سەردانەکەی ماکرۆن: هەوڵێک بۆ هەستاندنەوەی عێراق

02-09-2020
زوبێر رەسوڵ
A+ A-
 
لەو چەند مانگەی کە مستەفا کازمی سەرۆکایەتیی حکومەتی عێراقی گرتووەتە دەست، جۆرێک لە کۆدەنگیی نێودەوڵەتی لەسەر دروستبووە، بەتایبەت لەسەر ئاستی بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا و وڵاتانی عەرەبییش، کە لەوانەیە کازمی ئەو کەسە بێت کە بتوانێت عێراق بخاتەوە سەرپێ، لە هەمان کاتیشدا بتوانێت سنوورێک بۆ پەلهاویشتنەکانی ئێران دابنێت لە ناوچەکە.
 
سەردانەکەی ماکرۆن هەر دوو هەفتە پاش سەردانەکەی کازمی بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دێت، کە گرنگییەکی تایبەتی لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە پێدرا. مستەفا کازمی پێچەوانەی سەرۆکوەزیرەکانی دیکەی عێراق ماندووبونێکی وای بۆ دروستکردنی ئەو متمانە زۆرەی ئەمریکا و ئەوروپا نەکێشا، بەڵام پێدەچێت ئەو متمانەیە لە بنەڕەتدا بگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازییەی کە کازمی هەیەتی لەگەڵ سەرۆکوەزیرەکانی دیکەی پێش خۆی، ئەویش ئەوەیە کە کازمی سەر بە نوخبەی پارتە شیعییە کلاسیکییەکان نییە، وەکو پارتی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵا و سەرکردە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دیکەی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە ئاراستە دەکران، بۆیە دەتوانین بڵێین کازمی سەر بە نوخبەی سێکیولارە کە پێشتر ئاسان نەبوو لەناو ماڵی شیعەکان کەسێکی وا بگاتە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران. تاوەکو ئەو ئاستەی بەشێک لە سەرکردە شیعەکانی وەکو (عزەت شابەندەر) وای دەبینن کە عادل عەبدولمەهدی دوایین سەرۆکوەزیرانی شیعەیە لە عێراقدا.
 
سەردانەکەی سەرۆک ماکرۆن بۆ عێراق لە راستیدا دەچێتە خانەی ئەو هەڵمەتەی کە ئەمریکا و بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی و کەنداویش پێی هەڵساون، بۆ گەڕاندنەوەی عێراق بۆناو بازنەی نزیکایەتی لە وڵاتانی کەنداو و دۆستانی ئەمریکا. لەدوای 2011 فەرەنسا رۆڵێکی جەمسەریی بینیوە لە دەستخستنە ناو سیاسەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بەتایبەت لە لیبیا، سووریا، عیراق و لوبنان. لە شەڕی دژە تیرۆریش فەرەنسا لەپاڵ ئەمریکییەکاندا ئامادەییەکی بەهێزی لە ناوچەکەدا هەیە، ئەمەش دەکرێت بۆ ئەو کەلێنە بگەڕێتەوە کە سیاسەتەکانی ترەمپ لە ناوچەکەدا جێیهێشتووە. بەڵام دیوە بەهێزەکەی هاتنی ماکرۆن بۆ بەغدا لە بنەڕەتدا پاڵپشتیکردنە لە هەوڵەکانی کازمی، یان وەکو ماکرۆن دەڵێت: بۆ "پشتگیریکردنە لە سەروەریی عێراق" بە هاوبەشی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
 
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین سەردانەکەی ماکرۆن و پشتگیرییەکانی ئەمریکاش لە راستیدا بەشێکن لە سنووردارکردنی رۆڵی هێزە هەرێمییەکانی وەکو تورکیا و ئێران، نەک تەنیا لە عێراق، بەڵکو لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیادا؛ چونکە لەدوای ساڵی 2011 بەشێکی زۆری ئەو رژێمانەی کە لە ناوچەکەدا دووچاری رووخان بوون، دۆستی ئەمریکا بوون. ئەمەش وایکرد دەستی وڵاتانی وەکو تورکیا و ئێران لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی ئەو وڵاتانە درێژتر بێت، تاوەکو ئاستێک تورکیا و ئێران خەریکە دەبنە لەمپەری بەهێز لەبەردەم هێزە نێودەوڵەتییەکانی وەکو ئەمریکا و فەرەنسا و رووسیا و... هتد.
 
فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە هەر زوو دەرکی بە مەترسیی ئەو باڵادەستییەی ‌هێزە هەرێمییەکانی وەکو تورکیا و ئێران کردووە، بۆیە لەکاتی بڕیاردانی کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە باکووری سووریاش (رۆژاڤای کوردستان) سەرۆک ماکرۆن رۆڵێکی بەهێزی بینی لە پەشیمانکردنەوەی ترەمپ و جەختی لەوە کردەوە کە کشانەوەی ئەمریکا لە ناوچەکەدا خراپ لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەوروپا و ئەمریکا دەکەوێت. بۆیە نادڵنیایی سیاسەتەکانی ترەمپ لە گرنگیدان بە عێراق و سووریا و لیبیا، دەرفەتێکی باشی بۆ فەرەنسا رەخساندووە، کە ئەو کەلێنەی ئەمریکا لەو ناوچەیەدا پڕبکاتەوە.
 
نەهاتنی ماکرۆن بۆ هەولێر لەوانەیە پێشینەیەکی باش نەبێت بۆ پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان. هەرچەندە فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتە ئەوروپییانەی کە پێشینە و متمانەیەکی زۆری لای کورد بەگشتی و هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی هەیە.
 
فەرەنسا هەمیشە لەکاتی پێویستدا پاڵپشتیی لە هەرێمی کوردستان کردووە، نموونەی گەمارۆدانی عێراق و وڵاتانی هەرێمی لە دژی هەرێمی کوردستان لەکاتی ریفراندۆم باشترین نموونەیە بۆ پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان لەکاتی تەنگانەدا کە سەرمایەیەکی سیاسی و دیپلۆماسیی گەورەبوو. سەردانی ئەمجارەی ماکرۆن بە پێچەوانەی سەردانی زۆر لە سەرکردەکان کە تاوەکو ئێستا وەکو نەریتێكی لێهاتبوو کە سەردانی بەغدایان دەکرد، گەر بۆ چەند کاژێرێکی کەمیش بێت دەبوایە سەرێکیش لە هەولێر بدەن، بەڵام سەردانی ئەمجارەی ماکرۆن بە بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێم بۆ بەغدا رێوڕەسمێکی تاڕاددەیەک نامۆ بوو بۆ پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان، کە هیوادارم نەبێتە پێشینەیەک بۆ ئەتەکێتی دیپلۆماسیی وڵاتانی دیکەی جیهانیش بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەرچەندە لە پرۆتۆکۆڵی دیدارەکەی ماکرۆن ئەم پرسەیان بۆ کەمیی کاتی سەردانەکەی جەنابیان بۆ عێراق گەڕاندووەتەوە، کە تەنیا چوار کاژێر بووە، بەڵام هەندێکجار ئەو شتانەی بچووکن لە سیاسەت، لێکەوتەی گەورەیان لێدەکەوێتەوە. هەرچەندە سەرۆک ماکرۆن ئەوەندە دەهێنێت کە هەرێمی کوردستان بۆ دیداری بچێتە بەغدا، بەڵام هیوادارم ئەم هەنگاوە لەمەودوا وەکو پێشینە و ئەتەکێتێکی دیپلۆماسی لەسەر هەرێمی کوردستانی حساب نەکرێت.
 
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سەردانەکەی ماکرۆن هەوڵێکە بۆ زیاتر نزیککردنەوەی بەغدا و هەولێر لەیەکدی. ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم لە بەغدا ئەو پەیامەش بە کازمی دەگەیێنێت کە رێگەی هەستاندنەوەی بەغدا و پاڵپشتیکردنی نێودەوڵەتیی بۆ مستەفا کازمی بە مانای پەراوێزخستنی هەرێمی کوردستان نایەت. بە پێچەوانەوە کازمی دەتوانێت سوود لە پاڵپشتیی کورد لە پەرلەمان وەربگرێت، لە ئەگەری پشتکردنی شیعەکان لە هەوڵەکانی، کە ئەگەرێکی دوور نییە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاریان فەرەج

سەرۆك و هەڵبژاردن لە "زۆنی كوردستان"ـدا

لە راستیدا هەر چاودێرێكی سیاسی و بەر لە هەمووانیش یەك بە یەكی حیزبەكانی كوردستان شاهیدی ئەوەن و، هەمووشیان بەر لەوەی بەم دواییە تای بانگەشەی هەڵبژاردن هەندێكیان بگرێت، ئەو گەواهییەیان داوە كە هیچ كەس لەم كوردستانە هێندەی سەرۆكی هەرێمی کوردستان پەرۆشی ئەوە نەبوو هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بكرێ و سەركەوتووانە بەڕێوەبچێت