ئەمریکا داوا دەکات گرووپە چەکدارەکان بەشێک نەبن لە حکومەتی نوێی عێراق

19 December 2025
ئەمریکا داوا دەکات گرووپە چەکدارەکان بەشێک نەبن لە حکومەتی نوێی عێراق
 
 
 
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا هەڵوێستی واشنتنی سەبارەت بە پاشەڕۆژی گرووپە چەکدارەکان لە عێراقدا خستە ڕوو. ساڤایا ئاماژەی بەوە کرد، باس لە هەنگاوەکانی گرووپە چەکدارەکان بەرەو داماڵینی چەک دەکرێت، کە ئەمەش "پەرەسەندنێکی ئەرێنی و هاندەرە"، بەڵام جەختی کردەوە تەنیا لێدوانی نیازباشیی بەس نییە و دەبێت کردار هەبێت.
 
حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی نارامسین بۆ دیالۆگ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "گرووپە چەکدارەکان بەشێکی بنەڕەتین لە سیاسەتی عێراق و، ئەمریکا سووکایەتی بە سەروەری و سیاسەتی عێراق دەکات".
 
حەیدەر بەرزنجی گوتیشی: "ئەمریکا گوشارێکی ناڕەوا لە عێراق دەکات و گوشارەکانی پێچەوانەی دیموکراسییەتە، مەرج نییە هەر لایەنێک شیعە بێت سەر بە ئێران بێت".
 
بە گوتەی بەرزنجی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئەزموونێکی گەورە و گرنگی هەیە لە پاراستنی هاوسەنگی و دەشڵێت: "ئەمریکا ناتوانێت بێ پاساو سزای ئابووری عێراق بدات".
 
هاوکات هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ مەحموود خۆشناو، لێکۆڵینڤانی سیاسی گوتی: ئەمریکا نایەوێت گرووپە چەکدارەکان بەشێک بن لە حکومەتی عێراق و گومانی هەیە وڵاتانی دەرەکی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەکاربهێنن.
 
گوتیشی: ئەمریکا نایەوێت سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندی لەگەڵ ئێران نەبێت، بەتایبەت کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە سەردەمی سوودانی لە عێراق پارێزراو بوون و پێکهاتەی شیعەش دەسەڵاتی خۆی لە عێراق ناکاتە قووربانی گرووپێکی چەکدار.
 
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، شیروان شەمێرانی نووسەر کە لە ستۆدیۆکانی رووداو لە سلێمانی بەشداریی بەرنامەکە بوو گوتی: "ئەمریکا سەقفی گوشارەکانی لەبارەی گرووپە چەکدارەکان نزم کردووەتەوە و پێشتر داوای هەڵوەشاندنەوە و لەنێوبردنی دەکردن، بەڵام ئێستا داوا دەکات لە حکومەت بەشدار نەبن.
 
گوتیشی: ئەمریکا توانای دەرکردنی گرووپە چەکدارەکانی لە پەرلەمانی عێراق نییە و گرنگی بە بەرژەوەندییەکانی خۆی دەدات نەوەک دیموکراسی.