هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئێران رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەخەنە ئامادەباشییەوە

12 June 2025
هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئێران رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەخەنە ئامادەباشییەوە
لەکاتێکدا گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گەیشتوونەتە لووتکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداری دایە ئیسرائیلی هاوپەیمانی و داوای لێکرد هێرش نەکاتە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران. جەختی کردەوە، دانوستاندنەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەتۆمی لەگەڵ تاران "زۆر نزیکن".
 
عەبدولسەلام بەرواری، سیاسەتڤان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دەڵێت: ئێران و ئەمریکا لە پلانەکانی یەکتر تێدەگەن و روانینی پۆپۆلیستی ترەمپ زاڵ بووە بەسەر سیاسەتی ئەمریکا. گوتیشی: شەڕ لەنێوان ئێران و ئەمریکا شەڕێکی زۆر قورس دەبێت ئەگەر رووبدات، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ناوچەکە و دۆخی خودی ئەمریکا، واشنتن ناخوازێت لەم قۆناخە تووشی شەڕ لەگەڵ ئێران ببێت.
 
هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، رابەر تەڵعەت، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی سبەی گوتی: ئێرانی پێش هێرشەکانی 7 ئۆکتۆبەر زۆر جیاواز بوو لەم ئێرانەی ئێستا و 7 ئۆکتۆبەر نەخشەی هێزی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست گۆڕیوە. گوتیشی: ئێران ئێستا لە لاوازترین سەردەمی خۆیدایە و دەستەکانی تاران بە تەواوی لە ناوچەکە کورت کراونەتەوە.
 
یەکێکی دیکە لە میوانەکانی رووداوی ئەمڕۆ کاروخ خۆشناو، سەرۆکی ئینستیتیوتی ئەمریکی – کوردی بوو کە پێیوایە ئامانجی ترمپ لە هەڕەشەکان ئەوەیە ئێران سازش بکات لە دانوستاندنەکان و دەڵێت: ئەمریکا ژمارەیەک هێڵی سوور لە دانوستاندنەکان بۆ ئێران دادەنێت، چونکە ئێران ژێرخانێکی بەهێزی سەربازیی و مووشەکی هەیە.
 
گوتیشی: یەکێک لە سیناریۆکان ئەوەیە ئێران دەستپێشخەریی بکات بۆ شەڕ دژی ئیسرائیل ئەگەر دڵنیابێتەوە ئیسرائیل هێرشی دەکاتەسەر ئەوا پێدەچێت دەستپێشخەریی بکات بۆ هێرش دژی ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
 
هاوکات مەیسەم مورادی، لێکۆڵینڤانی سیاسەتی نێودەوڵەتی دەڵێت: ئێستا ئەمریکا پلانی لەناوبردنی باڵی سەربازیی ئێرانی لە ناوچەکە جێبەجێ کردووە و چاوەڕوان دەکرێت گەمارۆ ئابوورییەکانی سەر ئێران چڕتر بکرێنەوە.
 
گوتیشی: ئێران ناتوانێت بگەڕێتەوە بۆ ئاستی 2015 لە پیتاندنی یۆرانیۆم و ئێستا توانیویەتی 60%ی پیتاندنی یۆرانیۆم بەدەستبهێنێت و لەژێر هیچ گوشارێک پاشەکشێ لە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ناکات.