لێرە ئاو هەبوو

لێرە ئاو هەبوو
جەمال غەفوور زیاتر لە 45 ساڵە باخەوانە.. لە وەرزی پێگەیشتنی بەرهەمدا، ماندووبوونی ساڵەکەی لە بیر دەچوویەوە. بەڵام لەدوای لەدەستدانی ئاوی کانییەکەیەوە، هەموو ئەو شتانەی ئەم پیاوەی بەستبووەوە بە گوندەکەیەوە، هێز و سەنگ و کاریگەرییان لەدەستداوە. تەنانەت بێڵەکەی سەرشانیشی. 

خاتوونێک لە هەڵەبجە دەژی و رێکخراوێکی هەیە بۆ پاراستنی ژینگە.. بەپێی نوێترین رووپێوی کە بۆ کانی و کارێزەکانی ناوچەی هەورامان ئەنجامیانداوە، دەرکەوتووە وشکەساڵی بەشێوەیەکی کەموێنە دەستی لە سەرچاوە ئاوییەکانی ئەو ناوچەیە وەشاندووە.

ئەو شەپۆلی بێبارانییەی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، کاریگەرییە مەترسیدارەکانی لەسەر ناوچەی گەرمیان، دەرکەوتوون. ئەوەش وا لە بەشێک لە گوندنشینان دەکات بە هۆی لەدەستچوونی سەرچاوە ئاوییەکانیانەوە، بیر لە کۆچکردن بکەنەوە.

تەنیا لە ناوشاری سلێمانی 54 کارێز هەبوون، بەڵام بینا و باڵەخانە و پرۆژەکان زیاتر لە  45 کارێزیان ون کرد و یان چیمەنتۆرێژکراون، یان کوێرکراونەتەوە. بەڕێوەبەری ئاودێری سلێمانی بە وەکالەت ئەو کارێزانە بە لەدەستچوو ناودەبات.

پارێزگای دهۆک، شاری کانییە سازگارەکان.. دهۆک بە پێچەوانەی سلێمانییەوە کانییەکانی لە کارێزەکانی زۆرترن. ژمارەیەکی زۆری کانییەکان دەکەونە نێو شارەکەوە و، ئاوی بەشێک لە کانییەکان ساڵانێک ببوون بە سەرچاوەی گەشتیاریی و هەلی کار بۆ خەڵکەکەی، بەڵام ئێستا خەڵک ناچاربوون پشت بە ئاوی بیر ببەستن بۆ هێشتنەوەی پرۆژەکانیان.

لەم سپێشەڵ ریپۆرتەدا، چیرۆکی وشکبوونی کانی و کارێزەکانی کوردستان دەبینن. 

ئەم سپێشەڵ ریپۆرتە لە حوزەیرانی ساڵی 2022 تۆمارکراوە. 
پرۆدیوسەر: نەوزاد مەحموود
وێنەگرتن و مۆنتاژ: شکار کەمال