زمانی سەربەرد

زمانی سەربەرد
لە ناوچەی چاوش تەپە، 10کم لە باکووری رۆژئاوای وان و لەسەر گردێکی شوێنەواریی، پیاوێکی تەمەن 82 ساڵ لە کوخێکدا دەژی. ژیانی ئەو بە تەواوی گرێدراوی ئەو پیشە دانسقە و دەگمەنەیە کە لە سەردەمی گەنجێتییەوە پێیەوە سەرقاڵە. هەڵکۆڵینی نووسینی بزماری لەسەر بەردەکان و قسەکردن لە بارەی  مێژووی شارستانییەتی ئارارات.
مەهمەت کۆشمان، هاووڵاتییەکی کوردی باکوری کوردستانە. ئەمڕۆ ئەو یەکێکە لەو 38 کەسەی لەسەر ئاستی جیهان شارەزاییان لە نووسین و خوێندنەوەی نووسینی بزماریی هەیە. هەر ئەوەش وایکردووە، کۆشمان بە تەواوی پەیوەیست بێت بەو گردە مێژووییەوە کە جگە لە خۆی، هیچ کەسێکی دیکەی تێدا ناژی. لە بەرزاییەکانی گردەکە کە زیاتر وەک قەڵایەک دەردەکەوێ، دەیان پارچە بەردی گەورە وەک پاشماوەی شارستانییەتی ئارارات بەجێماون، کە بە نووسینی بزماری، یاسا و رێساکانی ئەو شارستانییەتە بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگێڕنەوە. بەبێ کۆشمان، ئاستەمە کەس لەو یاسا و رێسایانە تێبگات.