چۆن هەڵگرتنی چەک رێکدەخرێت؟

چۆن هەڵگرتنی چەک رێکدەخرێت؟
دەربارەی چۆنیەتی هەڵگرتنی چەک و جێبەجیکردنی بڕیاری قەدەخەکردنی چەکی بێ مۆڵەت، د. سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان میوانی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بوو.

د سامی جەلال رایگەیاند، حکومەت زۆر جدییە لە جێبەجیكردنی ئەو بڕیارە و هەڵگرتنی هەموو جۆرە چەکێکی قورس و سووک بەبێ مۆڵەت قەدەخەکراوەو هەر چەکێک لە ماوەی شەش مانگدا مۆڵەتی بۆ وەرنەگیرێت، ئەوا دەستیبەسەردادەگیرێت.

سەبارەت بەچۆنیەتی پێدانی مۆڵەت د. سامی روونیکردەوە، پارێزگارەکان تەنیا مافی پێدانی مۆڵەتی دەمانچەیان هەیە و ئەوانی دیکە تەنیا مافی وەزیری ناوخۆن و ئاشکراشیکرد تاوەکو ئێستا 14 هەزار مۆڵەتی چەکیان بە خەڵک داوەو هیچ تاوانێکیش بەو چەکە مۆڵەتدراوانە ئەنجام نەدراون.

د سامی جەلال ئاماژەی بەوەکرد، لە هەرێمی کوردستان پێویستە تەمەنی هەڵگری چەکی بە مۆڵەت لە 18 ساڵ کەمتر نەبێت، بەڵام لە بەغدا لە سەرووی 25 ساڵییەوەیە، بۆیە پێویستە هاوتاییەکدی بکەینەوە.

هەر لە بەرنامەکەدا کامێز شەدادی پەیامنێری رووداو لە رووسیا و مەجید گلی پەیامنێریی رووداو لە نیویۆرک بەشدارییان لە بەرنامەکە کرد و یاسای هەڵگرتنی چەک و جۆرو ئامارەکانیان لە ئەمریکا و رووسیا باسکرد.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ گوتیشی" نزیکەی شەش تۆن دەمانچەی تورکییان دەستبەسەرکردووەو لە چەند کاژێری داهاتوو بە ئامادەبوونی دەزگاکانی راگەیاندن هەموویان لەنێو دەبردرێن.

رووداوی ئەمڕۆ، بەرنامەیەکی رۆژانەیە هەفتەی پێنج رۆژ پێشکەش دەکرێت لە کاژێر 21:00 بەکاتی هەولێر.

ئەم بەرنامەیە شرۆڤەی رووداوەکانی رۆژ دەکات و پێشبینییەکان شەنوکەو دەکات..

بەرنامەکە تەرکیزی خستووەتە سەر ئەو کەسانەی بەرپرسیارن لەبەرامبەر هاونیشتمانیان..

تەنها گرنگی بە یەک لایەن نادات، بەڵکو گرنگترین و سەرنجراکێشترین رووداوی رۆژ دەکات بە مژاری ئەو رۆژەو لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار گەنگەشەی دەکات..

هەر رووداوێک جێگەی گوتوبێژ بێت و مقۆمقۆ دروست بکات، ئەوا (رووداوی ئەمڕۆ) گرنگی پێدەدات..

نەبەستراوەتەوە بە یەک پارچەی کوردستان، بەڵکو هەرچوار پارچەکە رووماڵ دەکات، هاوکات هەر رووداوێک بۆ بینەری کورد گرنگ بێت لە هەموو جیهان (رووداوی ئەمڕۆ)ش گرنگی پێدەدات..