بەیانییەکی ساڵی 1985، لە مەوقیفێکی پاسەکانی ئازادی لە شاری سلێمانی چاوەڕێی پاسم دەکرد، بە عەموودێکەوە پارچە کاخەزێک کە بە سیکۆتین پێوەی لکێنرابوو سەرنجی راکێشام، کاتێک چوومە پێشەوە نەخشەیەکم بینی لە ناوەڕاستیدا نوسرابوو کوردستان، لە دامێنی کاخەزەکەدا نووسرابوو "پارتی سۆسیالیستی کورد – پاسۆک". ئەوە یەکەمجارم بوو نەخشەیەک ببینم کە کوردستانی بەو گەورەییە لەسەر نەخشێنرابێت. ئیدی ئەو نەخشەیە لەمێشکمدا چەسپی. ساڵێک دواتر بە ئەدەبیاتی پاسۆک ئاشنابووم و زانیم "ئاڵای سووری کوردایەتی" چییە!
دواتر لە سوێد، زیاتر لە نرخ و بەهای سەربەخۆیی و دەوڵەت تێگەیشتم، دەمبینی خەڵکی وڵاتانی جۆربەجۆر چۆن وڵاتی خۆیان خۆشدەوێت، چۆن رێز لە ئاڵای خۆیان دەگرن و پاش چەندین ساڵ ژیان لە سوێدیش هێشتا حەزیان لە دەنگی دەهۆڵی وڵاتەکانی خۆیانە. باشووری کوردستان فیدراڵیەتی راگەیاند و بەهەموو کەموکورتییەکانییەوە دەرگایەک بوو بەرەو سەربەخۆیی یەکجاری. شەڕی براکان هەموومانی تاساند و هەموومانی شەرمەندە کرد، ڕەخنەبارانی دەسەڵاتی کوردیمان کرد، بەڵام وڵاتمان زیاتر لا شیرینتر بوو.
لەوێ لە نزیکەوە بە ئەدەبیاتی پەکەکە ئاشنابووم و هەندێک لە کادرە دڵسۆزەکانیم ناسین، باسی یەکگرتنەوەی هەر چوار پارچەی کوردستان بەتەواوەتی مەستی کردین، ئەگەرچی هیچ کاتێک ئەندامی ئەو حیزبە نەبووم، بەڵام دروشمەکانی بۆ من هێندە گەورەبوون، وامدەزانی فریای ئەوە ناکەوم بەردێک بخەمە سەر بەردی سەربەخۆیی و ئەوان دیوارەکە تەواو دەکەن. تەنانەت گەیشتبوومە ئەو بڕوایەی کە دەبێت لەکاتی راگەیاندنی دەوڵەتی کوردستاندا تا چەند ساڵێک یەک پارت و یەک سەرکردە هەموو سنوورەکان بگرن تا کوردستان دەکەوێتە سەر پێکانی خۆی.
رۆژنامەی سەرخۆبوونی پەکەکە کە هەمووی بە تورکی بوو تەنیا یەک دێڕی نەبێت بە کوردی کرابووە دروشمی رۆژنامەکە، ئەویش بە خەتێکی سوور نووسرابوو: هیچ شتێک لە سەربەخۆیی و ئازادی بەنرختر نییە!
تورکیم نەدەزانی، بەڵام لەبەر ئەو دێڕە کوردییە پڕ ناوەڕۆکە، رۆژنامەکەم دەکڕی. ئیدی زیاتر رقم لە وشەی "ئۆتۆنۆمی، ئۆتۆنۆمیی راستەقینە"ش دەبووەوە کە سەردەمانێک دورشمی سیاسی پارتەکانی باشووری کوردستان بوو.
کەچی لەپڕ وەکو کاسەیەک خۆڵ و دۆ بەسەرماندا بکەن، پەکەکەش دەستبەرداری سەربەخۆیی بوو، ئیدی سەربەخۆیی کوردستان لایان بووە "پرۆژەیەکی کۆنەپەرستی"، پڕ بە گەروویان هاواریان کرد باوی باسکردنی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە و ئەوە بیرکردنەوەی "ناسیۆنالیزمی سەرەتاییە".
باسکردنی سەربەخۆیی لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایدا بوو بە دروشمێکی چەپسپاو لای سەرۆک مەسعود بارزانی و لە زۆر بۆنە و گوتاری جیاوازدا دووپاتی دەکردەوە. بەڵام ئەوانەی کە لەسەر تیۆری رووخانی دیواری ماڵی بارزانی سیاسەتیان کرد، کەوتنە دژایەتی و لاقرتێکردن، ئەو قسانەیان بە "سەربەخۆیی بەهاران" و لەو شتانە دەدایە قەڵەم، بەتایبەتی لایەنگرانی پەکەکە و هەندێک حیزب و بزووتنەوە، پەکەکە هەتا داوای سەربەخۆیی دەکرد، کوڕێکی دیکە بوو، هەرچەندە ریفراندۆم لە کوردستان هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە، بۆیە دژایەتی پەکەکە بۆ ریفراندۆم بە وەکالەتە.
ئێستا کە شتەکە بووە بە جددی و بڕیاری لەسەر دراوە و دەبێت گشتپرسی بکرێت، دەڵێن ئەمە پرۆژەی پارتییە، پارتی دەیەوێت بیکات بە دەستکەوتی خۆی. ئەوەی جێگای تێڕامانە ئەوەیە کە یەکێتی ناتوانێت خۆی یەکلایی بکاتەوە، لە کاتێکدا ئەوان دروشمی مافی بڕیاردانی چارەنووس بە مۆنۆپۆڵی خۆیان دەزانن و دەڵێن کۆپی رایتەکەی هی خۆمانە، دەی برادەرینە کەواتە چاوەڕێی چین، بۆ نایکەن بە پرۆژەی خۆتان؟
ریفراندۆم و سەربەخۆیی موڵکی هیچ پارتێک و تاکێکی کورد نییە بەتەنیا، بەڵکو پرۆسەیەکی نەتەوەییە کە تەنیا و تەنیا کەرامەتی کورد بە سەربەخۆیی دەپارێزرێت بە عێراقچیەکانیشەوە، ئاخر ئەگەر باشووری کوردستان لەسەر عێراق نەبێت، کێ حساب بۆ ئەو مقاشانە دەکات.
ئەگەر هەموو پارتەکان پێکەوە لەگەڵ ریفراندۆم و سەربەخۆیی بن و خەنجەرەکانیان لە کێلان دەربهێنن بۆ پاراستنی دەوڵەتی کوردستان و پشتی یەک بگرن باشە، باشترە پێش ئەوەی هەرشتێک بین کوردبین، بەڵام کە بەشێک نەبن و نەیانەوێت، دەبێت سەرۆک مەسعود بارزانی ئەو هەنگاوە بهاوێت و چاوەڕێ نەکات، سەد ساڵە چاوەڕوانین، ناکرێت نەوەکانی داهاتووشمان سەد ساڵی دیکە چاوەڕێ بن.
دەوڵەتی کوردستان لە گوندێکیش بێت رابگەیەنرێت باشترە لەوەی کە رانەگەیەنرێت. ئازەرییەکان پەندێکیان هەیە دەڵێت: 'ساڵی جارێک دەمانەوێت نوێژێک بکەین، بەڵام شەیتان لێ ناگەڕێت."، ئێستا کورد کە دەیەوێت بۆ یەکەمینجار بەردە گەورەکە بهاوێت، پیاوە گچکەکان رێگریی دەکەن، بۆیە ناکرێت چیدی چاوەڕێ بکرێت.
خۆ رەنگە بە خێرایی هەموو گرفتەکانی کورد بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان چارەسەر نەبن، بەڵام لەو دەوڵەتەدا دەتوانین هەموومان کار بۆ یەکسانی و دادوەریی کۆمەڵایەتی و خۆشگوزەرانی بکەین، ئاخر کوردستانێکی ئازاد، یەکسانیی دەوێت، یەکسانیش بەبێ سەربەخۆیی و ئازادی بەدی نایەت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ