رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەڕێگای تەجنیدی ئیلزامی

05-01-2015
چنار سەعد عەبدوڵڵا
نیشانەکردن پێشمەرگە
A+ A-

سێ كابینەی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان بەڕێ كرد , كەچی وێڕای چەندین دانوستاند  و ڕێكەوتن  لەنێوان پارتە هاوبەشەكانی ناوەندی دەسەڵات , بەتایبەتی پارتی و یەكێتی كەچی بەهۆی كۆمەڵێك  هۆكاری كەسی , حزبی و بابەتی , پرۆسەی بە سیستم كردن و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەر نەچەسپا و كۆتایی پێ نەهات.  

ڕەنگبێت لەوچەندساڵەی ڕابردوو كە كیسەڵ ئاسا  كار لەسەر ئەو كەیسە كراوە , هیچ كاتێك بەقەد ئەمڕۆ هەست بە پێویستی و بایەخی هەبوونی هێزێكی پێشمەرگەی  بەتوانا و یەكگرتوو نەكرابێت . ئاخر بە خەیاڵی زۆرمان دا نەدەهات , كە  لەپڕ هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی  شەڕێكی نەگریس و ماڵوێران كار ببێتەوە ,و سنوورێكی پان وپۆڕی لەگەڵ دوژمنێكی دڕندە و سەرسەختی وەك تیرۆریستانی داعش بۆ دروست بێت . ڕووداوەكانی حەوت مانگی ڕابردووی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش كە هاوكات بوو لەگەڵ قەیرانی دارایی و بڕینی میزانیە و قووتی خەڵك لەلایەن بەغدا و هاتنی لێشاوی ئاوارە , و لێقەوماوانی كوردانی ڕۆژئاوا و ئێزیدی و كرستیان و كاكەیی و عەرەبەكانی سووننە  , بۆ شار و شارۆچكەكانی كوردستان , وێڕای ئەوەی كە هەرێمی كوردستانی تووشی دۆخێكی زۆر سەخت و بارگران كرد , لەناوەڕۆك دا چەند پەیامێكی پێ ڕاگەیاندین وچەند  پرسی  گرنگیشی  بەبیرهێناینەوە , كە ڕەنگبێت بەر لەو  كاتە لە ئەولەویاتی كارنامەی حكومەت و دەسەڵاتی ئەو هەرێمە دا نەبووبێت .
 
پرسی یەكخستنەوە و  پێكهێنانی  هێزێكی پێشمەرگەی نیشتیمانی پڕچەك و مودەرەب , یەكێكە لەو پێویستییە هەنووكەییانەی كە واقیعی ئێستای كوردستان فەرزی دەكات. هەموو كەسێكی هوشیار و بە ویژدان  لەم هەرێمە  ئەمڕۆكە  درك بەو ڕاستییە دەكات , كە ئەگەر  شەونخوونی و گیانفیدایی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان نەبێ  لەسەنگەرەكانی ڕووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان , هاوڵاتیان ناتوانن بەئاسوودەیی لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان بەردەوامی بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن , ئەمە و  وێڕای  ئەو پێگە بەهێز و  فەخرو شانازیەی كە كوردستان لە سایەی ئازایەتی و قوربانیەكانی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە داعش , لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدەستی هێناوە .

هەموو ئەو ڕووداوانەی چەند مانگی ڕابردووی كوردستان و ناوچەكە  تاكیدی ئەو ڕاستییە دەكەنەوە كە بۆ پاراستنی  خاك و گەل و نیشتیمان و ئەزموونی  هەرێم لە هەڕەشەكانی ئەمڕۆ و بەیانی , پێویستە بە دوور لە حەساسیەتی حزبی ئەم پرسە ببێتە كارنامەی گشت لایەنە سیاسییەكانی كوردستان , چ ئەوانەی لە حكومەت دان و چ ئەوانەش لەدەرەوەی حكومەتن . لایەنە سیاسییەكان لەبری ڕێگری دروستكردن لەبەردەم ئەو پرسە هەستیار و نیشتیمانیە , ئەركی سەرشانیانە  پشتیوانی  لەو فەرمانە حەوت خاڵیەی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن  كە  سەبارەت بە پرسی یەكخستنەوە  و ڕێكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەری كردووە .

بە بۆچوونی من باشترین میكانیزم بۆ سەرخستنی ئەو هەنگاوە , پەیڕەو كردنە لە سستمی (تجنیدی ئیلزامی ) كە پێویستە پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان  لە ڕووی یاسایی و ئیداری و داراییەوە زەمینەسازی بە پەلەی بۆ بكەن.  
- تەجنیدی ئیلزامی كەی؟  بۆچی؟

 تجنیدی ئیجباری یاخود ئیلزامی ,كە هەندێكجا بە خزمەتی نیشتیمانی (الخدمە الوطنیە)یش ناو دەبرێت , مێژووەكەی  بۆ (2000 ) ساڵ   بەر لە ئێستا  و سەردەمی یۆنان و رۆمانەكانی كۆن دەگەڕێتەوە . یەكەم وڵات كە بەشێوەیەكی فەرمی و بەرفراوان ئەو میكانیزمەی بۆ دروستكردنی سوپا گرتە بەر, سویسرا بوو لە سەدەی شازدەهەم , پاشان وڵاتی سوید لەسەدەی حەڤدەهەم , ئینجا فەرەنسا لە سەدەی هەژدەهەم و ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەیەم . لە ماوەی جەنگەكانی یەكەم ودووەمی جیهانیش دا زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە دەرگیری شەڕ بوون , پەنایان بۆ تەجنیدی الزامی برد . لە ئەمڕۆشدا گەلێك وڵاتانی جیهان , تەنانەت ئەوانەی لەشەڕیشدا نین بۆ دەستەبەركردنی سوپایەكی بەهێز و كارامە پەیڕەوی لە هەمان میكانیزم دەكەن. نموونەی(فەرەنسا , نەمسا, سووید ,توركیا ...هتد).

لە ئەمڕۆدا كە هەرێمی كوردستان دەرگیری شەڕێكی داسەپاوی ماڵوێران كار بووە , و بۆ پارێزگاری كردن لەو ئەزموونە بەدەست هاتووە , و مسۆگەر كردنی ئارامی و جێگیری خۆی , زیاتر لە هەر ساتێكی تر پێویستی بە هەبوونی سوپایەكی نیشتیمانی بەهێز هەیە , كە هێنانەكایەی سستمی تەجنیدی ئیلزامی  لەوبارەیەوە هاریكار دەبێت. 

سوودەكانی هێنانەكایەی تەجنیدی ئیلزامی بۆ كوردستان:

1- سستمی بەرگری و پێكهێنانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ئەمڕۆدا تاڕادەیەكی زۆر درێژكراوەی ئەو سستمەیە كە لەقۆناغی خەباتی شۆڕشگێری  دا پارتە سیاسییەكانی كوردستان پەیڕەویان لێ كردووە.

هەروەها بەهۆی ئەوەی كە هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش مەحكوم بووە بەو  بارودۆخە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی كە كوردستان پاش ڕاپەڕین بەناوی دا گوزەری كردووە , بۆیە لە قۆناغی شەڕی ناوەخۆ و دوو ئیدارەیی دا وەك هەر بوارێكی تر بەسەر دوو زۆندا دابەش بووە . لە هەندێك حالەتدا دابەشكاریەكان سنووری دووحزبی و دوو ئیدارەیشی تێپەڕ كردووە , و دابەش بووە بەسەر گرووب و كەسە دەسەڵاتدارەكانی ناو حزبەكان , بۆیە ڕەنگە زۆر ئاسان نەبێت بەشێك لەو هێزانە كە ئینتیما و وەلائاتی جیاوازیان هەیە , لە چوارچێوەی هێزێكی سەربازی ڕێكخراوی نیشتیمانی چوارچێوە بدرێت. بەڵام خۆ دەكرێت لەمەولا حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە لەبری میكانزمی پێشوو , میكانیزمێكی تر بگرێتە بەر بۆ دروستكردنی هێزێكی نیشتیمانی یەكگرتوو لە گەنجە تازە پێگەیشتووەكانی كوردستان , كە تەجنیدی ئیلزامی باشترین میكانزمی ئەزموونكراوە لە جیهان دا .

2-   سستمی تەجنیدی ئیلزامی تازەگەری و گوڕوتینێكی تر بەهێزی بەرگری كوردستان دەبەخشێت . چونكە بەپێی ئەو سستەمە  وەزارەتی پەیوەندار ماوە ماوە بانگهێشتی  لەدایكبووانی گەنج تر دەكات بۆ خزمەتی نیشتیمانی ,  هەروەها بەپێی ئەو میكانزمە  پێوەری بوون بە سەرباز یا پێشمەرگە تەنها تەمەن و ساڵی لەدایكبوونە  , هەر بۆیە ئەو هێزەی كە دروست دەبێ , هێزێكی تەواو نیشتیمانی و فرە پێكهاتەیە لەڕووی (ڕەنگی حزبی , ئاینی, پێكهاتەی نەتەوەیی ,مەزهەبی و جوگرافی)یەوە .
كە بەشێك لەو گلەییانەی ئەمڕۆ لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێ لەو ڕووەوەیە.

3- یەكێك لەو گرفتە گەورانەی كە ئەمڕۆكە حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی دەبێتەوە , چۆنیەتی بەكارخستنی ئەو لێشاوە زۆرەی گەنجانە كە ساڵانە لە زانكۆ و پەیمانگا و قوتابخانە پیشەییكانی كوردستان دەردەچن. نە دامەزراوەكانی حكومەت توانای دامەزراندن و لەخۆ گرتنی ئەو جەیشە لە گەنجی دەرچووی هەیە , و نە بازاڕ و دۆخی ئابووری ئەمڕۆی كوردستانیش دەتوانێت زۆربەیان بەكاربخات .

كەواتە زۆرینەیان بە بەتاڵی دەمێننەوە و زۆرجار بۆ خۆیان و خێزان و كۆمەڵگا بەگشتی دەبنە مایەی كێشە . هەر بەنموونە دوا ئامارەكانی وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا پێمان دەڵێن كە تەنها لە ساڵی (2014) دا  30668  (سی هەزاروشەش سەدو شێست و هەشت) قوتابی و خوێندكار لە زانكۆ و پەیمانگا و قوتابخانە پیشەییەكانی كوردستان دەرچوونە , لەبەرامبەردا حكومەتی هەرێم توانای بەكارخستنی تەنها چەند هەزار كەسێكی دەبێت لەو ڕێژەیە , باقیەكەی تری كە هێزێكی زۆر و پڕ ئەنێرژیە  بە سەرگەردانی دەمێنێتەوە  , كە دەكرێ ساڵانە ڕێژەیەكی بەرچاویان بخرێنە ناو  سستمی بەرگری كوردستان و لەوێدا سوود لە تواناكانیان وەربگیردرێت . ماوەی كار كردن لە خزمەتی ئیلزامی بۆ گەنجەكانمان قۆناغێكی گرنگە لە پەروەردەكردن و پێگەیاندنی كەسایەتیان , هەم لەڕووی بەهێزكردنی ڕۆحی نیشتیمانپەروەری و هەست كردن بە بەرپرسیاریەتی , و  كاركردن بە دیسپلین لە ژیانی تایبەتی و گشتی لاوانی ئەم وڵاتە , كە زۆر جار دامەزراوەكانی تری پەروەردەیی و فێركردن لە كوردستان لەو ڕووەوە زۆر سەركەوتوو نەبوونە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە