*دوای دەستلەكاركێشانەوەی كۆفی ئەنان لەمەڕ نێوبژی حكومەتی سووریاو ئۆپۆزیسیۆن، ئەخزەر ئیبراهیمی بەنوێنەرایەتی UNو كۆمكاری عەرەبی دەستبەكاربوو، نێوبراو دانوستاندنكار و دیپلۆماتكارێكی بەتوانای جەزائیرییەو لەسەر دەستی ئەو رێككەوتنی (گائف) لە نێوان لوبنانییەكان واژۆكرا.
دوای چەندو چوون و هاموشۆیەكی فرە، ئیبراهیمی راشكاوانە گوتی ئەگەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی فریای سووریا نەكەوێ و كێشەكە بەكۆتانەهێنن، گڕی ئەو شەڕە هەموو ناوچەكە دەتەنێتەوە، بەداخەوە ئەمەریكییەكان گوێیان پێنەداو ئۆباما سوربوو لەسەر سیاسەتەكانی خۆی و پشتی لەهاوپەیمانە ئەوروپی و عەرەبیەكانی كرد، تا ئەنجام هێزی وەك داعش پەیدابوون، هاوكات ئێران و حیزبوللە و مالیكی بە روونی تێوەگلان و پڕیشكی شەڕەكە بۆ عێڕاق تەشەنەی سەند و، لەخواروو و باكووری عێڕاق داعش چەندین ناوچەی گرنگی بەدەستەوەیە وەكو موسڵ و بەدەیان هەزار پارچە چەك و ملیارەها دۆلاریشی دەسكەوتووە، ئیستا داعش یەك پارچەی خاكی عێڕاق و جوگرافیای سیاسی گۆڕیوە، بۆیە وای دەبینم بەدرەنگەوە ئەمەریكا دەیەوێت كەمێك بارەكە سووك بكات، بەڵام ئەمجارە وەك پێشوو پشتیوانی لە ئۆباما ناكەن هەروەك ئەوەی وڵاتانی كەنداویش وەك پێویست نەهاتوونەتە پێش.
*لەمڕۆدا واشنتۆن وەك پێشوو پشتیوانی لە مالیكی دەكات ئەوەش ئاشكرایە بەخاتری كێ، لەكاتێكدا هەموولایەك دەزانین سەرچاوەی ئەم قەیرانە و ناهەموارییە بۆ سەر سەرۆكوەزیری ماوەبەسەرچووی عێڕاق دەگەڕێتەوە، بۆیە بەدوور نازاندرێ جارێكی دیكە هەلومەرجەكە بەرەو ئاڵۆزبوونی زیاتر بڕوات.
*مالیكی بەهۆی ئەو تاكڕەویەی عێڕاقی نوێی (10/6)ی كردە دیفاكتۆ، واتە ئەگەر لەو قەیرانەش باری كەمێك سووكیش بێت ئەوەندەی پۆخڵەوات هەیە، بەلایەكی دیكەدا تووشی دەبێتەوە.
لەدوا دیداریدا مالیكی شڵەژاوە بەرامبەر جۆن كێری، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و قسەی بەكێری بڕیوە و نێوبراویش بەگرژی پێی گوتووە، تكایە باقسەكانم تەواوكەم و پێم مەبڕە. مالیكی: ئای جەناب داوای لێبووردن دەكەم، ئەمەش وادەردەخا كەلە عورفو ئەتەكێتی دپلۆماسیش تەواو چۆكی لەرزۆك بووە.
پاشان كێری روی تێدەكاو دەڵێ: پێدەچێ دڵنیابی لەرەوشەكە ؟
مالیكی: من هەمیشە گەشبینم. وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: ئەمە باشە بەڵام واقعبینی گرنگترە لەگەشبینی بوون!
*لێرەدا دەردەكەوێ ئەمریكا لەرەوشەكە نیگەرانە، وەلێ بۆچی باڵی مالیكی گرتووە و سوننەی عەرەب و كورد و زۆرینەی شیعەی تاوەكو ئەندازەیەكی زۆر لەم دۆسیانە نادیدە كردووە !. تۆبڵێی نهێنیەك لەنێوان ئەمریكاو ئێران و مالیكیدا هەبێت و لەهەموو لایەك شاراوەبێت !؟.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ