رووداو دیجیتاڵ
لە برۆکسلی بەلجیکا، ئۆرکێسترای فیلهارمۆنیکی برۆکسل، بە هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەندانی کورد، ئاوازە کوردییەکانیان بە شێوازێکی نوێی کلاسیک پێشکێشکرد.
ئۆرکێسترای فیلهارمۆنیکی برۆکسل، یەکێک لە ناسراوترین ئۆرکێستراکانی ئەورووپایە، بەڵام ئەوەی لە کۆنسێرتی شەوی شەممە 20ـی ئەیلوولی 2025 پێشکێش کرد لەگەڵ کۆنسێرتەکانی پێشوو جیای دەکاتەوە، ئەو ئاوازانەیە کە دەیژەنن، ئاوازی رەسەنی کوردی بوون.
ئالان عارف، ژەنیاری ڤایۆلێن لە باشووری کوردستان و شێرکۆ کانیوار، ژەنیاری دەف لە باکووری کوردستان، لەگەڵ ئەم ئۆرکێسترایەدا چیرۆکی نەتەوەیەک بە ئاواز دەگێڕنەوە.
میوانەکان هۆڵەکەیان پڕ کردبوو و لەگەڵ ئاوازە کوردییەکاندا دەژیان.
ئەم پارچە میوزیکییە لەلایەن ئاوازدانەرێکی عێراقییەوە بۆ ئۆرکێسترا نووسراوەتەوە، کە دایکی کوردە و باوکی خەڵکی فەلوجەیە. ئەو نهێنیی سەرکەوتنی کارەکە بە تێکەڵکردنی کەلەپوور و شێوازی هاوچەرخ دەزانێت.
قۆتەیبە نەعێمی، بە رووداوی راگەیاند: "میوزیکی ئێمە میوزیکێکی زۆر دەوڵەمەند و جۆراوجۆرە. ئەورووپییەکان حەزێکی زۆریان هەیە میوزیکەکەمان بناسن، ئەگەر بە شێوازێکی زانستی و ئۆرکێسترایی دروست بنووسرێتەوە. ئێمەش ئێستا بە شێوازێکی زانستی و ئۆرکێسترایی پێشکەشمان کردووە، بە جۆرێک کەسێکی ئەورووپی دەتوانێت بیژەنێت و بە شێوازی ئێمە گوێی لێ بگرێت، لەگەڵ پارێزگاریکردن لەو ناسنامە کەلەپوورییەی هەیەتی. بە شێوازێکی هاوچەرخ پێشکێشمان کرد، ئەمەش نهێنیی بابەتەکەیە".
روونیشیکردەوە: "کەلەپوورەکەشمان دەوڵەمەندە، بەتایبەتی کەلەپووری کوردی؛ پڕە لە ریتم و هەمەجۆری".
ئەو پارچە میوزیکییانەی لە کۆنسێرتەکەدا ژەنران، لە هەرێم و ناوچە جیاجیاکانی کوردستانەوە وەرگیراون و لەلایەن ئالان عارفەوە هەڵبژێردراون.
ئالان عارف، بە رووداوی راگەیاند: "ئاسان نییە لە ماوەی حەوت-هەشت خولەکدا میوزیکی کوردی پێشکێش بکەیت کە هەموو رەنگەکانی تێدا جێگەی بکرێتەوە. هەوڵم دا لەم پارچەیەدا کە ناوم ناوە (سەما کوردییەکان)، ناوچەی هەورامان، گەرمیان، بادینان و کرمانجی، جێگەی هەموویم تێدا کردەوە. ئەگەر گوێی لێ بگریت هەستی پێ دەکەیت. هەوڵم دا جێگەی هەمووی تێدا بکەمەوە، چونکە دواجار ئێمە کوردین".
ئامادەبووانی کۆنسێرتەکە زرۆبەیان خەڵکی بەلجیکا بوون، بەڵام کورد لە هۆڵەندا و وڵاتانی دوورترەوەش هاتبوون. یەکێک لەوانەی لە ئیرلەنداوە بۆ کۆنسێرتەکە هاتبوو، بەناوی گۆران هەورامی بوو خۆی ئەندازیارە و مەبەستی بووە بینەری شەوێکی لەبیرنەکراوە بێت.
گۆران هەورامی، گوتی: "بەڕاستی من لە شوێنێکی دیکە دانەشتبووم لە پێشەوە. نە ئەم لام کورد بوو، نە ئەو لام و نە پشتم. هیچیان کورد نەبوون، هەمووی یان خەڵکی ئێرە بوون یان برا فارسەکان بوون. لەو کاتەی کاک ئالان میوزیکژەنی و پارچە کوردییەکەی پێشکێشکرد، بەڕاستی ئەوان زۆر لە من بە جۆش و خرۆشتر چەپڵەیان لێدا. زۆر دڵخۆش بووم بەڕاستی. واتە ئەمە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە ئێمەش لە بواری ئۆرکێسترادا لە میللەتانی دیکە کەمتر نین و دەتوانین هاوشانیان بین".
ئەندامانی ئۆرکێستراکە لە هۆڵەندا، بەلجیکا و فەرەنساوە، لەگەڵ دوو سۆلیستی کوردستان، ئاوازە کوردییەکانیان گەیاندە دڵ و ویژدانی ئامادەبووان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ