زریان رۆژهەڵاتی: شەڕی ئێران بۆ ئەمریکا بووە بە شەڕی هەژموون

30 April 2026
زریان رۆژهەڵاتی: شەڕی ئێران بۆ ئەمریکا بووە بە شەڕی هەژموون
 
بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو دەڵێت: دۆخی ئێستای نێوان ئێران و ئەمریکا کە دۆخێکی نە شەڕ و نە ئاشتییە زۆر هەستیارە و کوردیش بەدەر نییە لە دەرهاویشتەکانی ئەو دۆخە هەستیارە.
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ باسی لەوەکرد کە ئێران و ئەمریکا ئامادەی پاشەکشێ نین و شەڕی ئێران بووە بە شەڕی هەژموون بۆ ئەمریکا لە ناوچەکە.
گوتیشی: پێناچێت ئێران دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵبگرێت و دوور نییە ئێران دەستپێشخەریی بکات بۆ هێرشی سەربازی.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیشی رۆژهەڵاتی گوتی: پەیوەندییەکەی پوتین و ترەمپ پێدەچێت هێمای شەڕێکی نوێ بێت بەتایبەت کە بە ئاشکرا دۆسیەی ئێران و دۆسیەی ئۆکراینا پێکەوە باس کراون و پەیوەندییەکە زیاتر وەکو جۆرە مامەڵەیەک وابووە.
لەبارەی کوردیش لەم دۆخەی ئێستای ناوچەکە زریان رۆژهەڵاتی دەڵێت: هەم هەرێمی کوردستان، هەمیش حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تاران لە ناوچەقی ستراتیژیی شەڕ و دوای شەڕی ئێراندان، شەڕ پەیوەندییەکانی "کورد-ئێران-بەغدا"ی بردووەتە قۆناخێکی ئاڵۆز و بەڵکو گوشارێکی بێوێنەشی لەسەر کورد دروست کردووە. لە راستیدا پرسی هێرشی وشکانی و ئەگەری رۆیشتنی هێزە کوردییەکان، هەر لە سەرەتاوە بۆ ئێرانییەکانیش، کارتێکی پرۆپاگەندەیی بەکەڵک بوو بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەگەرایی لایەنگرەکانیان، بەتایبەتی لەنێو فارس و ئازەرییەکاندا گەشە پێ بدەن و هەستێکی پان-شیعی لە عێراق و ناوچەکە ببزوێنن. رەنگە هۆکارێکی دیکەی بەردەوامیدان بە هێرشکردنە سەر حیزبەکانی رۆژهەڵات لە دوای ئاگربەست و دانوستاندنیش لەگەڵ ئەمریکا، هەر زیندووهێشتنەوەی ئەو هەستە بێت کە رەنگە تاران بۆ قۆناخی دوای شەڕیش پێویستی پێی بێت.
دەشڵێت: لە داهاتوودا، هەڵوێستی تاران لە نێوان دوو بژارەدا دەمێنێتەوە: یان کردنەوەی دەرگای سازانێکی سیاسی —ئەگەر مۆدێلی دانوستاندنی تورکیا و پەکەکە سەربگرێت یان گرتنەبەری رێکارێکی ئەمنی و سەربازیی تووندتر.