داهاتی نێوخۆی سلێمانی

09 April 2022
داهاتی نێوخۆی سلێمانی

ئەرکان عەلی، پەیامنێری رووداو سپەیشڵ ریپۆرتێکی لەبارەی داهاتی نێوخۆی سلێمانی بە هەردوو مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ و پەروێزخان بۆ بووڵتەنی ئابووری کاژێر نۆی تەلەڤزیۆنی رووداو ئامادە کردووە کە محەممەد شێخ فاتیح پێشکێشی دەکات.
 
ئەرکان عەلی لەگەڵ دوو ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و پەرلەمانتارێک کە هەرسێکیان گۆڕانن سەردانی مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەکات بۆ ئەوەی لە شێوازی کۆکردنەوەی داهات و دەنگۆی قاچاخچێتی و هاتنی شتومەکی ماوەبەسەرچوو بکۆڵێتەوە.
 
لە ماوەی ئەو رۆژەی پەیامنێری رووداو دەچێتە دەروازە سنوورییەکە، بڕی یەک ملیار و 600 ملیۆن دینار داهات لە پەروێزخان کۆکرابووەوە، لەو پارەیە 250 ملیۆن دیناری بۆ کۆمپانیاکان و ئەوی دیکەی بۆ حکومەتە کە رەوانەی بانکی گەرمیان کراوە. 
 
مەرزی نێودەوڵەتیی پەروێزخان مانگێکە سیستمی کۆکردنەوەی داهاتی بەستراوەتەوە بە سیستەمی گومرگی هەولێرەوە، پێشتر بە زارەکی بە حکومەتیان دەگوت داهاتی مانگانەیان چەند بووە و چەندی بۆ خەرجییەکان رۆیشتووە.
 
ساڵی 2022 داهاتی پەروێزخان لە 20 ملیارەوە بۆ 26 ملیار دینار زیادی کردووە، هۆکارەکەشی زیادبوونی هەناردەی ئەو بەرهەمە نەوتییانەیە کە بە تانکەر دەبرێنە ئێران.
 
ساڵی 2021 قەبارەی بازرگانیی ئێران و هەرێمی کوردستان 14 ملیار دۆلار بووە و بەگوێرەی زانیارییەکان 50٪ کۆی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخانەوە بووە.
 
دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخ دووەم دەروازەی بازرگانیی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانە، بەپێی بەدواداچوونی رووداو داهاتەکەی لە نێوان سێ بۆ پێنج ملیار دینار زیادی کردووە.
 
بەپێی پلانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مانگانە پێویستە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەی فەرمانبەران کە لە داهاتی نەوت و 200 ملیار دینارەکەی بەغدا و هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ پاڵپشتیی هێزی پێشمەرگە پێکدێت. هەروەها 43٪ی داهاتی نێوخۆ لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و 57٪ی دیکەیشی لە داهاتی دهۆک و هەولێر پڕبکرێتەوە.
 
بانکی هەرێم لە سلێمانی دەڵێت ساڵی 2021 بڕی دوو ترلیۆن و 739 ملیار و 467 ملیۆن دینار لە داهاتی نێوخۆ بۆ مووچە دابین کراوە، لەو بڕە یەک ترلیۆن و 182 ملیار و 906 ملیۆن دینار لە داهاتی نێوخۆی سلێمانی دابینکراوە کە بەو شێوەیە بووە.
 
مانگی یەک: 374 ملیار دینار بۆ پڕکردنەوەی مووچە دابین کراوە و سلێمانی 161 ملیار دیناری لە داهاتی نێوخۆی دابینکردووە.
مانگی دوو: 374 ملیار دینار بۆ پڕکردنەوەی مووچە دابین کراوە کە 161 ملیاری لە داهاتی نێوخۆی سلێمانی بووە.
مانگی سێ: 310 ملیار و 300 ملیۆن دینار لە داهاتی نێوخۆ بۆ پڕکردنەوەی مووچە تەرخانکراوە کە سلێمانی 133 ملیار و 429 ملیۆن دیناری دابینکردووە.
مانگی چوار: 269 ملیار دینار بۆ پڕکردنەوەی مووچە دابینکراوە کە 116 ملیار دیناری لە داهاتی نێوخۆی سلێمانییەوە تەرخان کراوە. لەم مانگەدا لیواکانی نۆ و 12ش لە داهاتی ناوخۆ مووچەیان وەرگرتووە کە بڕەکەی 10 ملیار و 717 ملیۆن دینار بووە و پێنج ملیار و 158 ملیۆنی لە داهاتی نێوخۆی سلێمانییەوە دابینکراوە.
مانگی پێنج: 217 ملیار و 750 ملیۆن دینار بۆ پڕکردنەوەی مووچە تەرخانکراوە و لەو رێژەیە 94 ملیار و 500 ملیۆن دیناری لە داهاتی ناوخۆی سلێمانییەوە دابینکراوە.
مانگی شەش: 194 ملیار و 700 ملیۆن لە داهاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی مووچە تەرخان کراوە کە لەو بڕە 83 ملیار و 540 ملیۆنی لە داهاتی سلێمانییەوە دابینکراوە.
مانگی حەوت: 164 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی مووچە تەرخانکراوە کە لەو بڕە 70 ملیار و 520 ملیۆن دیناری لە داهاتی ناوخۆی سلێمانییەوە بووە.
مانگی هەشت: 164 ملیار دینار بۆ پڕکردنەوەی مووچە تەرخانکراوە کە 70 ملیار و 520 ملیۆنی لە داهاتی ناوخۆی سلێمانییەوە بووە.
مانگی نۆ: 164 ملیار بۆ پڕکردنەوەی مووچە تەرخانکراوە کە 70 ملیار و 520 ملیۆنی لە داهاتی ناوخۆی سلێمانییەوە بووە.
مانگی 10: 164 ملیار بۆ پڕکردنەوەی مووچە تەرخانکراوە کە 70 ملیار و 519 ملیۆن دیناری لە داهاتی ناوخۆی سلێمانییەوە دابینکراوە.
مانگی 11: 164 ملیار دینار بۆ پڕکردنەوەی مووچە تەرخان کراوە کە 70 ملیار و 520 ملیۆن دیناری لە داهاتی ناوخۆی سلێمانی دابینکراوە.
مانگی 12: 169 ملیار دینار لە داهاتی ناوخۆ بۆ پڕکردنەوەی مووچە تەرخانکراوە کە لەو بڕە 75 ملیار و 680 ملیۆن دیناری هی داهاتی ناوخۆی سلێمانی بووە.
 
چەند رۆژێک دوای ئەو ئامارەی بانکی هەرێم لە سلێمانی، وەزیری دارایی ئەو زانیارییانەی رەتکردەوە و رایگەیاند، بەڕێوەبەری بانکی هەرێم لە سلێمانی بە ئارەزووی خۆی دەستکاری داهات و پارە و تەنانەت پارەی دانراوی خەڵکیش دەکات.
 
ئاوات شێخ جەناب لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سلێمانی زۆر کەمتر لەو پارەیەی بۆ وەزارەتی دارایی ناردووە کە لە ئامارەکەی بانکی هەرێم لە سلێمانی بڵاوکراوەتەوە.
 
وەزارەتی دارایی ئامارێک بڵاو دەکاتەوە و تیایدا ئاماژە بەوە دەدات، مانگی حەوتی ساڵی 2021 سلێمانی 58 ملیار و 594 ملیۆن دیناری بۆ ناردوون و مانگی هەشت 64 ملیار و 474 ملیۆن دینار و مانگی نۆ 51 ملیار و 785 ملیۆن دینار و مانگی دە 52 ملیار و 860 ملیۆن دینار و مانگی یازدە 53 ملیار و 837 ملیۆن دینار و مانگی 12ش 56 ملیار و 837 ملیۆن دیناری بۆ رەوانە کردوون کە تێکڕا دەکاتە 335 ملیار و 378 ملیۆن دینار.
 
ساڵی 2022 لەگەڵ هەڵکشانی نرخی نەوت، داهاتی هەرێمی کوردستانیش زیادیکردووە، لە دوو مانگی سەرەتای ساڵ تەنیا داهاتی نەوت 100 ملیۆن دۆلار زیادبووە.
 
هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگانە پێویستی بە 912 ملیار دینار هەیە کە 488 ملیۆن دۆلاری لە داهاتی نەوت و 200 ملیار دیناری پارەی بەغدا و 17 ملیۆن دۆلاری پارەی پاڵپشتی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە دابین دەکرێت و 170 ملیار دینارەکەی دیکەی دەبێ لە داهاتی ناوخۆ پڕبکرێتەوە کە ئەو پارەیەش دەبێ 43٪ لە داهاتی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و 57٪ی لە داهاتی نێوخۆی پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک دابین بکرێت.
 
ساڵی 2021 بۆ دابینکردنی مووچە 512 ملیار دیناری داهاتی نەوت و 200 ملیار دینار پارەی بەغدا و 32 ملیار دینار هاوکاریی هاوپەیمانان و 139 دینار داهاتی ناوخۆ کۆکراوەتەوە کە دەکاتە زیاتر لە 886 ملیار.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، هەموو داهاتەکان لە ساڵی 2022 زیادیان کردووە کە هی دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ بەم شێوەیە بووە: 717 ملیار دینار داهاتی نەوت، 200 ملیار دینار پارەی بەغدا، 270 ملیار دینار داهاتی نێوخۆ و 32 ملیار دینار پارەی هاوپەیمانان کە تێکڕا دەکاتە، یەک ترلیۆن و 219 ملیار دینار. بەو پێیە داهاتی گشتی نزیکەی 300 ملیار دیناری زیاترە لەو پارەیەی بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان پێویستە.
 
هیچیەک لە بەرپرسانی پەیوەندیدار لە سنووری پارێزگای سلێمانی ئامادە نەبوون هیچ داتا و زانیارییەک بۆ رووداو بخەنەڕوو، بەڵام پەپێی سەرچاوە تایبەتەکانی رووداو، داهاتی سلێمانی بۆ 2022 بە رێژەی 40٪ زیاترە لەوەی ناردوویانە بۆ مووچەی فەرمانبەران.
 
داهاتی سلێمانی لە ساڵی 2021 بەو شێوەیە بووە:
 
دەروازەی نێودەوڵەتی پەروێزخان مانگانە 26 ملیار دینار داهاتی هەبووە
دەروازەی نێودەوڵەتی باشماخ مانگانە 21 ملیار دینار داهاتی هەبووە
داهاتی کارەبا مانگانە 19 ملیار دینار بووە
داهاتی مانگانەی باج 17 ملیار دینار بووە
داهاتی مانگانەی رسومات 14 ملیار دینار بووە
داهاتی مانگانەی هاتووچۆ 14 ملیار دینار بووە
داهاتی مانگانەی فڕۆکەخانە و وەزارەتەکانی دیکە هەشت ملیار دینار بووە
کۆی گشتی داهاتەکان دەکاتە 119 ملیار دینار لە مانگێکدا.
 
ماوەی پێنج ساڵە وەزارەتی دارایی سیستمێکی زیرەکی بۆ کۆکردنەوەی پارەی گومرگ داناوە بۆ ئەوەی پارە و زانیارییەکان بگەڕێنەوە لای حکومەت و بەڕێوەبەری سیستمەکەش بە رووداوی گوت، ساڵی 2016 گومرگی باشماخمان تەواو کرد و دواتر گومرگی حاجی ئۆمەرانمان خستە ناو سیستمەکەوە و دواتر پەروێزخان و ئێستاش ئیبراهیم خەلیل و هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی کە پێیان دەگوترێت شەش دەروازەی نێودەوڵەتی.
 
سەرباری بەسیستمکردنی دەروازەکان، بەگوێرەی لێدوان و بەدواداچوونی لیژنەکانی وەزارەتی دارایی و پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان، هێشتا لە هەر شەش دەروازە نێودەوڵەتییەکان هەریەکەیان بە جۆر و رێژەی جیاواز، قاچاخچێتی و ئاڵوگۆڕی دەرەوەی پێدانی گومرگانە و دیاردەی چاوپۆشیکردن هەن و دۆخێکی دژواریان بۆ سەرچاوەکانی داهاتی حکومەت دروستکردووە.