لە 17ی دیسەمبەری 2010، سەوزەفرۆشێكی تونسی بە ناوی محەممەد بوعزیزی لە شاری سیدی بوزەیدی تونس ئاگری لەخۆی بەردا. ئەو رووداوە بووە سەرەتایەك بۆ تەقاندنەوەی زنجیرەیەك رووداوی مەزن لە تونس و میسر و یەمەن و لیبیا و سووریا كە دواتر گەشبینان تێكڕای ئەو رووداوانەیان بە "بەهاری عەرەبی" ناساند. دوای نزیكەی پێنج ساڵ، لە 2ی ئەیلوولی 2015، تەرمی كۆچبەرێكی كوردی كۆبانێ، بەناوی ئالان، لە كەناراوەكانی ئیجەدا بە خنكاوی دۆزرایەوە. دیمەنی هەژێنەری ئالان "خەفەتێكی گشتی" لەسەر ئاستی جیهان بەدوای خۆیدا هێنا. بەشێك لە وڵاتانی رۆژئاوا، وەك كاردانەوەیەك، دەرگایان بە رووی كۆچبەراندا كردەوە و تەنانەت ئامادەییان نیشاندا بۆ گۆڕینی سیاسەتەكانی كۆچبەری لە یەكێتی ئەوروپا.
محەممەد بوعەزیزی لە تونس خۆی كردە قوربانی بۆ ژیانێكی باشتر و شەرەفمەندانەتر بۆ ملیۆنان مرۆڤی تونسی كە بۆ چەند دەیەیەك لە بن دەسەڵاتێكی نادادپەروەر و نادێمۆكراتیكدا هەناسەیان لەبەر نەمابوو. ئالانی كوردی، بووە قوربانیی هیوای هەزاران خێزان كە گەیشتوونەتە ئەو باوەڕەی ئەو ژیانەی بوعەزیزی بۆی سووتا، لە نیشتمانەكەی خۆیان نایەتەدی. بۆیە سەری خۆیان هەڵگرت و دواتر تەنیا لاشەكانیان بە نیشتمان شادبوونەوە.
هەردوو رووداوەكەی بوعزیزی و ئالان، تەنیا دەركەوتەی ململانێیەكی قێزەونی سیاسین كە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەڕێوەدەچێت. تا ئێستا هەزاران بوعەزیزی بوونەتە قوربانی، ئالان تەنیا یەكێكە لەو 12 هەزار منداڵەی تا ئێستا دەستاڕی جەنگی ناوخۆیی لە سووریا هاڕیونی.
بێگومان خێزانی ئالانیش یەكێكە لەو سەدان هەزار خێزانەی سووریا و عێراق كە بوونەتە سووتەمەنیی ململانێیەكی نادادپەروەرانە.
كە سەیری گۆڕانكارییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی سووریا و عێراق دەكەی، ناتوانی خۆت لەو راستیە لابدەی كە خەڵكی ئەم دوو وڵاتە باجی قورسی ململانێیەكی هەرێمایەتی و جیهانی دەدەن و هیچ یەكێك لە ئەكتەرەكانی ئەم ململانێیە بیر لە بەرژەوەندی و ئەو كاولكاریانە ناكەنەوە كە تووشی ئەم دوو وڵاتە بوونەتەوە. كێ هەیە لەو راستیە تێنەگات كە جەنگی سووریا، شەڕی رووسیا و ئێران لەلایەك و ئەمریكا و هەندێ لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانە لەسەر نفوز و بەرژەوەندیی زیاتر لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا؟ كەس دەتوانێ نكۆڵی لەو راستیە بكات كە ئەوەی لە عێراقدا روودەدات، شەڕی ئێران و توركیا و عەرەبستانی سعودییە لەسەر خاكی عێراق؟ راستە هەریەك لە سووریا و عێراق كۆمەڵێك تەنگژەی ئاڵۆزی نێوخۆییان هەیە، بەڵام بێگومان بەبێ دەستوەردانی دەرەكیی نادروستی وڵاتە ناوچەییەكان و هێزە جیهانییەكان، هەرگیز رۆژگار بەمڕۆ نەدەگەیشت. تەنگژەی عێراق لە ململانێ و جەنگی باڵكانی نەوەدەكانی سەدەی رابردوو قورستر نەبوو. بە هەمان شێوەش، بەشار ئەسەد لە قەزافی و زەینولعابدین بن عەلی و موبارەك دیكتاتۆرتر نەبوو. هۆكاری هەرە بنەڕەتی لە نەگەیشتنە چارەسەری كێشەی عێراق و سووریا دەستوەردانی نادروستی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییە لەو دوو وڵاتەدا. كێ باجی ئەم هەلومەرجە دەدات جگە لە خەڵكی ناوچەكە؟
لەبەرامبەر ئەو راستییە تاڵەدا، ئەو ساویلكەییە سیاسیە بەهێزە كە پێیوایە چارەسەری كێشەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێویشیاندا عێراق و سووریا، تەنیا بە دەستێوەردانی دەرەكی چارەپەزیرە. رەنگە مەزنترین تەحەدا لەبەردەم كێشەی ئەم ناوچەیە ئەو راستیە بێت كە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا شتێك نییە بە ناوی "میللەت". میللەت بە مانای كۆمەڵە مرۆڤێك كە لە نیشتیماندا دەنگیان هەبێت، توانای خۆڕێكخستن و سازدانیان هەبێت و لە چوارچێوەی بەرژەوەندییەكی گشتی، دوور لە بەرژەوەندیی تەسكی ئێتنیكێك یان ئاینێك یان مەزهەبێكی دیاریكراو، بیربكەنەوەو هەنگاو بنێن. دانیشتووانی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لەنێوخۆیاندا تووشی چەندین فۆرمی جیاواز و خوێناوی دووبەرەكیی ئاینی و مەزهەبی و ناوچەیی و حیزبی و سیاسی بوونەتەوە بەشێوەیەك كە هەرگیز نەتوانن بیر لە شتێكی هاوبەش بكەنەوە.
میللەتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ناتوانن، تەنانەت لەسەر ئاستی وڵاتانی خۆشیان، رۆڵێكیان لە سیاسەتدا هەبێت تا ئەو دەمەی نەتوانن دابەشبوونە نێوخۆییەكانیان بەشێوەیەك لە شێوەكان ساڕێژ بكەن. دابەشبوونە نێوخۆییەكانی ئەم وڵاتانە، بەپیتترین دەرفەتی رەخساندووە بۆ دەستوەردانی دەرەكیی نادروست لەم ناوچەیەدا. دەستوەردانی دەرەكی هێزە كۆڵۆنیالیەكان لەسەرەتاكانی سەدەی بیست و دابەشكردنی هەڕەمەكیانەی سەرزەمینی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئێمەی گەیاندە ئەمڕۆ. لە ئامادەنەبوونی چەمكی میللەت لە سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، دەستوەردانی ئایندەی نێودەوڵەتی لە خزمەتی خەڵكی ئەم ناوچەیە نابێت. بەكورتی، میللەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناتوانن لە نێوخۆیان یەكگرتوو بن، چونكە شتێكی هاوبەش نابینن كە كۆیانبكاتەوە. لە هەمان كاتیشدا، ئەزموون پێمان دەڵێ كە دەستوەردانی دەرەكیش هەرگیز لە بەرژەوەندیی خەڵكی ئەم ناوچەیە نەبووە. ئەوجا گرێكوێرەكە لێرەدا ئەوەیە: نە بۆخۆت دەتوانی كێشەكانی خۆت چارەسەر بكەیت، نە دۆستێكی باوەڕپێكراویشت هەیە یارمەتیت بدا لە چارەسەركردنی كێشەكانتدا. ئەمە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستە!
وێنەی ئالان نەیتوانی وا لە وڵاتانی رۆژئاوا و بەتایبەت ئەوروپا بكات كە بیر لە چارەسەری نەخۆشیە راستەقینەكە بكەنەوە. وەرگرتنی كۆچبەری زیاتر باشیی خۆی هەیە و یارمەتی بەشێك لە لێقەوماوان دەدات، بەڵام ئەمە ئاوێك بە بڵێسەی ئاگری رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا ناكات. لیبیا، یەمەن، سووریا و عێراق لەبەردەم سووتانێكی راستەقینەدان. دیسان نە خۆیان دەتوانن تیماری برینی خۆیان بكەن و نە رۆژئاواش دەتوانێ یارمەتییەكیان بدات.
"بەهاری عەرەبی" كە بە ئاگری جەستەی بوعەزیزی دەستی پێكرد، لە راستیدا زستانێكی سەختی لێكەوتەوە. تابلۆی تراژیدیای خێزانی ئالانیش گۆڕانێكی راستەقینە ناهێنێتە كایەوە. میللەتانی ئەم ناوچەیە دەبێ گەیشتبنە ئەو باوەڕەی كە تەنیا خۆیانن ئەگەر بتوانن چارەسەرێك بۆ خۆیان بدۆزنەوە. بێگومان ئەمەش سەختترین بەشی هاوكێشەكەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ