هاوڕێ تۆفیق: پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد زۆر گرنگە

15 January 2026
هاوڕێ تۆفیق: پۆستی سەرۆککۆمار بۆ کورد زۆر گرنگە
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت: "سەرۆککۆمار لە عێراق ژمارەیەک دەسەڵاتی هەستیاری هەیە و ئەو پۆستە وەکو گرەنتییەکی یاسایی و دەستووری وایە بۆ هەرێمی کوردستان."
 
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باس لە دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆمار دەکات و گوتی: "ئەو بۆچوونە دروست نییە کە سەرۆککۆمار دەسەڵاتێکی تەشریفاتی بێت، بە پێچەوانەوە ژمارەیەک دەسەڵاتی هەستیاری هەیە کە بەپێی دەستوور و یاسا لە عێراق بۆی دەستنیشانکراوە."
 
گوتیشی: "سەرۆککۆمار دەتوانێت داوای لێسەندنەوەی متمانە لە سەرۆکوەزیران بکات، هاوکات دەتوانێت باڵیۆزی نێردەی وڵاتان لە عێراق دەربکات کە تەنیا سەرۆککۆمار ئەو دەسەڵاتەی هەیە."
 
بە گوتەی هاوڕێ تۆفیق پۆستی سەرۆککۆمار کە پارێزەری دەستوورە پۆستێکی گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا ئێستا وەکو جۆرە نەریت و سازانێکی سیاسی یەکێکە لە سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق کە بۆ پێکهاتەی کورد دانراوە لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق، دەشڵێت "جۆرە گرەنتییەکی یاسایی و دەستوورییە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و گەلی کورد لە عێراقدا".