پێشبینییەکەم راست دەرچوو

03-05-2024
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
A+ A-
هێشتا مانگێک بەسەر گەشبینیی سەرکردەکانی ئەورووپا بۆ چارەسەرکردنی هەمیشەیی کێشەی کۆچبەریدا تێنەپەڕیوە. پارتە دەسەڵاتدارەکان خۆیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا ئامادە دەکەن و هەستدەکەن بەو رێککەوتنەی لەسەر کۆچبەری کردوویانە، زۆرترین دەنگدەر بەلای خۆیاندا رادەکێشن. کەچی لەوسەرەوە کونێکی دیکە کەوتووەتە سنوورە دەریاییە فراوانەکەی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ ئەفریقا و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. لەو کونەوە (کە قوبرسە) بە لێشاو کۆچبەری نایاسایی دێنە نێو یەکێتیی ئەورووپاوە. تۆ بڵێی ریسەکەی ئەورووپا ببێتەوە خوری؟
 
ئەم هەفتەیە یەکێتیی ئەوروپا بڕیاریدا یەک میلیارد یۆرۆوەک هاریکاریی دارایی بداتە لوبنان. لە رواڵەتدا وادەردەکەوێ کە پارەکە بۆ یارمەتیدانی ئەو وڵاتەیە کەساڵەهایە تووشی قەیران لەدوای قەیرانی ئابووری دەبێ ورۆژ بە رۆژیش دۆخەکەی خراپتر دەبێ. بەڵام بەکردەوەپارەکە بەرتیلە بۆ بەیرووت تاوەکو رێگە لە هاتنی کۆچبەریسووری بگرێ کە دەیانەوێ لەوێوە بە کەشتی خۆیانبگەیەننە قوبرس و نێو خاکی یەکێتیی ئەوروپا. 
 
سێ هەفتە لەمەوپێش سەرکردەکانی یەکێتیی ئەورووپا مژدەی دەنگدانی پەرلەمانی ئەورووپییان لەسەر سیاسەتی نوێی کۆچبەریی یەکێتیی ئەورووپا راگەیاند. رێککەوتنەکە وەک دەستکەوتێکی مێژوویی و چارەسەرێکی سیحری بۆ کێشەی کۆچبەران ناسێندرا. رۆژێک دوای دەنگدانەکە گۆشەیەکم نووسی (لینکی گۆشەکە) و ئەوەم بۆ روونکردنەوە کە ئەو چارەسەرەی باسدەکرێ مەرج نییە سەرکەوتوو بێ. هۆیەکەشی ئەوەیە کە ئەورووپییەکان لە جیاتی ئەوەی چارەسەری بنەڕەتی بکەن، بەدوای چارەسەری خێرا و ئاسانەوەن. ئەم رۆژانە و بەو دۆخەی لە قوبرس دروستبووە دەرکەوت پێشبینییەکەم راست بوو. 
 
پێش لوبنان یەکێتیی ئەورووپا هەمان ئەزموونی بەرتیلدانی لەگەڵ وڵاتی دیکەش (وەک تورکیا و تونس و لیبیا) تاقیکردووەتەوە و ئەنجامی نەبووە. ئەمجارەش ئەنجامی نابێ و ئەم رێگەیەش بگیرێ رێگەی نوێی کۆچبەریی نایاسایی دەدۆزرێنەوە و دەکرێنەوە. چونکە ئەوانەی وەک کۆچبەر دێن، رەنگە هەندێکیان هەبن تەنیا دوای شەپۆلەکە بکەون و نەزانن بۆچی کۆچ دەکەن، بەڵام زۆربەیان لەدەست جەنگ و نادڵنیایی و ترس لە هەڵاوسانی جەنگ و ماڵوێرانییە نوێکان هەڵدێن. زۆربەیان دەیانەوێ ئەوەی بەسەر خۆیان و باو و باپیرانیان هاتووە بەسەر منداڵەکانیان نەیەن. لەوەشدا هەقیانە و چارەسەر ئەوە نییە لەسەر سنوورەکانی یەکێتیی ئەورووپا بخرێنە کەمپی شێوە زیندانەوە و ئازار بدرێن و بەدیپۆرتکردنەوە هەڕەشەیان لێبکرێ. 
 
سێ هەفتە پێش ئێستاش نووسیم و ئێستاش دەیڵێمەوە کە ئەورووپییەکان پێویستیان بە کۆچبەرە بۆئەوەی ئابوورییەکەیان بە بەهێزی بمێنێتەوە. ئەڵمانیا ئەمە باشدەزانێ و بۆیەش ئاسانکاریی زۆرتر دەکات بۆ هاتنی دەستی کار 'نەک کۆچبەر' بۆ ئەو وڵاتە. توێژینەوەیەکی نوێ لە هۆڵەندا سەلماندوویەتی کە ئەگەر تەنانەت ئەوکۆچبەرانەی مافی مانەوەشیان نییە مافی کارکردنیان بدرێتێ 'بە میلیاران یۆرۆ داهات دەخەنە سەر ئابووریی هۆڵەندا'. 
 
بەکورتییەکەی تاوەکو ئەورووپا کۆچبەری وەکو دۆسێیەکی مەترسیدار و تۆقێنەر سەیر بکات و وەک دەرفەت بۆ بەهێزکردنی ئابووری نەیبینێ، ناتوانێ چارەسەری هەمیشەیی بۆ بدۆزێتەوە. ئەمەش پێش هەموو شتێک بەوەدەکرێ کە ئەو ترسەی پارتە راستئاژۆ تووندئاژۆکان لەنێو خەڵکدا لە کۆچبەران دروستیانکردووە بشکێندرێ. بۆئەمەش سەرکردەی بوێری وەک ئەنگێلا مێرکل پێویستن، کە راستییەکەی (ماکرۆنی لێدەرچێ) کەسی دیکە لەگۆڕەپانی ئەورووپیدا وەکو ئەو نابینم.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مەحموود بابان

گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستە نەوتی و گازییەکانی عێراق بە قازانجی زیاتر لە 30٪ بۆ کۆمپانیاکان کۆتاییهات

کۆمپانیای کار لە هەرێمی کوردستان وەک تاکە کۆمپانیای نێوخۆیی عێراق بە واژۆکردنی ئەو سێ گرێبەستەی لە گەڕی پێنج پڵەس و شەشەمی گرێبەستەکاندا کردی، توانای وەبەرهێنانی کەرتی تایبەتی هەرێمی کوردستانی لە کەرتی نەوت و بەتایبەتیش گاز دەرخست، چونکە دوو لەو کێڵگانەی وەریگرتوون تێکەڵە (نەوت و گاز) و کێڵگەیەکیشیان بەتەنیا گازە، ئەمەش دەرخەری ئەزموونی کۆمپانیای کارە لە بەرهەمهێنانی نەوت و بەفیڕۆنەدانی گازی هاوەڵ.