ئۆپێک پڵەس و هۆکارەکانی پشت ناسەقامگیریی نرخی نەوت

05-06-2023
بەهرۆز جەعفەر
A+ A-
 
دوای ئەوەی ساڵی (2016) ئۆپێک پڵەس پێکهات، ئەوە یەکەم جار نییە لەپێناو بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا ئەم گرووپە بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان یان ئاستی خستنەڕووی نەوت دەدەن بۆ بازاڕەکانی جیهان. رۆژی یەکشەممە(4ـی حوزەیرانی 2023)، کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەننا بەڕێوەچوو؛ بڕیاریاندا بۆ ساڵی 2024 بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 40.46 ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە. ئۆپێک پڵەس رۆژانە بڕی یەک ملیۆن و 400 هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکەنەوە. ئەمەش لەپێناو سەقامگیریی بازاڕ و هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوو، هەروەها بەهۆی بەردەوامیی دابەزینی نرخی نەوت. ئایا ئۆپێک پڵەس سەرکەوتوو دەبێت لە رێگریکردن لە دابەزینی نرخی نەوت؟ ئەم بڕیارە بۆ عێراق چی دەگەیێنێت؟
 
چەند خاڵێکی سەلمێنراو هەیە بۆ زانینی پێشوەختە گرنگە:
 
یەکەم: سەرەڕای ئەوەی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و هەوڵەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاک گەیشتوونەتە ئەوپەڕی، بەڵام پێداویستیی جیهان بۆ بەکارهێنانی نەوت و گازی سرووشتی تا دێت زیاد و زیادتر دەکات. بە دیاریکراوی لە ساڵی (2000) دا رۆژانە جیهان بۆ پێداویستییەکانی خۆی 75 ملیۆن و 800 هەزار بەرمیلی لە رۆژێکدا بەکاربردووە. لە دوایین رۆژەکانی 2019دا واتە پێش گەیشتنی کۆرۆنا رۆژانە جیهان 94 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەکاربردووە. ئەمڕۆکەی (2023) ش هەموو رۆژێک جیهان 101 ملیۆن و 89 هەزار بەرمیل نەوت بەکاردەبات.
 
دووەم: هایدرۆکاربۆن بەگشتی و نەوت بەتایبەت زەمینەیەکی هاوبەشن لەنێوان گەلانی جیهاندا؛ واتە سیاسەتی نەوت و گاز تەنیا پەیوەندی بە وڵاتی بەرهەمهێنەر یان خانەخوێوە نییە، بەڵکو لەهەر حاڵەتێكدا ئەوانی دیکە ماف بەخۆیان دەدەن دەستوەردان یان کۆمێنتیان هەبێت سەبارەت بە پرۆسە نەوتییەکانی هەر جێگەیەک.
 
سێیەم: ئۆپێک 13 وەک وڵاتەکان، پاشان ئۆپێک پڵەس کە لە 13 وڵاتەکە و 10 وڵاتی دیکەی بەرهەمهێنەری دیکە پێک دێت لە دەرەوەی ئۆپێک، بە هەموویان 41 بۆ 44 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا بەرهەم دەهێنن. واتە؛ کاریگەریی ئۆپێک پڵەس بەسەر ئابووریی وزەی جیهانییەوە، بەسەر دیاریکردنی نرخی نەوتەوە بەڕادەی 41 بۆ 44٪ـە. واتە؛ ئۆپێک پڵەس بەتەنیا تاکە فاکتەر نییە کە کاریگەریی دەخاتە سەر نزمی و بەرزی نرخی نەوت.
 
چوارەم: نرخی وزە، بەتایبەتی بازاڕی نەوت یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە بازاڕێکی سەقامگیر نییە؟ لای خوارەوە روونتر دەبێتەوە؛ لێرەدا، ئێـمە نۆ هۆکاری هەمیشەیی دەستنیشان دەکەین بۆ نزمبوونەوەی نرخی نەوت کە بێگومان هەر ئەو فاکتەرانەشن دەبنە هۆی بەرزبونەوەی: 
 
- کەمبوونەوەی دەسەڵاتی ئۆپێک لە بازاڕی وزەی جیهانیدا بۆ نرخ دانان. بە نزیکەیی 41٪ـی بەرهەم بریتییە لەو نەوتەی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس هەیانە. 60٪ـی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوانەی دیکە بەرهەمهێنەرن و لە دەرەوەی ئۆپێکن یان سووپەر پاوەرن، وەکو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
 
- بوونی زستانێکی مامناوەند لە بەشە باکوورییەکەی گۆی زەوی، وادەکات خواست لەسەر نەوت کەمتر بێت.
- جیا لە بڕیارەکانی لەنێو ئۆپێک دا دەدرێن، بڕیاردانی عێراق یان سعودیە وەک وڵاتێکی سەرەکی ئۆپێک بۆ زیادکردنی بەرهەم (خستنەڕوو)ـی نەوت. بۆ نموونە ساڵی 2016 عێراق بڕیاریدا لە 3.3 ملیۆن و 300 هەزارەوە ئاستی بەرهەم بۆ 4.3 ملیۆنی رۆژانە بەرزبکاتەوە!. ئەگەرچی عێراق نەیتوانی و نەگەشتە ئەوەی بۆخۆی دەیویست، بەڵام کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەبوو.
 
- بوونی سات و سەوداگەرێکی زۆر کە وەک برۆکەر (جامباز- دەڵاڵ) وان. ئەم خاڵە زۆر گرنگە و کەمیش باس دەکرێت. ئەمانە بڕێکی زۆر نەوت دەکڕن جاری وا هەیە بە کەشتییەوە (زیاتر لە هۆڵەندا دەکرێت یان لە فوجەیرەی ئیمارات) یان بەگشتی بەندەرەکانن یاخود لە بازاڕە داراییەکان و بەشێوەی ئۆنلاین، لەپڕ دەبینی نەوت کەم دەبێتەوە، یان لە پڕ بڕێکی زۆر دەخەنەڕوو بۆ لێدان لە بەهای دراوی وڵاتێک کە خۆیان مەبەستیان بێت. یان بە دەستی دوو نەوتی ناوچەیەکی قەدەخەکراو یان سزادراو دەکڕن بۆ ساخکردنەوەی.
 
- دیاردە ناوچەییەکان، بۆ نموونە بۆکۆ هەرام لە نەیجیریا گرفت دروست دەکات، داعش لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، یاخود گەڕانەوەی وڵاتێكی وەکو ئێران بۆ بەرهەمهێنانی نەوت، هەرکاتێک سزاکان لەسەر ئێران زیاد بکات کاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەیە، بۆ نموونە رەنگە وابکات لە ئاوەکانی کەنداو یان حەوزەی قەزوینەوە نەوت درەنگتر بگاتە بازاڕەکانی جیهان بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە. بۆیە کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخ دەبێت. هەرکاتیش ئێران دەست بکاتەوە بە بەرهەمهێنان کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخ هەیە.
 
- ترس لە (چین)؛ چین گەورەترین وڵاتی بەکاربەری نەوتە، ئەمریکاش گەورەترین بەکاربەرە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەمریکا گەورەترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیشی هەیە. بەپێی CEIC Data چین لە ساڵی (2010) دا رۆژانە نۆ ملیۆن و 307 هەزار بەرمیلی بەکارهێناوە، بەڵام لە 2023 دا بەکارهێنان و پێداویستیی رۆژانە بەرزبووەتەوە بۆ 15 ملیۆن 442 ملیۆن.
 
- کارەساتە سرووشتییەکان، بوومەلەرزە و سوونامییەکان، لافاو، سەرماوگەرما، نەخۆشی و پەتا و تاعوون. 
 
- دۆزینەوە و بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین (زەیتی سەخەری) گوایە وەک جێگرەوەیەک بۆ نەوتی خاو لە چەندین وڵات وەکو ئەمریکا و کەنەدا و ئازەربایجان و ئەردەن و بەرازیل تادوایی کاریان لەسەر کردووە و زۆریش سەرکەوتوو نەبووە، چونکە تا پلەی 400 بەردەکە گەرم دەکەن و بۆ ژینگە خراپە و تێچوی زۆرە.
 
- هۆیەکی دیکەی باسنەکراوی ناجێگیریی نرخی نەوت، خەزانەکانی نەوتن، بەتایبەتی لە ئەمریکا و یابان و چین گەورەترین ئەنبارەکان هەن، خەزن و ئەمباری دەکەن. گەورەترین گرفتی ئەم خەزانانە (کە ئەمریکا لەژێر زەوی و سەرزەویدا هەیەتی) ئەوەیە ناشەفافە. هەندێک سەرچاوە بە 14 چواردە ملیار بەرمیلی خەزنکراو دەیخەمڵێنن، وڵاتان بە شەفافی و دیاریکراوی باسی رێژەی خەزنکراویان ناکەن! هەندێ جار جەمسەرەکان یان هێزە هەرێمییەکان ئەمە بۆ دەست و نینۆککردنی یەکدی بەکاردەهێنن ئەگەر بیانەوێ گەڕ بە یەکدیدا بکەن، سەرەتا لە رێگەی گرووپە چەکدار و میلیشیاکانەوە پشێوی لەناوچەیەکدا دروست دەکەن کە زانییان ئەمە تاڕادەیەک ئامانجی پێکاوە ئینجا بڕێکی نەوتی زۆر دەخەنە بازاڕەوە بۆئەوەی نرخ داتەپێت، یان زۆرتر خەزن دەکەن بۆ ئەوەی نرخ بەرز بێت. ئێستا کە ئۆپێک پڵەس بڕیاریداوە نەوت کەمتر بخاتە بازاڕەوە، نرخی نەوت و سووتەمەنی بەگشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرزتر دەبێتەوە. ئەمەش زیانە بۆ ئیدارەکەی بایدن، کاتێکیش ئەمریکا نەتوانێت میکانیزمێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی نرخی نەوت بدۆزێتەوە، ناچار دەبێت دەست بۆ نەوتە خەزنکراوەکانی ببات، ئیدی نەوت بەرزتر دەبێتەوە. 
 
کۆتایی
 
کۆتاییەکەی ئەوەیە، ئەمریکا بەتایبەت و خۆرئاوا بەگشتی هێشتا نەیانتوانیوە رێگە لە بە گریژنە دەرچوونی نرخی نەوت و گاز بگرن، بۆ نموونە؛ هەر کە لە شوباتی 2022 جەنگی رووسیا و ئۆکراینا دەستیپێکرد، یەکسەر خۆرئاوا 930 دەماری ئابووری و سیاسی و بانکیی و دیپلۆماسیی رووسیای بەئامانج گرت، بەڵام دوای ماوەیەک لە بەردەوامیی جەنگەکە، رووسیا دەستیکرد بەوەی وزەی خۆی رۆبڵی رووسی بفرۆشێت نەک دۆلار؛ ئێستا تورکیا بەشێک لە سەرچاوەی وزەی خۆی بە رۆبڵ لە رووسیا دەکڕێت، لەگەڵ ئەمەشدا، ئۆپێک پڵەس بە تەنیا ناتوانێت کۆنترۆڵی نرخی وزە بکات؟ نەک هەر لە بەرئەوەی 41٪ـی نەوتی پێویست بۆ جیهان ئەوان بەرهەمی دەهێنن، لەبەرئەوەی ناچوونیەکی هەیە لەنێوان وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس، بۆنموونە دۆخی عێراق لە هیی رووسیا و ئەنگۆلا یان ئەردەن و ئازەربایجان و سعودیە ناچێت کە ئەندامن لە رێکخراوەکە. عێراق هێشتا بودجەکەی رووناکی نەبینیوە کەچی ئەو بودجەیە سەروو دوو ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە بەهۆی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکووکەوە، دەبوو بەپێی پلانی ناو بودجەکە رۆژانە 500 هەزار بەرمیل هەناردە بکات. جگە لەوەی هەر لە سەرەتاوە ئەم بودجەیە 25٪ کورتهێنانی تێدایە، (ئەم ژمارەیە چاوەڕوانکراوە کە رووبدات لە بودجەکە یان کەمتر یان زیاتر). جگە لەوەی ئێران داوای 11 ملیار دۆلار قەرزی گاز دەکاتەوە کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هەناردەی عێراقی کردووە. بەگشتی پێویستە لەم سێ ساڵەدا بە بەردەوامی نرخی نەوت 102 دۆلار بێت، ئینجا عێراق دەتوانێت خۆی لە بەڵا ئابووری و ناسەقامگیرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی بپارێزێت.
 
 
بەهرۆز جەعفەر، دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی -MIRS
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 عومەر ئەحمەد، بەرپرسی دێسکی ئابووریی تۆڕی میدیایی رووداو

نرخی زیو لە ساڵی 2026دا چۆن دەبێت؟

پاڵنەری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی زیو بریتییە لە خواستی پیشەسازی. بەپێی ئامارە نێودەوڵەتییەکان، ساڵی رابردوو خواستی جیهانی لەسەر زیو گەیشتە 1.23 ملیار ئۆنسە، کە یەکێکە لە بەرزترین ئاستە تۆمارکراوەکان.