حاکم ئەحمەد: هەڵسەنگاندن بۆ دووکان و کۆگا بازرگانییەکانی چەمچەماڵ دەکرێتەوە
قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ دەستیپێکرد، زیانلێکەوتووانی ناوەندی چەمچەماڵ قەرەبووەکەیان وەرگرت، کە ژمارەیان 639 ماڵە و کۆی گشتی قەرەبووەکەیان 861 ملیۆن و 345 هەزار دینار بوو، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستانیش کە هاوکات سەرۆکی بۆردی چاودێریی کردنی دابەشکردنی قەرەبووەکانە دەڵێت: ژمارەیەک زیانلێکەوتوو قەرەبووەکەیان وەرنەگرتووە، چونکە رەخنەیان لە بڕی قەرەبووەکان هەبووە و سکاڵایان تۆمارکردووە.
حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: رۆژی (دووشەممە 22/12/2025) 603 کەسی زیانلێکەوتوو لە ناوەندی قەزای چەمچەماڵ چەکی قەرەبوویان وەرگرت، ژمارەیەک زیانلێکەوتووش ئامادە نەبوون بۆ وەرگرتنی قەرەبووەکانیان، چونکە پێیانوابوو بڕەکەی کەمە و سکاڵایان تۆمارکردووە و بۆردی چاودێریی دابەشکردنی قەرەبووەکانیش بڕیاریداوە دووبارە لیژنەی هەڵسەنگاندن سەردانی ئەو ماڵانە بکەنەوە کە تانەیان لە بڕی قەرەبووەکان داوە و هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکانیان بکرێتەوە.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد " سبەی قەرەبووی زیانلێکەوتووانی تەکیە دابەشدەکرێت" و گوتیشی: هەموو ئەو هاوکارییانەی بۆ زیانلێکەوتووانی لافاو کۆکراونەتەوە چاودێریی شێوازی دابەشکردنیان دەکرێت و دوای تەواوبوونی دابەشکردنی قەرەبووی زیانلێکەوتووانیش بڕیار لە شێوازی خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە دەدرێت کە زیادە.
"تاوەکو ئێستا بڕیار نەدراوە ئەو بڕە پارەیەی کە لە قەرەبووەکان دەمێنێتەوە کە چ بوارێکدا خەرج بکرێت، بەڵام لە کۆمیسیۆنەکە بڕیاردراوە پارەکە بۆ خزمەتی چەمچەماڵ تەرخان بکرێت و پێشنیازیشکراوە کاری لەپێشینە بۆ ئەو پرۆژانە بێت کە رێگریی لە دووبارەبوونەوەی لافاو لە قەزاکە دەکەن" حاکم ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو زیانە تۆمارکراوەکانی لافاو لە قەزای چەمچەماڵ و دەورووبەری و بڕی ئەو پارانەی وەکو هاوکاریی کۆکراونەتەوە بەجۆرێکن کە:
هاوکاریی دارایی کۆکراوە بۆ چەمچەماڵ بریتین لە (8,567,768,750) دیناری عێراقی و (3,225,300) دۆلاری ئەمریکی، هاوکات ئەو ماڵانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە و تۆمارکراون بەجۆرێک دابەشدەبن کە چەمچەماڵ 639 ماڵ، شۆڕش 455 ماڵ، تەکیە 210 ماڵ، ئاخجەلەر 8 ماڵ.
"هەڵسەنگاندنەوە بۆ زیانی دووکانەکان دەکرێت"
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕ، مەریوان کەریم ئاغا، کەسایەتیی کۆمەڵایەتی لە چەمچەماڵ و ئەندامی بۆردی چاودێریی دابەشکردنی هاوکارییەکان گوتی:
لەکۆی 639 ماڵی زیانلێکەوتووی چەمچەماڵ، تەنیا 4 کەسیان ناڕازین لە بڕی قەرەبووەکە و ژمارەی هەموو ئەو کەسانەشی کە سکاڵایان تۆمارکردووە و تێبینییان لەسەر بڕی قەرەبووەکان هەیە کەمترن لە 50 سکاڵا.
گوتیشی: هیچ ماڵێک لە 500 هەزار دینار کەمتر قەرەبوو وەرناگرێت و ئەو ماڵانەشی لەوبڕە کەمتریان بۆ خەرج کراوە، دواتر باقی پارەکەیان بۆ خەرج دەکرێت، چونکە لیژنەی دابەشکردنی قەرەبووەکان دوای دابەشکردنی قەرەبووەکانی زیانلێکەوتووانی ناوەندی قەزای چەمچەماڵ بڕیاریاندا هیچ ماڵێک لە 500 هەزار دینار کەمتر قەرەبوو وەرنەگرێت و هەر ماڵێک پێش ئەو بڕیارە قەرەبووی کەمتر لە 500 هەزار دیناریان وەرگرتبێت زیادەکەشیان بە چەکێکی دیکە بۆ خەرج دەکرێت.
"مەرج نییە تەنیا رەخنە و گلەیی هەبێت، لەکاتی دابەشکردنی قەرەبووەکە چەند کەسێک گوتیان ئەو زیانانەی بەریان کەوتووە بەهۆی لافاو کەمترە لەو بڕەی وەکو قەرەبوو بۆیان دەستنیشانکراوە و داوایان دەکرد زیادەکە بگەڕێننەوە" مەریوان کەریم ئاغا وای گوت.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشی باسی لەوەکرد کە سبەی سێشەممە 23/12/2025 قۆناخی قەرەبووکردنەوەی ماڵە زیانلێکەوتووەکان تەواو دەکرێت و دوای ئەوە قۆناخی قەرەبووکردنەوەی خاوەن ئۆتۆمبێلە زیانلێکەوتووەکان دەستپێدەکات.
"ئەگەرچی بڕیاربوو قەرەبووەکە بە 3 قۆناخ دابەش بکرێت، یەکەم ماڵە زیانلێکەوتووەکان و دووەم دووکان و کۆگە بازرگانییەکان و سێیەم خاوەن ئۆتۆمبێلەکان، بەڵام کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی و بوژانەوەی چەمچەماڵ بڕیاریدا کە قەرەبووکردنەوەی خاوەن دووکان و کۆگە بازرگانییە زیانلێکەوتووەکان بخرێتە قۆناخی سێیەم و جارێکی دیکە لیژنەکانی هەڵسەنگاندن پێداچوونەوە بۆ زیانەکانی دووکان و کۆگەکان بکەنەوە.