بەرپرسێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا: دەمانەوێت سیستمی پارالێل نەهێڵین و بە قەرز پارە بە خوێندکاران بدەین
رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی رایدەگەیێنێت، پارەی کرێی خوێندن بە سیستمی پارالێل قورساییەکە لەسەر خوێندکار و لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە وەزیری خوێندنی باڵا 45%ی کرێی خوێندنی بە سیستمی پارالێل کەمکردەوە.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ، کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، ئاماژەی بەوە کرد، "وەزارەتی خوێندنی باڵا دوو سەرچاوەی داهاتی هەیە، یەکەم بڕیاری 86ی ئەنجوومەنی وەزیرانە کە خۆی دەبینێتەوە لەو رسووماتانەی لە زانکۆ ئەهلییەکان و راییکردنی کاروباری خوێندکاران وەردەگیرێت، سەرچاوەی دووەم پارەی سیستمی پارالێلە."
بە گوتەی بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی خوێندنی باڵا، "بەو پارەیەی لە سیستمی پارالێل دەستمان دەکەوێت، بۆ راییکردنی کاروباری زانکۆکان خەرجی دەکەین."
هەروەک ئاماژە بەوەشدەکات وەزیری خوێندنی باڵا لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی پاراڵێڵدایە، بەڵام هیچ جێگەرەوەیەکمان بۆ سیستەمی پاراڵێڵ نییە.
د. توانا نەجەف ئەوەی خستەڕوو، "خوێندکار کاتێک دەیەوێت خۆی تۆماربکات بۆ خوێندن لە زانکۆ، بژاردەکانی لە بەردەمدایە و ئازادانە بڕیاردەدات بە چ جۆرە سیستمێکی خوێندن دەخوێنێت." گوتیشی، "لە کۆی 14 زانکۆی حکومی لە هەرێمی کوردستان، کە 142 کۆلێژ و پەیمانگە لەخۆدەگرن، لە هەموویاندا 553 بەش لە هەموو کۆلێژ و پەیمانگەکاندا دەتوانن خوێندکار وەربگرن، کە ئەمەش لەو ئاستەدا نییە ئێمە بتوانین هەموو خوێندکاران وەربگرین."
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا باسی لەوەش کرد، "توانای زانکۆ حکومییەکان بۆ وەرگرتنی خوێندکاران بەگوێرەی ستاندارد، ساڵانە 30 بۆ 35 هەزار خوێندکارە، بەڵام ئێستا نزیکەی 60 هەزار خوێندکار وەردەگیرێت."
لەبارەی نەهێشتنی سیستمی پارالێلەوە، د. توانا نەجەف گوتی، "توێژینەوەیەکمان کردووە بۆئەوەی سیستمی پارالێل نەهێڵین و دەمانەوێت حکومەت لەبری ئەوەی پارە بدات بە زانکۆکان، پارە بدات بە خوێندکار و بە ئارەزوومەندانە لە زانکۆکاندا بخوێنن."گوتیشی، بەگوێرەی توێژینەوەکەیان کە ساڵی 2019یان وەکو نموونە وەرگرتووە، خەرجیی خوێندکارێک لە زانکۆ حکومییەکاندا لە 450 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 17 ملیۆن دینار.
ئەو بەرپرسە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، بەگوێرەی پرۆژەکەیان، خوێندکار دوای تەواوکردنی پۆلی 12، بەگوێرەی ئەو رێکارانەی دیاریدەکرێت وەکو قەرز پارە بە خوێندکار بدات بۆئەوەی درێژە بە خوێندن بدات.
کۆی گشتیی خوێندکار لە هەموو زانکۆ حکومییەکاندا، 168 هەزار 877 خوێندکارە، لەو ژمارەیەش 31 هەزار و 808 لە خوێندنی ئێواران و 24 هەزار خوێندکاریش بە سیستمی پارالێل و 112 هەزار و 723 خوێندکار بە بێ بەرامبەر دەخوێنن.
سەبارەت بە داهاتی خوێندی پارالێل، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەڵێت، داهاتی ساڵانەی خوێندنی پارالێل نزیکەی 20 ملیار دینارە و نزیکەی 40%ی داهاتی وەزارەتی خوێندنی باڵایە. هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، 70%ی ئەو پارەیەی زانکۆکان لە خوێندنی پارالێل و ئێواران دەستیان دەکەویت، بۆ خەرجیی زانکۆکانە.
بهشی بكه لە