خدر نەكەی خدر خدر ناوی ئەو ماڵپەڕەی ئینتەرنێتە كە بەگوێرەی ئەلێكسا لە ریزبەندی 16 دێت لەناو ئەو ماڵپەڕانەی زۆرترین سەردانكەریان هەیە لە عێراقدا. كوردستانیش، بەپێچەوانەی بودجەوە، پشكی خۆی و زیاتریشی هەیە لە سەردانكردنی خدر نەكەی خدر خدردا. بەشێكی زۆری ئەوانەی ئەو دوو دێڕەیان خوێندووەتەوە هێشتا نازانن ئەو ماڵپەڕە كامەیە. ئاخر (خدر نەكەی خدر خدر) بۆ یەكەمجار لەلایەن لاپەڕەیەكی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكەوە بەكارهات بۆ ناوبردنی ماڵپەڕێك كە زۆر كەس سەردانی دەكەن، بەڵام كەس وەك خۆی ناوی نابات. سەردانیكردنی ئەو سایتە لەو جۆرە شتانەیە كە زۆر كەس دەیكەن و كەم كەس باسی دەكەن، چونكە پەیوەندی بە ژیانی تایبەتییەوە هەیە. بەڵام ئەگەر بڵێیت "سایتە شینەكە" ئەوە زۆربەی گەنجان دەیناسنەوە.
ئەم سایتە شینە جەماوەری زیاترە لە هەموو حیزبەكانی عێراق پێكەوە. سیاسییەكانی عێراق دوای ماوەیەكی زۆر بیركردنەوە، بڕیاریان دا سایتە شینەكە و سایتەكانی هاوشێوەی ئەویش بلۆك بكەن.
بەدڵنیاییەوە بەشێكی زۆری ئەوانەی ئیمزایان بۆ داخستنیان كۆكردووەتەوە، خۆیان لە سەردانكەرانی ئەو ماڵپەڕانەن. دوای بلۆككردنی ئەو سایتانەش، ئەوانیش وەك خەڵكی تر لە رێگەی بەرنامە جیاوازەكانەوە فیلتەرەكە دەشكێنن. بێگومان ئەوان كوڕی ئەو كۆمەڵگەیەن كە بە ئاشكرا هەمووی خدری زیندەیە، بەڵام بەنهێنی هەمووی خەریكی خدرە شینەكەیە.
هەر كاژێرێك دوای بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق، هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە پابەند نابێت بەو بڕیارەوە. لەدوای ناردنی نەوت بەشێوەیەكی سەربەخۆ، رێنەگرتن لە گەورەترین ماڵپەڕی پۆرنۆ بووە دووەم هەنگاوی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی. دەگوترێ جێبەجێنەكردنی بڕیارەكە لە كوردستان لەبەر خاتری چاوی كاڵی گەنجان نەبووە بەڵكو بۆ بەرژەوەندیی كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت و مۆبایلە كە قازانجێكی زۆر دەكەن لەوەی خەڵك تەماشای ئەو ڤیدیۆیانە بكات. هەركاتێك گەنجی كورد زەوقی هەستێ، پشكی كۆمپانیاكانی مۆبایل و ئینتەرنێتیش لە بۆرسەدا هەڵدەستێ.
كێشەكە داخستنی ماڵپەڕەكان نییە، بەڵكو ئەو عەقڵیەتەیە كە لە پشت داخستنەكەوەیە. بەشێكی زۆری ئەو پەرلەمانتارانەی بەغدا كە ئەم بڕیارەیان داوە، لەوانەن كە بە ئاشكرا و نهێنی زیاد لە ژنێك لە ژیانیاندایە، بەڵام پێیانوایە ئەوان مافی ئەوەیان هەیە بە خەڵك بڵێن سەیری چی بكەن و سەیری چی نەكەن. هەموو دەوڵەتێك حەز دەكات كۆنترۆڵی چاو و گوێ و هەموو ئەندامەكانی دیكەی لەشی مرۆڤ بكات. ئەوان خۆیان بە ژیرەكانی كۆمەڵگە دەزانن كە دەتوانن پێمان بڵێن كەی و چۆن چێژ وەربگرین. جۆرج ئۆروڵ، گەورە نووسەری بەریتانی، لە نۆڤڵی (1984) دا باسی دۆزەخێك دەكات كە تێیدا دەوڵەت دەستی بەسەر هەموو شتەكاندا گرتووە. یەكێك لە هەنگاوە گرنگەكانی دەوڵەتیش بریتییە لە كۆنترۆڵكردنی ژیانی سێكسیی خەڵك. نابێت خەڵك بەبێ ئاگاداریی دەوڵەت چێژ وەربگرن. ئۆروڵ نووسیویەتی: "حیزب هەوڵی دەدا حەزی سێكس لەخەڵكدا بكوژێت و ئەگەر نەشیتوانی بیكوژێت، ئەوا لایەنی كەم ناشیرینی بكات. ئەگەر بیزانیبایە ژن و پیاوێك حەزیان لە یەكترە، رێگەی نەدەدا پێكەوە بن. لەلای حیزب، تاكە ئامانجی پەیوەندیی سێكسی بریتییە لە دروستكردنی منداڵ نەك وەرگرتنی چێژ."
عەقڵیەتی خۆ بە پاسەوان زانینی ئەخلاقی خەڵك، تەنیا لای پەرلەمانتاران نییە، بەڵكو درێژبووەتەوە بۆ بچووكترین بەڕێوەبەریش. لە عێراقدا، هەركەسێك چووە پشتی مێزێكەوە، پێیوایە دەتوانێ پێشمانكەوێت بەرەو بەهەشت. لە بەشێكی زۆری بەشەكانی ناوخۆیی و كافتریاكانی زانكۆ حكومییەكانی كوردستاندا كافوور دەكرێتە ناو ئاوی خواردنەوەوە، چونكە ئەوان دەیانەوێت گەنجان زەوقیان هەڵنەستێ. ئەوان خۆیان بە پاسەوانی زنجیری پانتۆڵەكانمان دەزانن.
دەگێڕنەوە كە كەسێك دەچێتە لای عەبدوڵڵا كوڕی عومەر خەلیفەی دووەمی موسوڵمانان و لێی دەپرسێ: ئایا ئەگەر مێشوولەیەك بكوژم دەبێت خوێنەكەی بدەم؟ عەبدوڵڵا لێی دەپرسێت: "تۆ خەڵكی كوێیت؟" كابراش وەڵام دەداتەوە: "عێراق". عەبدوڵڵاش دەڵێت: "ئای لە ئێوە خەڵكی عێراق, كچەزای پێغەمبەرتان كوشت و خەریكی باسی خوێنی مێشوولەن". ئەوكات عێراقییەكان دەبوو لە خوێنی حوسێن بپرسنەوە نەك خوێنی مێشوولە. ئێستاش كە یەك لەسەر سێی وڵاتەكە بەدەست داعشەوەیە، گەورەترین پرسیاری عێراقییەكان ئەوەیە كە ئایا عەلی لەسەر حەق بوو یان معاویە. لە شەڕی معاویە و عەلیشدا، خدر بووە قوربانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ