محەممەد هەورامی: ئێران لە خراپترین دۆخی نێوخۆیدایە

13 January 2026
محەممەد هەورامی: ئێران لە خراپترین دۆخی نێوخۆیدایە
شارەزایەکی کاروباری ئێران دەڵێت: "دۆخی نێوخۆیی ئێران ئێستا لەوپەڕی خراپییە و داڕمانی بەهای دراو وای کردووە خەڵک ناڕەزایی دەرببڕێت، 'کوڕی شا' خۆی کردووە بە خاوەنی ناڕەزایەتییەکان دەنا رەزا پەهلەوی ئەو هێزەی نییە شەقام لە ئێران بجوڵێنێت."
 
محەممەد هەورامی، شارەزای کاروباری ئێران لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ناڕەزایی خەڵک لە ئێران بەهۆی سەختی گوزەران و داڕمانی بەهای دراوی ئێرانییە، نەوەک هاندانی رەزا پەهلەوی کوڕی شای پێشووی ئێران وەکو بانگەشەی بۆ دەکات."
 
گوتیشی: "ئێران ئێستا لە خراپترین دۆخی نێوخۆییە و خەڵک چیتر توانای ژیان و گوزەران و دابینکردنی بژێوی نەماوە بۆیە هاتوونەتە سەر شەقامەکان."
 
لەبارەی پاڵپشتییەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کە پەیامێکی ئاراستەی خۆپێشاندەرانی ئێران کرد و داوای لێکردن بەردەوام بن لە خۆپێشاندان و دەست بەسەر دامودەزگاکاندا بگرن، محەممەد هەورامی گوتی: "ئامانجی ترەمپ دروستکردنی گوشارە لەسەر کۆماری ئیسلامیی ئێران و راکێشانیان بۆ سەر مێزی دانوستاندن و سازش پێکردنیان، نەوەک بە جیدی پاڵپشتیی خۆپێشاندەران."