دۆخی خۆپێشاندانەکان و پەیامی ترەمپ بۆ بەرپرسانی ئێران
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران بەردەوامن، بەهۆی راگرتنی ئینتەرنێت و هێڵەکانی پەیوەندیکردنیش زانیاریی پشتڕاستکراوە بە ئاستەم دەگەنە دەرەوە، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو پێیوایە کە دۆخی ئێران کاریگەریی لەسەر سیستمی سیاسیی جیهان هەیە و مامۆستایەکی زانکۆش لە ئەمریکا بەدووری دەزانێت دەسەڵات لە ئێران بە هێرشی سەربازیی بڕوخێنرێت.
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: خۆپێشاندانەکانی ئێران ساڵ بە ساڵ فراوانتر بوون و لە 2016 تاوەکو 2025 خۆپێشاندانەکان لەو وڵاتە گەورەتر بوون، چونکە خەڵکی ئێران ترسیان لە خۆپێشاندان شکاوە.
گوتیشی: "ترەمپ چەندجارێک داوای لە ئێرانییەکان کردووە خۆپێشاندان بکەن و میدیای خۆرئاوا رەزا پەهلەوی وەکو سەرۆکی قۆناخی راگوزەری ئێران وێنا دەکەن لەکاتێکدا گەنجان لە ئێران زانیارییان لەبارەی ستەمی شا نییە."
هاوکات د. ناسر باباخانی، مامۆستای زانکۆ لە کالیفۆرنیا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "خۆپێشاندانەکانی ئێران بۆ نان و ئازادین و کوڕی شای پێشووی ئێران رۆڵێکی ئەوتۆی نییە."
گوتیشی: "ڤیدیۆی ساختەی خۆپیشاندانی ئێران بۆ پیاهەڵدان بە کوڕی شا بڵاودەکرێتەوە و سەرجەم پڕۆژەکانی پێشتری کوڕی شا لە ئێران شکستیان هێناوە."
تەیموور ئەلیاسی، نوێنەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کە لە جنێفەوە بەشداریی رووداوی ئەمڕۆی کردبوو لەبارەی داتا و زانیارییە تۆمارکراوەکانیان گوتی: "رێکاری تووند بۆ دامرکاندنەوەی خۆپێشاندن لە ئێران گیراونەتەبەر و بەپێی تۆمارەکان زیاتر لە 4000 کەس لە خۆپێشاندانەکانی ئێران کوژراون."
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو گوتی: ترەمپ دەیەوێت کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە سیستمی سیاسیی جیهان بکات و دۆخی ئێران کاریگەریی لەسەر جیهان هەیە.
بە گوتەی زریان رۆژهەڵاتی: پێناچێت وڵاتانی کەنداو رەزامەندی بدەن بە هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران و گوتیشی "لانیکەم 2615 کەس لە ئێران کوژراون."