هەرێمی كوردستان پەراوێزنەخراوە

26-01-2018
د. دلاوەر ئاژگەیی
نیشانەکردن هەرێمی کوردستان
A+ A-

یەكێك لەو بابەتە گرنگ و بایەخدارانەی دوای ئەنجامدانی گشتپرسی و رووداوەكانی دوای 16 ئوكتۆبەر گرنگە شرۆڤەی وردی بۆ بكرێت و بەتایبەتی وردەكارییەكانی بخرێنەڕوو و تیشكیان بخرێتە سەر، پێگەی دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە و ناوەندە نێودەوڵەتییە بڕیاربەدەستەكانە لە دوای ئەم رووداوانەوە.

ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ و خاوەن قەوارەیەكی سیاسی سەربەخۆ نییە و لەلایەن بەغداوە هەوڵی جیدی دراوە تەوق بدرێت و گەمارۆی دیپلۆماسی بخرێتەسەر و، لەو رووەشەوە كۆششی جیدی بۆكراوە، بەڵام پێگەی سیاسی و جیۆپۆلیتیكی و ئابووری و دۆخی سەقامگیر و بەهێزی ئاسایش و ئەزموونی رابردووی لە چارەرسەركردنی كێشەكانی سەر گۆڕەپانی ململانێیەكانی ناوخۆی عێراق بەگشتی و ناوچەكەش بەتایبەتی، وایكردووە نە تەنیا وەك دۆزێكی پشتگوێخراوی پاشكۆی ناكۆكییە ئەتنییەكانی ناوخۆی عێراق سەیر نەكرێت ، بەڵكو بە یەكێك لە فاكتەرە بەهێزەكانی دەستەبەركردن و پاراستنی سەقامگیری سیاسی و یەكلاییكەرەوەی هاوكێشەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەژمار بكرێت و سیاسەتمەدارنی ئەوروپایی وەك فاكتەرێكی نكۆڵی لێنەكراو پەراوێزنەخراوی داڕشتنی سیاسەت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پلانە درێژخایەنە نێودەوڵەتییەكان حیسابیان بۆ دەكەن.

ئەم راستییەش لە دوای هەوڵی گەمارۆدانی دیپلۆماسی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغدا بە ئاشكرا هەستی پێدەكراو راستییەكی شاراوە نییە. نموونەی هەرە بەرچاویش هەوڵی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەڵمانیا و بەلجیكا بوو كە لەبەر رێگەپێنەدانیان بۆ سەردانیكردنی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرلەبەری سەردانەكانیان بۆ بەغداش دا و بۆ شكاندنی ئەو گەمارۆ دیپلۆماسییە بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانیان كرد بۆ دەوەوەی وڵات. ئەم هەوڵانە هەڵگری كۆمەڵێك پەیامی روون و ئاشكرا بوون بۆ بەغدا كە عێراقێكی بێ هەرێمی كوردستان و تاكلایەنە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە قابیلی قبووڵكردن نییە و پێشوازی لێناكرێت و بگرە بەغدا بەم رەفتارە نامۆیانەی زەمینەسازی دەكات بە ئاراستەی سەپاندنی گەمارۆی دیپلۆماسی بەسەر خودی خۆیدا.

بەدیوێكی دیكەشەوە سیاسەتی هاوسەنگ و واقعبینانەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە و جیهانی دەرەوە لە ماوەیەكی كورتدا سەلمێنەری پێگەی بەهێزی هەرێمی كوردستانە لە سیاسەتی دەرەوە و بەتایبەتی بەدەستهێنانی پاڵپشتی وڵاتانی زلهێز و كاریگەری ئەوروپایی وەك فەرەنسا ، ئەڵمانیا و وڵاتانی دیكە لەم هەلومەرجە ناسك و دژوارەی ئێستادا كەوا لە ئاستی سەرۆكی وڵاتانی گەورە پێشوازیان لێكرد.

ئەمەش بە ئاشكرا ئاماژەیە بە رۆڵی بەرچاو و بەرزنرخێنراوی هەرێمی كوردستان و سیاسەتەكەی لە بوارەكانی دابینكردن و پاراستنی ئاسایشی ناوچەكە و سەقامگیری رامیاری و شەڕی داعش و پرسی پەنابەر و ئاوارەكان و ئاسایشی وزە و سیاسەتی پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان كەوا لەگەڵ پڕەنسیپ و بەها دیموكراسییەكان یەكدەگرنەوە.

بێگومان شكاندنی ئەم گەمارۆ دیپلۆماسییە بە هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان زەمینەخۆشكەرن بۆ شكاندنی گەمارۆكانی دیكە كە لە هەموویان گرنگتر گەمارۆی ئاسمانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان دەبن كە راستەوخۆ كاریگەرییان لەسەر ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی كوردستان دەبێت و بارودۆخی ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانیان بەرەو قۆناخێكی باشتر و دۆخێكی گونجاوتر دەبات.

ئەم هەوڵانەش بێگومان بەبێ خۆڕاگری هاووڵاتیانی كوردستان و بەبێ هەوڵی جیدی دیپلۆماسی و ناوخۆیی بەبێ گوشاری دەرەوە كارێكی ئاسان نەدەبوون.

لە داهاتووشدا بەدڵنیاییەوە دەرنجامە ئەرێنییەكانی ئەم سەردانە و دیدار و چاوپێكەوتنەكانی دیكە چ لە ئاستی نێودەوڵەتی و چ لە ئاستی عێراق لەڕووی پراكتیكییەوە بۆ هەموو لایەك دەردەكەون و دەبنە خاڵیكی وەرچەرخان لەپێناو باشتركردنی گوزەرانی گەلی كوردستان و بەهێزتركردنی پێگەی هەرێمی كوردستان هەم لە ناوچە و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.

جێگەی ئاماژەپێدانە كە سەرەڕای دروستبوونی لەمپەڕ لەبەردەم سەربەخۆیی كوردستان و بەئاكام نەگەیشتنی خەون و خولیا و خواستی نەتەوەییمان، بەڵام پەیام و دەنگی حەق و رەوا و شەرعی گەلی كوردستان لەمیانەی ئەنجامدانی گشتپرسییەوە بە گوێی هەموو جیهان و ناوەندەكانی بڕیار گەیشتووە و هەر ئەمەش فاكتەری سەرەكی و بەرچاوی گوشاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بۆسەر بەغدا، بە ئاراستەی جێبەجێكردنی سەرجەم خاڵ و مادە و مافە دەستوورییەكان و رازیكردنی و قەناعەت پێکهێنانی خەڵكی كوردستان بە مانەوەیان لە چوارچێوەی عێراقدا، لە رێگەی بەدیهێنانی مافە دەستووری و یاسایی و رەواكانی.

هەوڵی دیپلۆماسی و بایەخپێدانی وڵاتانی وەك ئەڵمانیا و فەرەنسا كەوا بە دوو كۆڵەکەی سەرەكی یەكێتی ئەوروپا دادەنرێن و دیكۆمێنتەكانی ستراتیژی نوێی یەكێتی ئەوروپا لەسەر عێراق، سەلمێنەری ئەو راستییەن، كە هەرێمی كوردستان لەكۆی گشتی هاوكێشە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا پەراوێزنەخراوە و خاوەنی پێگەیەكی بەهێز و بە بایەخە.

*نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتی ئەوروپا


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە