رووداو دیجیتاڵ
خدر عەبدولکەریم، شێوەکار و چالاکڤانی کورد لەنێو 244 هونەرمەنددا کە لە چوارچێوەی پێشبڕکێیەکدا بەشدارییان کردبوو، خەڵاتی هونەرمەندی کەمینەکانی 2025ـی بەدەستهێنا کە نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتیی دەکات.
چوارەمین پێشبڕکێی نێودەوڵەتیی هونەرمەندی کەمینەکان، لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (OHCHR) بە هاوکاریی رێکخراوی فریمیوز، گرووپی مافی کەمینەکان و کانتۆنی جنێڤ رێکخرابوو، کۆتاییهات.
لە پێشبڕکێکەدا کە 244 هونەرمەند لە وڵاتانی جیاوازی جیهانەوە بەشدارییان کردبوو، خدر عەبدولکەریم، شێوەکاری کورد کە دانیشتووی ئەڵمانیایە، توانی خەڵاتە گەورەکە بەدەستبهێنێت.
خدر عەبدولکەریم بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە لە جنێڤە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو سەرکەوتنە پێشکێشی گەلی کورد دەکات. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو هونەرەکەی وەکو ئامرازێک دەبینێت بۆ ئەوەی بەرگری لە مافەکانی گەلەکەی پێ بکات.
گوتیشی: "وەکو هونەرمەندێکی کورد کە بە تابلۆکانم بەرگری لە مافی گەل و نەتەوەکەم دەکەم، وەرگرتنی ئەم خەڵاتە کە بە هاوکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان دەدرێت، بۆ من شانازییەکی گەورەیە".
خدر عەبدولکەریم باسی لەوەشکرد، لەسەر پێشنیاری هاوڕێکانی بەشداریی لە پێشبڕکێکەدا کردووە و بڕوایەکی بەهێزی هەبووە کە لەو چالاکییەدا سەردەکەوێت کە بەشەکانی شێوەکاری، شانۆ، وێنەگری و سەما لەخۆدەگرێت.
خدر عەبدولکەریم ساڵی 1967 لە رۆژئاوای کوردستان لەدایک بووە. ساڵی 1987 داواکاریی پێشکێشی کۆلێژی هونەرە جوانەکانی دیمەشق کرد، بەڵام پێش دەرچوونی ئەنجامەکان، بە تۆمەتی "مەترسی بۆ سەر ئاسایشی دەوڵەت" لەلایەن حکومەتی ئەوکاتی حافز ئەسەدەوە دەستگیرکرا.
ئەو شێوەکارە کوردە مافی خوێندنی لێ سەندرایەوە و ماوەی شەش ساڵ لە ناوەندە جیاوازەکانی دەستبەسەرکردن و ساڵی 1993 ئازاد کرا.
عەبدولکەریم باس لەوە دەکات، لە ساڵانی زیندانیدا دەستبەرداری هونەر نەبووە و دەڵێت: "کە لە زیندان بووم، بە کەرەستەی زۆر سادە کە خۆم ئامادەم دەکردن، پەیکەرم دروست دەکرد. هەندێکجار دار و تەختەی سندوقی سەوزەم هەڵدەکەند و لەو دۆخەشدا هەر بەردەوام بووم لە بەرهەمهێنان".
خدر عەبدولکەریم پێشتر بڕوانامەی رێزلێنانی لە مۆزەخانەی رەققە، مەتڕانیی کاسۆلیکی سریانی و ناوەندی لێکۆڵینەوەی مافەکانی مرۆڤ لە عەممان وەرگرتووە. لە 2014ـەوە وەکو پەنابەر لە شاری پۆتسدام لە ئەڵمانیا دەژی.
رەخنەگران کارەکانی ئەو هونەرمەندە بە تەنیا وەکو کارێکی ئیستاتیکی نابینن، بەڵکو بە "زمانێکی بەهێز بۆ خەباتی مافەکانی مرۆڤ و ناسنامە" دەکەن؛ بەو پێیەی لە بەرهەمەکانیدا بەردەوامە لە نیشاندانی وڵاتەکەی و رووداوەکانی رۆژانەی کۆمەڵگەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ