خاچی نێو گۆڕەبەکۆمەڵەکان

خاچی نێو گۆڕەبەکۆمەڵەکان
چیرۆکی نەگێڕدراوەی ئەنفالی کریستیانەکانی بادینان

لەنێو لاپەڕە خوێناوییەکانی مێژووی تاوانی ئەنفالدا، چیرۆکی زۆر هەن کە هێشتا وەک پێویست باسیان لێوە نەکراوە، یەکێک لەو چیرۆکانە، قوربانیدانی کریستیانەکانی دەڤەری بادینانە، کە لە بەڵگەفیلمی 'خاچی نێو گۆڕەبەکۆمەڵەکان'دا بە شێوەیەکی کاریگەر دێتە گێڕانەوە، ئەم راپۆرتە گێڕانەوەی ئەو بەسەرهاتە تراژیدیانەیە لە زاری کەسوکاری قوربانییەکانەوە، کە چۆن باوەڕ و ناسنامەیان بووە هۆی ئەوەی هاوشانی برا کوردە موسڵمان و ئێزیدییەکانیان، رووبەڕووی هەمان چارەنووسی رەشی ئەنفال ببنەوە.
چیرۆکەکە لە بەیانێکی زووی 31ی تەمموزی ساڵی 1983 دەستپێدەکات، پێش دەستپێکردنی شاڵاوە گەورەکەی ئەنفالی بادینان، سەبری عەودیشۆ، تاقانەی ئەنفال و خەڵکی گوندی بێدیالی ئاشوورینشین، ئەو رۆژە تاڵە وەبیر دێنێتەوە کە هێزەکانی رژێمی بەعس گەمارۆی کۆمەڵگەکەیان دەدەن.
"بەیانییەکی زوو بوو، هێشتا کەس لە خەو هەڵنەستابوو، کە باوکم دەرگای کردەوە، بینی هەموو کۆڵانەکان و دەوروبەری کۆمەڵگەکە بە تانک و سەرباز گیرابوو،" باوکی سەبری، وەک هەموو پیاوێکی دیکەی بارزانی، جامانە سوورەکەی لەسەر دەکات، سەربازەکان لێی دەپرسن "تۆ مەسیحیت، بۆچی ئەو جامانەت لەسەرە؟" ئەویش بە ئازایەتییەوە وەڵامیان دەداتەوە "تاوەکو لە ژیاندا بین، ئێمە لەگەڵ بارزانین و لەپێناو یەک دڵۆپ خوێندا جامانەکەم فڕێ نادەم"، ئەمە دواین وێنەی باوکی بوو کە لە بیری سەبریدا مایەوە.
ئەو جامانە سوورە کە هێمای شۆڕش و بەرخودانی بارزانییەکان بوو، بۆ کریستیانەکانیش ببووە ناسنامەیەک کە مەرگی لەگەڵ خۆی هەڵگرتبوو، رژێمی بەعس هەموو ئەوانەی بەو جامانەوە دەبینی، بەبێ جیاوازی ئایین، وەک دوژمنێکی هاوبەش سەیری دەکردن و رەوانەی گۆڕە نەناسراوەکانی دەکردن.
پێنج ساڵ دوای بێسەروشوێنکردنی هەشت هەزار بارزانی، کە دەیان کریستیانیشی تێدابوو، قۆناخی کۆتایی ئەنفال لە 25ی ئابی 1988 لە بادینان دەستیپێکرد، ئەم قۆناخە لەوانی دیکە جیاوازتر بوو، چونکە قوربانییەکانی لە هەموو پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناوچەکە بوون: کوردی موسڵمان، ئێزیدی، ئاشووری، کلدان و سریانی.
گوندی داوودیەی کریستیاننشین، یەکێک بوو لەو گوندانەی بەر شاڵاوەکە کەوت و هەشت کەسی بەساڵاچووی لێ ئەنفال کرا، قریاقۆس، کە لەو شاڵاوەدا دایک و باوکی لەدەستداوە، دەڵێت"گوندەکەمان بچووک بوو، بەڵام هەموومان، گەورە و بچووک، پشتگیریی پێشمەرگەمان دەکرد، کاتێک گەمارۆ دراین، پیرەکانمانیان جیاکردەوە و بردیان بۆ قەڵای نزارکێ".
یەکێک لە شایەتحاڵەکان، کە بەهۆی ناسیاوییەوە توانیبووی بچێتە ناو قەڵای نزارکێ، دیمەنێکی ترسناک دەگێڕێتەوە و دەڵێت "کاتێک چوومە ژوورەوە، دەیان کەسم بینی، لە بەرواری و لە ناوچەکانی دیکەوە هێنرابوون، لە تینوێتی و برسێتیدا گیانیان دەردەچوو، کەس نەیدەوێرا یارمەتییان بدات".
ئەنفالی بادینان زیاتر لە 360 گوندی گرتەوە، لەو ژمارەیە، 40 گوند بە تەواوی کریستیاننشین بوون و نزیکەی 15 گوندی دیکە تێکەڵەیەک بوون لە کریستیان، موسڵمان و ئێزیدی، بەپێی ئامارەکان، 151 هاونیشتمانیی کریستیان لەم شاڵاوەدا بێسەروشوێن کراون، گوندی کوسێ بە 33 قوربانی و گوندی باش بە 17 قوربانی، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.
یوخەننا، پیاوێکی رزگاربووی گوندی باشەیە کە بە تەنیا 14 ئەندامی خێزانەکەی لەدەستداوە، لەوانە برا، خوشک، کچ، کوڕ و ژنبرای خۆی، ئەو بە خەمێکی قووڵەوە دەڵێت"ئەنفال کارەساتێکی زۆر گەورە بوو، لە گوندی ئێمە 17 کەس بران، 14 یان لە خێزانی من بوون، گوندەکەمان تاوەکو ئێستاش چۆڵە و کەسی تێدا ناژی".
رۆژی 6ی ئەیلولی 1988، وەک رۆژی تەڵە گەورەکە لە مێژووی ئەنفالی بادیناندا ناسراوە، رژێمی بەعس لێبوردنێکی ساختەی راگەیاند بۆ فریودانی ئەو خەڵکەی کە بەرەو سنوورەکانی تورکیا و ئێران هەڵاتبوون، زۆرێک لە کریستیانەکان، بەهۆی خۆشباوەڕییەوە، گەڕانەوە و یەکسەر دەستگیرکران و چارەنووسیان لەگەڵ ئەوانی دیکەدا یەکی گرت.
جگە لە مرۆڤەکان، تاوانەکە رەهەندێکی دیکەشی هەبوو، سڕینەوەی شوێنەوار و مێژوو، لە گوندی بیبۆزی، رژێمی بەعس کۆنترین دێری ناوچەکەی کە مێژووەکەی بۆ زیاتر لە 1400 ساڵ دەگەڕایەوە، لەگەڵ زەویدا تەخت کرد، ئەمە نیشانەی ئەوە بوو کە ئامانجی ئەنفال تەنیا کوشتنی مرۆڤ نەبوو، بەڵکو سڕینەوەی تەواوی ناسنامەی کولتووری و ئایینیی ناوچەکە بوو،
دوای زیاتر لە سێ دەیە، هێشتا برینی ئەنفال بۆ کەسوکاری قوربانییە کریستیانەکان کراوەیە، ئەوان نازانن گۆڕی ئازیزانیان لە کوێیە و ئاخۆ هیچ رووفاتێکیان گەڕێندراوەتەوە یان نا، یەکێک لەوان دەڵێت "ئێمە نازانین گۆڕی باوک و براکانمان لە کوێیە، بەڵام کاتێک دێینە سەر ئەم گۆڕەبەکۆمەڵانە، هەموویان بە کەسوکاری خۆمان دەزانین، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئێمە و برا بارزانییەکانماندا نییە، چونکە خوێنمان تێکەڵ بووە و چارەنووسمان یەکە".
چیرۆکی ئەنفالی کریستیانەکان، چیرۆکی خاچێکە کە لەنێو گۆڕەبەکۆمەڵەکاندا لەگەڵ ناسنامەی کوردبووندا نێژراوە، بەسەرهاتی ئەو مرۆڤانەیە کە لەسەر باوەڕ و خۆشەویستیی نیشتمان، بوونە قوربانیی یەکێک لە دڕندانەترین تاوانەکانی مێژووی هاوچەرخ.

پرۆدیوسەر: نەوزاد مەحموود
وێنەگر و مۆنتاژ و دەرهێنان: ئاری ئەمین
بەرهەمی ساڵی 2025