قۆناخێکی نوێ لە ناکۆکیی ئێران و ئەمریکا دەستپێدەکات

24 April 2026
قۆناخێکی نوێ لە ناکۆکیی ئێران و ئەمریکا دەستپێدەکات
کۆشکی سپی ئەمریکا بڵاویکردەوە کە ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەر وەکو شاندی ئەمریکا دەچنە پاکستان بۆ دانوستاندن لەگەڵ ئێران، میدیاکانی ئێرانیش بڵاویان کردەوە کە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە گەیشتە ئیسلام ئاباد و دوای پاکستانیش سەردانی عومان و رووسیا دەکات  و بڕیارە دانوستاندنەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان دەستپێبکەنەوە.
 
رابەر تەڵعەت، بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەی سبەی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "ئێستا سوپای پاسداران باڵادەستی بڕیاری سیاسیی ئێرانە و بەهۆی نەمانی رابەرەوە دەسەڵاتی ئێران ئێستا لە دەستی پاسدارە".
 
گوتیشی: "سوپای پاسداران دژی دانوستاندنە لەگەڵ ئەمریکا، بەڵام مەرج نییە شکستی دانوستاندن واتای دەستپێکردنەوەی شەڕ بێت، چونکە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکدایە نە شەڕ و نە ئاشتی و ستراتیژی ئەمریکا بە ئاراستەی قۆناخی نە شەڕ و نە ئاشتییە".
 
بە گوتەی رابەر تەڵعەت قۆناخی نە شەڕ و نە ئاشتی زیانە بۆ ئێران باسی لەوەشکرد، لەو قۆناخەدا کات لە بەرژەوەندیی ئەمریکا نییە و ئیسرائیل ستراتیژی لە ناوچەکە بە تەواوی گۆڕاوە، بەڵام ئەوەی روونە ئەمریکا و ئێران ناگەڕێنەوە قۆناخی پێش شەڕ.
 
هاوکات د. ناسر بابەخانی، لێکۆڵینڤان و مامۆستای زانکۆ کە لە ئەمریکاوە بەشداریی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی کردبوو ئاماژەی بەوەکرد، قالیباف دەیەوێت وای نیشانبدات ئێران کێشەی نێوخۆیی نییە و هەروەها لەلایەن ترەمپەوە رێزلێگیراوە.
 
لێکۆڵینڤانەکە لەبارەی زیانە داراییەکان بە ئەمریکا بەهۆی جەنگەکەوە گوتی، ترەمپ رۆژانە 450 ملیۆن دۆلار زیان بە ئەمریکا دەگەیەنێت و کات نە لە بەرژەوەندیی ئێرانە و نە لە بەرژەوەندیی ئەمریکا.
 
بە گوتەی باباخانی ئێران لە دۆخێکدایە بە هەموو بژاردەیەک رازی دەبێت و دەڵێت: تەنیا مانەوەی کۆماری ئیسلامی سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ ئێران و ئێستاش هیچ نیشانەیەکی گۆڕینی رژێم لە ئێران نییە.