مەلا عەلی کەڵەک گەڕایەوە هەرێمی کوردستان

مەلا عەلی کەڵەک گەڕایەوە هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە سەردانەکانی مەلا عەلی کەڵەک بۆ چەند وڵاتێکی عەرەبی و دەستگیرکردنی لە شاری مەدینە و هەروەها دەنگۆی بەجێهێشتنی هەرێمی کوردستان و کردنەوەی کۆمەڵگەیەکی پزیشکی لە شاری دوبەی و چۆنییەتی چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا، مەلا عەلی کەڵەک، پزیشکی ئایینی، میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو.

مەلا عەلی کەڵەک رایگەیاند، سەردانی وڵاتانی میسر، سعودیە و ئیماراتی کرد، دوای ماوەیەکی دیکەش سەردانی چەند وڵاتێکی ئەوروپی و ئەمریکی دەکات و پلانی هەیە بە یەکجاری هەرێمی کوردستان جێبێڵیت و کۆمەڵگەیەکی پزیشکی لە شاری دوبەی لە ئیمارات بکاتەوە، بەڵام ئێستا لە چاوەڕوانی رەزامەندی خێزانەکەیەتی.

مەلا عەلی کەڵەک گوتی" ئێستا نەخۆشخانەکەم داخستووە، خانوو، ئۆتۆمبێل و نەخۆشخانەکەی دەفرۆشێت، چونکە چەندین ساڵە رێگریم لێدەکرێت و ناتوانم پەیامەکەم بگەیێنم.

مەلا عەلی کەڵەک ئاشکرایکرد، لە ساڵی 2015 ماستەری تەواوکردووە و  ئێستا قوتابی دکتۆرایە لە بواری نەخۆشی دەروونی لە زانکۆیەکی ئەمریکی، بەڵام ناوی ئەو زانکۆیانەی ئاشکرا نەکرد لە بەکالۆریۆس و ماستەرەکەی لێ تەواوکردووە، هەروەها رەتیکردەوە ناوی ئەو زانکۆیە ئەمریکیەش ئاشکرابکات کە ئێستا دکتۆرایەکەی لێ دەخوێنیت.

مەلا عەلی کەڵەک گوتیشی" وەزیر هەبووە لە هەرێمی کوردستان شێرپەنجەی بووەو چاکمکردووەتەوە، ئەگەر رێگەم پێبدرێت تەنیا لە ماوەی 6 مانگدا 90%ی نەخۆشەکانی نەخۆشخانەی هیوا و نانەکەلی چارەسەر دەکەم و ئەگەر نەمتوانی لە سێدارەم بدەن.

لە کۆتاییدا مەلا عەلی کەڵەک گوتیشی" کاتێک چوومە میسر پەیامم بۆ سەرۆکی چین نارد و هەر من هۆکار بووم کە سەرۆکی چین بچێتە نێو مزگەوتەکان، هەروەها  بۆ چارەسەری یەکجاری ڤایرۆسی کۆرۆناش گوتی" چارەسەری ڤایرۆسەکەم دۆزیوەتەوەو داوا لە کۆنسوڵی چین لە هەرێمی کوردستان دەکەم لەگەڵم کۆببێتەوەو ئامادەم بەبێ بەرامبەر ڤایرۆسەکە لە ماوەی تەنیا دوو مانگدا بنەبڕ بکەم، لە رێگەی تێکەڵ کردنی بڕێک لە میزی حوشتر، هەروەها هەنگوین و رەشکە و پاسان رۆژانە چەند کاژێرێک گوێگرتن لە قورئانی پیرۆز.
رووداوی ئەمڕۆ، بەرنامەیەکی رۆژانەیە هەفتەی پێنج رۆژ پێشکەش دەکرێت لە کاژێر 21:00 بەکاتی هەولێر.
 
ئەم بەرنامەیە شرۆڤەی رووداوەکانی رۆژ دەکات و پێشبینییەکان شەنوکەو دەکات.
 
بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ هیوا جەمال پێشکەشی دەکات و سەنگەر ستار پرۆدیوسەری بەرنامەکەیە.