زمانی دایک؛ لە رەگوڕیشەی مێژووەوە بۆ باڵایی سەردەم

7 کاژێر له‌مه‌وپێش
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
21ی شوبات، رۆژی جیهانیی زمانی دایکە. ئەم رۆژە تەنیا یادکردنەوەیەکی سیمبولی نییە، بەڵکو دەرفەتێکە بۆ قووڵبوونەوە لەو ئامرازەی ناسنامەمان دەپارێزێت. زۆرجار دەکەوینە نێو بازنەیەک لە گفتوگۆی بێ کۆتایی لەبارەی ئەوەی کام زاری زمانی کوردیمان "زمانە" و کامیان "زار و بنزارە"؟ کامەیان رەسەنترە و کامەیان لاساییکەرەوەیە؟ راستییەکە ئەوەیە، کە زمانی کوردی وەک باخچەیەکی رەنگینە؛ هەورامی، کورمانجی، سۆرانی و شێوەزارەکانی دیکە، هەریەکەیان بەشێکن لە مۆزاییکی ئەم نەتەوەیە.
 
راستییەکەی هیچ زارێک سێبەری ئەوی دیکە نییە، ئەگەر لە سەردەمێکدا "هەورامی - گۆرانی" زمانی یەکەمی ئەدەب و دیوانی میرنشینەکان بووبێت، ئەوە نیشانەی دەوڵەمەندیی ئەو زارە بووە و شانازییەکە بۆ هەموو کوردە؛ بەڵام گۆڕانکاریی مێژوویی و کۆمەڵایەتی، پڕۆسەیەکی سرووشتییە. ئەگەر ئەمڕۆ سۆرانی (کوردیی ناوەندی) بووەتە زمانی ستانداردی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان (بە ئەلفبێی ئارامی)، زمانی خوێندن، میدیا و پردی پەیوەندیی نێوان پارچەکانی کوردستان، ئەمە نیشانەی "دیکتاتۆری" یان "سڕینەوەی رابردوو" نییە، بەڵکو نیشانەی زیندوویه‌تی و گونجانی زمانەکەیە لەگەڵ پێداویستییەکانی مرۆڤی سەردەمدا.
 
نازین بە رابردوو و رەسەنایەتیی زارەکان (وەک هەورامی) کارێکی جوانە؛ بەڵام نابێت ببێتە هۆی بچووککردنەوەی زارەکانی دیکە، یان دروستکردنی دیوار لەنێوانماندا. زمان وەک دار وایە؛ رەگەکەی لە قووڵایی مێژووە (کە هەورامی و کورمانجی تێدا دەدرەوشێنەوە)، بەڵام لق و گەڵاکانی (کە کوردیی ناوەندیی ستانداردە) بەرەو ئاسمان و داهاتوو دەچن، تاوەکو سێبەر بۆ هەموو نەتەوەکە دابین بکەن.
 
لەم رۆژەدا، با بە دیدێکی کراوە سەیری زمانەکەمان بکەین. با رێز لەو زارە هەورامییە بگرین، کە هەزاران ساڵە خۆی پاراستووە؛ بەڵام لە هەمان کاتدا دان بەو راستییەدا بنێین، کە ئەمڕۆ بۆ مانەوەمان وەک نەتەوە، پێویستمان بە زمانێکی یەکگرتوو و ستانداردە، کە هەموومان لە دەوری یەک کۆ بکاتەوە.
 
پێویستە لەوە تێپەڕین، کە تەنیا بەسەر برینەکانماندا بگرین، یان بە شان و باڵی رابردوودا هەڵبدەین. زمان پێش ئەوەی "شانازی" بێت، "ئامرازە"؛ ئامرازێک بۆ ژیان، بۆ تێگەیشتن و بۆ دروستکردنی گوتارێکی هاوبەش.
 
لە مێژووی هەموو نەتەوە زیندووەکانی دنیادا، زمانەکان لە پڕۆسەیەکی بەردەوامی پەرەسەندندان. هیچ زمانێک لە "شوێنێکی پیرۆز و نەگۆڕ"ەوە نەهاتووە. ئەوەی ئەمڕۆ پێی دەڵێین زمانی ستاندارد (کوردیی ناوەندی)، ئەو زمانەیە کە توانیویەتی لە کێبڕکێی مێژووییدا نوێنەرایەتیی زۆرینە بکات و ببێتە زمانی زانست، یاسا و سیاسەت.
 
لە فەزای کوردیدا، باس لە هێزی "رەسەنایەتی" دەکرێت. هەندێک وا هەست دەکەن، هەرچی زمانەکە کۆنتر و پارێزراوتر بێت (وەک هەورامی یان کورمانجی)، واتە "باڵادەستترە" و زارەکانی دیکە (وەک كورمانجیی ناوه‌ند/ سۆرانی) بە "سێبەر" و "پاشکۆ" دەبینن، بەڵام ئەمە تێگەیشتنێکی چەوتە بۆ فەلسەفەی زمان.
 
راستییەکە ئەوەیە، کە زمان مۆزەخانە نییە؛ ئەگەر زارێک تەنیا وەک "رەسەنایەتی" بمێنێتەوە و نەتوانێت ببێتە زمانی زانکۆ، میدیا و بەڕێوەبردن، ئەوا دەبێتە "سامانێکی مێژوویی"، کە تەنێ بۆ شیعر و یادەوەریی دەشێت. هاوکات هیچ زار و بنزارێک سێبەری ئەوی دیکە نییە؛ مێژووی ئەدەبی گۆران (هەورامی) بەشێکی شکۆداری مێژووی ئێمەیە، بەڵام گەشەکردنی "سۆرانی" لەگەڵ بنزار و شێوەکانی دیکە بوونی بە زمانی ستانداردی ئەمڕۆ، دەرەنجامی حەتمی گۆڕانکارییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی دوو سەتەی رابردووە. ئەمە "زێدەگۆیی" نییە، بەڵکو "زیندوویەتی" و "سەرکەوتنی" زارێکە، کە توانیویەتی هەموو پارچەکان لە دەوری یەک کۆبکاتەوە.
 
نەتەوە پێویستی بە ناوەندە؛ هەوڵدان بۆ ناساندنی هەر زارێک وەک "زمانێکی سەربەخۆ" یان هێرشکردنە سەر زمانی ستاندارد بە ناوی "رەسەنایەتییەوە"، تەنیا خزمەت بە پەرتەوازەیی نەتەوەیی دەکات.
 
ئێمە پێویستمان بە "رەگ"ـە (کە هەورامی و کورمانجییەکەمانن)، بەڵام پێویستیشمان بە "باڵ"ـە بۆ فڕین (کە زمانی ستانداردی کوردیی ناوەندە). ئەو کەسەی وا دەزانێت زارەکەی ئەو "سەروەر"ە و ئەوانی دیکە "سێبەر"، هێشتا لە فەلسەفەی مۆدێرنێتە و نەتەوەسازیدا نەگەیشتووە. زمانی دایک، ئەو زمانەیە کە نەتەوە پێی دەنووسێت، پێی دەخوێنێت و لە جیهانی دەگەیەنێت، نەک تەنیا ئەو زمانەی لە سووچی ماڵەکاندا وەک یادگارییەک پارێزراوە. با لەم رۆژەدا رێز لە هەموو زار و بنزارەکان بگرین؛ بەڵام رێگریش بین لەوەی "رەسەنایەتی" ببێتە چەکێک بۆ لێدانی یەکێتیی زمانی و نەتەوەییمان.
 
پێویستە لەو تێگەیشتنه کلاسیکییە رامێنین، کە زمان تەنیا ئامرازێکی گەیاندنە. زمان ناسنامەیە، بەڵام ناسنامەیەک لەناو مێژوودا دەجووڵێت، نەک ئەوەی لەناو رابردوودا بەستبێتی. زمانەکان وەک مرۆڤەکان وان؛ لە دایک دەبن، گەشە دەکەن، باڵادەست دەبن، یان پەککەوتە دەبن و دەبنە بەشێک لە ئەرشیڤی مێژوو. کێشەی گەورەی ئێمە لە تێگەیشتن لە "زمانی کوردی"، گیرخواردنە لەنێوان دوو جەمسەردا، ئەوانیش نۆستالژیای رابردوویەکی زێڕین و پێویستییەکانی ئێستایەکی سیاسی.
 
دەڵێن زارە کۆنەکان (وەک هەورامی یان کورمانجی) بەهۆی پاراستنی رێزمانە ئاڵۆزەکەیان و نێزیکییان لە زمانە دێرینەکان، "رەسەنتر" یان "باڵاترن". ئەم تێڕوانینە لە زمانەوانیدا (Linguistics) بە "هەڵەی ئەرکاییزم" دەناسرێت. زمانێک تەنیا لەبەر ئەوەی "کۆنە" شانازی پێوە بکرێت، وەک شوێنەوارێکی مێژوویی وایە. ئەوەی زمانێک دەهێڵێتەوە، رێزمانە دێرینەکەی نییە، بەڵکو توانای ئەو زمانەیە بۆ بەرهەمهێنانی (مەعریفەی نوێ)، (زانست) و (گوتاری سیاسی). زارێک نەتوانێت ببێتە زمانی زانکۆ و پەرلەمان، هەرچەندە رەگی لە هەزاران ساڵدا بێت، لە بەردەم هەڕەشەی پەراوێزکەوتندایە.
 
ئەو گوتارەی هەندێک زاری مۆدێرنی وەک کوردیی ناوەندی (سۆرانی) بە "سێبەر" یان "پاشکۆی" زاراوە دێرینەکان دەبینێت، تێگەیشتنێکی چەوتە بۆ سێرەی مێژوو. فەلسەفەی سێبەر و مەشخەڵ، لە مێژووی هەموو نەتەوەکانی جیهاندا، "ناوەندی گۆڕانکاری" جێگۆڕکێ دەکات. ئەگەر سەردەمێک هەورامی (گۆرانی) زمانی ئەدەبی و دیپلۆماسیی ناوچەکە بووبێت، ئەوە بەهۆی هەلومەرجی سیاسیی ئەو کاتە بووە؛ بەڵام مێژوو راوەستاو نییە. گواستنەوەی ناوەندی سیاسی بۆ "بابان" ، پاشان بۆ شارە گەورەکانی وەک سلێمانی، هەولێر و مەهاباد، شێوەزاری "سۆرانی" هێنایە پێشەوە. ئەمە سڕینەوەی رابردوو نییە، بەڵکو پڕۆسەی "بردنە پێشەوەی مەشخەڵەکە"یە. سۆرانی نەبووەتە سێبەری هەورامی، بەڵکو بووەتە ئەو "باڵە" مۆدێرنەی، کە توانیویەتی نەتەوەی کورد لەناو کێبڕکێی زمانە داگیرکەرەکاندا (عەرەبی، فارسی، تورکی) بە زیندوویی بهێڵێتەوە.
 
پاراستنی زمانی دایک تەنیا بە "کەفوکوڵی عاتیفی" نابێت. پێویستمان بە "ئاوەز" و هۆشیاریی زمانەوانییە. زمانی دایکی ئێمە (کوردی)، بە هەموو لقەکانییەوە، پێویستی بە یەکێتیی فیکری هەیە. ئێمە ناتوانین بە زارێک کە تەنیا چەند هەزار کەسێک پێی دەدوێن، رووبەڕووی جیهانگیری ببینەوە. زمانی ستاندارد ئەو "سوانەیەیە" کە هەموو زاره‌کان تێیدا دەتوێنەوە، تا قەڵغانێکی بەهێز بۆ مانەوەمان دروست بکەن.
 
لە رۆژی زمانی دایکدا، با رێز لە "رەگ"ـەکانمان (هەورامی، کرمانجی، لوڕی و کەلهوڕی) بگرین؛ بەڵام "دارەکە" (زمانی یەکگرتووی کوردی) نەبڕینەوە. سۆرانی شێوەزاری "سێبەر"ەکان نییە، بەڵکو شێوەزاری سەروەریی عەقڵ و مۆدێرنیتەی کوردییە لە سەدەی بیستویەکەمدا. هەر جۆرە خۆبەگەورەزانینێک بەسەر زارەکانی دیکەدا، تەنیا نیشانەی دابڕانە لە کاروانی مێژوو.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە