نەورۆزی بۆن.. دەرکەوتەی هێزی نەرمی رەوەندی کوردستانی و بەرجەستەکردنی دیدگای سەرۆک بارزانی

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
شیفا بارزانی
A+ A-
 
کەرنەڤاڵە جەماوەرییە مەزنەکەی شاری بۆن لە وڵاتی ئەڵمانیا بەبۆنەی جەژنی نەتەوەیی نەورۆزەوە، تەنیا ئاهەنگێکی وەرزی و بۆنەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو نمایشێکی گەورەی هێزی نەرمی نەتەوەیەک بوو لە دڵی ئەورووپادا، ئەم گردبوونەوە یەکجار گەورەیە سەلماندی کە دیاسپۆرای کورد لە دەرەوەی وڵات، خاوەنی سەنگ و قورساییەکی جوگرافی و سیاسیی بێوێنەیە، ئەگەر بە دروستی ئاراستە بکرێت، دەتوانێت گەورەترین کاریگەری لەسەر هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی بڕیار دروست بکات.
 
لەو کەرنەڤاڵەدا، کوردستانیان بە شەکاندنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان و پۆشینی جلی رەسەنی کوردییەوە، تابلۆیەکی یەکجار سەرنجڕاکێش و شارستانییان نەخشاند، بە تەواوی سەرنجی ئەڵمانیا و ئەورووپایان بۆ لای خۆیان راکێشا، ئەم دیمەنە پڕ لە رەنگ و ئاشتییە، وای کردووە ساڵانە میدیاکانی ئەڵمانیا و ئەورووپا بە گرنگییەوە رووماڵی ئاهەنگەکانی نەورۆز بکەن و پیرۆزبایی ئاراستەی کوردانی دیاسپۆرا بکەن، ئەمەش دەرخەری ئەو راستییەیە کە کولتووری دەوڵەمەندی ئێمە، باشترین پردی پەیوەندییە بۆ تێکەڵبوون لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و راکێشانی سۆز و پشتگیریی گەلانی جیهان.
 
ئەوەی بەهایەکی ستراتیژیی زیاتری بەم وێستگە مێژووییە بەخشی، ئەو نەخشەڕێگا گشتگیرە بوو کە لە پەیامەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی دا بۆ ئامادەبووان و تەواوی رەوەندی کوردستانی لە جیهان خرایەڕوو، ئەو پرەنسیپە جەوهەرییانەی بوونەتە پێویستیی قۆناخەکە و ئێمە هەمیشە وەک ئامانجی باڵا دەڕوانینە پیادەکردنیان، وەک: پاراستنی ناسنامە و زمانی نەتەوەیی لەناو نەوەکانی داهاتوودا، خۆڕێکخستنەوەی رەوەندی کوردی لەسەر بنەمای یەکڕیزیی نەتەوەیی، نواندنی رۆڵی باڵیۆزێکی شارستانی کە رێز لە بەهاکانی وڵاتانی میوانگر بگرێت، دروستکردنی لۆبییەکی یەکگرتوو بۆ داکۆکیکردن لە ئاشتی و مافە رەواکانی گەلەکەمان، رێک ئەو بابەتە هەستیارانە بوون کە جەنابی سەرۆک وەکو دیدگایەکی نەتەوەیی و سیاسیی قووڵ لە پەیامەکەیدا بۆ تاراوگەنشینان ورووژاندنی.
 
ئێمە سەرکەوتنی رێوڕەسمەکەی شاری بۆن و ئەو ئاراستە ستراتیژییانەی لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دا هاتبوون، وەک بەردی بناخەی قۆناخێکی نوێی خەباتی دیپلۆماسی و رێکخراوەیی خۆمان لە دەرەوەی وڵات دەبینین.
 
لێرەوە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە دووپاتی دەکەینەوە، کە تەواوی هەوڵ و تواناکانمان دەخەینەگەڕ بۆ وەرگێڕانی دیدگا و پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ سەر واقیعی پراکتیکی و جێبەجێکردنیان بەبێ درێخی، ئەرکی لەپێشینەمان ئەوە دەبێت کە ئەو راسپاردانە بکەینە چوارچێوەیەکی کاری دامەزراوەیی، تاوەکو رەوەندی کوردستانی ببێتە دوانە و تەواوکەری هێزی ناوخۆیی کوردستان و لەم سەردەمەی جیهانگیریدا، کاریگەرترین رۆڵ لە پاراستنی دەستکەوتەکان و گەیاندنی دەنگی رەوای نەتەوەکەمان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگێڕێت.
 
لە کۆتاییدا، دەمەوێت سوپاسێکی گەرم و بێپایانی هەموو ئەو کوردە نیشتمانپەروەرانەی دیاسپۆرا بکەم کە بەو جۆش و خرۆشەوە ئامادەی ئەم ئاهەنگە نەتەوەییە بوون و بە شەکاندنەوەی ئاڵای پیرۆزی کوردستان، پەیامی زیندوویی نەتەوەکەمانیان بە جیهان گەیاند.
 
هەروەها، جێی خۆیەتی دەستخۆشی و سوپاسێکی تایبەت ئاراستەی هەموو ئەوانە بکەم کە شەونخونییان کرد و ئەرکی رێکخستن و بەڕێوەبردنی ئەم کەرنەڤاڵە مەزنەیان لەئەستۆ گرت، ئامادەبوونی ئێوە و ماندووبوونی رێکخەران، سەلماندی کە شادەماری کوردایەتی لە دەرەوەی وڵات چەندە بەهێزە و هێز و ورەیەکی گەورەتر بە هەموومان دەبەخشێت بۆ بەردەوامبوون.
 
هاوکات، جێی خۆیەتی سوپاس و پێزانینی تایبەتمان ئاراستەی دەزگاکانی راگەیاندن و میدیاکانی کوردستان بکەین، کە بە گرنگیپێدانێکی زۆرەوە رووماڵی ئاهەنگەکەی نەورۆزی شاری بۆنی ئەڵمانیایان کرد و پەیام و دەنگ و رەنگی ئەم هێزە گەورەیەی رەوەندی کوردستانیان بە ناوخۆی نیشتمان و تەواوی جیهان گەیاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

عومەر ئەحمەد

پیشەسازیی ئێران دوای 19 رۆژی جەنگ

لە ماوەی 19 رۆژی جەنگ دا، ژێرخانی پیشەسازیی بەرگریی ئێران وێرانکراوە، زنجیرەی دابینکردنی خۆراک کەوتووەتە نێو دۆخێکی مەترسیداری بایۆلۆجییەوە و سیستەمی بانکی و بازرگانی لە دۆخێکی یەکجار زۆر مەترسیداردایە.