستا دەخوازێت دەرفەتێک بۆ کورد بڕەخسێنێت و ئەگەر یەکدەنگ بن کورد دەتوانێت کۆنفیدراڵی لە تورکیا بەدەستبهێنێت.
 
گوتیشی: پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا گرێدراوی رۆژئاوای کوردستانە و رۆژئاوای کوردستان کلیلی چارەسەری پرۆسەی ئاشتییە، لەگەڵ ئەوەی تورکیا خواستی هەیە رۆژئاوای کوردستان سنووردار بکات و بچووکی بکاتەوە، بەڵام ئامانجە سەرەکییەکی ئەنقەرە لە هێنانەکایەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد پەیوەندیدارە بە رۆژئاوای کوردستانەوە.
 
بە گوتەی ئاتاج، ئێستا رۆژئاوای کوردستان تەنیا پرسێک نییە پەیوەست بێت بە کورد و تورکیا، بەڵکو رەهەندێکی ناوچەیی هەیە و دەڵێت: سووریا و عێراق و تورکیا و ئێران و تەنانەت وڵاتانی دیکەی ناوچەکە چاویان لەسەر رۆژئاوای کوردستان و ئایندەی ئەو بەشەی کوردستانە، تورکیا دەخوازێت کورد لە خۆی نزیک بکاتەوە و بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت، نەوەکو وڵات یان هێزێکی دیکەی ناوچەکە سۆزی کوردان بۆ خۆی رابکێشێت.
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو و تێیدا ئەو پارتە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.