کۆچی دوایی نووسەرێک کاردانەوەی لە هەرێمی کوردستان لێدەکەوێتەوە
کۆچی دوایی نووسەر فارووق رەفیق کاردانەوەی جیاوازی لە هەرێمی کوردستان بەدوای خۆیدا هێناوە و سووکایەتی پێکردنی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناڕەزایی و نیگەرانی لێکەوتووەتەوە.
یاسین ئافتاو، مامۆستای زانکۆ لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ دەڵێت: سووکایەتی کردن بە مردوو ریشەیەکی هەیە و کەسانێکی باوڕدار و خاوەن ئاکاری بەرز نیگەرانن لە جنێودان بە فارووق رەفیق.
گوتیشی: تەکفیرکردن ریشەیەکی مێژوویی هەیە و بەرامبەر ئیمامەکانی ئیسلامیش کراوە و پێویستە کولتووری ئێمە گەورە بێت و خاوەن هزرەکان قبووڵ بکات.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ یاسین ئافتاو باسی لەوەشکرد تەکفیر هەمیشە پەیوەندیی بە دەسەڵات و سیاسەتەوە هەیە و تەکفیرکردن دۆڵێکی زۆر مەترسیدارە و کەس بە سەلامەت لێی دەرناچێت.
گوتیشی: فارووق رەفیق رەخنەی لە مێژووی ئیسلام هەبوو نەوەک لە ئاینی ئیسلام.
هاوکات عەبدولغەفار سابیر، مامۆستای ئاینی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: فەتوای کۆن و نوێ ئەوەیە کەس ناتوانێت بڕیار لەبارەی کەسێک بدات کە کۆچی دوایی کردووە.
گوتیشی: نابێت هیچ کەسێک دوای مردنی تەکفیر بکرێت و دانانی ئیمۆجی پێکەنین بۆ مردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نەشیاو و نابەجێیە.
بە گوتەی ئەو مامۆستا ئاینییە کەس مافی نییە بڕیار لەبارەی باوەڕی کەسێکی مردوو بدات و دەڵێت: پێویستە لێکۆڵینەوە بکرێت کە بۆچی سۆشیال میدیا لە کوردستان رووخێنەرە و شێوازی کۆمێنت نووسین لە کوردستان جۆرێکە لە نەخۆشی.
بهشی بكه لە