کاتێک جیم ئۆنیڵ، ئابووریناسی بەریتانی، لە توێژینەوەکەیدا لە ساڵی 2001دا زاراوەی "بریک" (BRIC)ی داهێنا، پێشبینی نەدەکرد ئەم چەمکە لە کەمتر لە دوو دەیەدا ببێتە راستییەکی جیۆپۆلیتیکی و دامەزراوەیەکی بەرجەستە. لەگەڵ ئەوەشدا، شیکارییەکەی ئەو بە دروستی ئاماژەی بە سەرهەڵدانی جەمسەرێکی نوێی گەشەی ئابووری کرد کە چەقەکەی وڵاتانی بەرازیل، رووسیا، هیندستان و چین بوون.
ئەو بە ناڕاستەوخۆ هۆشداریی دابووە وڵاتانی کۆمەڵەی (G7) کە دابەشبوونی هێزی ئابووری لە جیهان دا بەرەو گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی دەچێت، کە ڕەنگە تا ناوەڕاستی ئەم سەدەیە ببێتە هۆی کۆتاییهاتن بە باڵادەستیی ڕۆژئاوا. ئەمڕۆ کە سەیری رابردوو دەکەین، دەردەکەوێت کە پێشبینییەکەی ئۆنیڵ تەنیا گریمانە نەبووە، بەڵکو خوێندنەوەیەکی وردی داهاتوو بووە؛ چونکە ئەم دەوڵەتانە هەنگاو بە هەنگاو پێگەی ئابووری و سیاسیی خۆیان چەسپاندووە و بوونەتە کارەکتەری سەرەکی لە ئابووریی سیاسیی جیهاندا.
لە سەرەتای دروستبوونیانەوە، وڵاتانی "برێکس BRICS" پێگەیەکی پێکهاتەییان گرتووە کە تەحەدای ئەو سیستمە تاکجەمسەرییەی دوای جەنگی سارد دەکات کە ئەمریکا و هاوپەیمانە ڕۆژئاواییەکانی رێبەرایەتییان دەکرد. ئەم پێگەیە بەتایبەتی دوای قەیرانی دارایی جیهانیی ساڵی 2008 دەرکەوت، کە لاوازییەکانی ناو سیستمی ئابووریی رۆژئاوای ئاشکرا کرد. لەو چوارچێوەیەدا، رووسیا هەلی کشانەوەی رۆژئاوای قۆستەوە و لە ساڵی 2009دا یەکەمین لووتکەی فەرمیی برێکسی لە "یە کاتێرینبێرگ" رێکخست. ئامانجە راگەیێندراوەکە بریتی بوو لە پەرەپێدانی سیستمێکی نێودەوڵەتیی فرەجەمسەر و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە دامەزراوە دارایی و سیاسییەکانی ژێر سێبەری ئەمریکا. هەرچەندە وەک دەسپێشخەرییەکی بەکۆمەڵ وێنا دەکرا، بەڵام هەر دەوڵەتێکی ئەندام، برێکسی وەک ئامرازێک بۆ پێشخستنی ئامانجە ستراتیژییەکانی خۆی بەکارهێنا، کە زۆربەیان پێشتر لەناو چوارچێوەکانی ژێر دەسەڵاتی رۆژئاوا دا پەراوێز خرابوون.
ستراتیژی چین بۆ برێکس لە سەردەمی شی جینپینگ دا، سیستماتیکتر و لەڕووی ئایدیۆلۆژییەوە یەکگرتووتر دەردەکەوێت. پەکین ستراتیژییەکی سێ ڕەهەندی پەیڕەو دەکات: یەکەم؛ چین "باشووری جیهانی Global South" هەم وەک پێگەی جەماوەری و هەم وەک قەڵغانێکی پارێزەر دەبینێت و خۆی وەک پارێزەری سەرەکیی وڵاتانی لە گەشەسەندوو نیشان دەدات. لە ڕێگەی برێکسەوە، "شی" هەوڵیداوە مۆنۆپۆڵی نۆرماتیڤی دیموکراسیی لیبڕاڵی ڕۆژئاوا بشکێنێت و مۆدێلێکی جێگرەوەی حوکمڕانی پێشکێش بکات کە جەخت لەسەر گەشەپێدانی دەوڵەت-تەوەر و سەقامگیریی سیاسی دەکاتەوە. دووەم؛ چین بە شێوەیەکی زیادبوو هاوکاریی ئابووریی لەگەڵ گوتاری ئەمنی تێکەڵ کردووە. لە وتارەکانی ئەم دواییەی لووتکەکەدا، شی بە ڕاشکاوی هاوکارییەکانی برێکس بە بەرگری لە دژی سزای یەکلایەنە و دەستێوەردانی دەرەکی دەبەستێتەوە، کە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆیە بۆ سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر تایوان و دەریای چینی باشوور و گەمارۆکانی سەر چین. سێیەم؛ چین هەڵوێستێکی تووندتری گرتووەتە بەر بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەژموونی دارایی ئەمریکا، ئەوەش لە رێگەی پەرەپێدانی ژێرخانی جێگرەوە، لەوانە نێودەوڵەتیکردنی "یوانی دیجیتاڵی" و فراوانکردنی سیستمەکانی پارەدانی چینی بۆ پاراستنی بازرگانی لە سزاکانی ئەمریکا و کڕینی کانزای زەرد و سپیش.
گرنگیی جیۆپۆلیتیکیی برێکس لە لووتکەی ساڵی 2023ی جۆهانسبێرگ دا بە شێوەیەکی بەرچاو فراوانتر بوو، کە تێیدا ڕێکخراوەکە لە کۆڕبەندێکی جێگیرەوە گۆڕا بۆ بلۆکێکی دامەزراوەیی. وەرگرتنی ئەندامانی نوێ وەک ئیمارات، میسر، ئەسیوپیا و ئێران، و دواتریش خواستی زیاتر لە 30 دەوڵەتی دیکە، نیشانەی تینوێتیی هێزە ناوچەییەکانە بۆ دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ دامەزراوە رۆژئاواییەکان. سەرپەرشتیکردنی چین بۆ "بانکی گەشەپێدانی نوێ" (NDB) لە شەنگەهای، ئەم تەوژمەی بەهێزتر کردووە، چونکە داراییەک بۆ گەشەپێدان پێشکێش دەکات کە لە چاو میکانیزمەکانی رۆژئاوا نەرمتر و لە رووی سیاسییەوە بێلایەنترە. پەیوەندیکردنی دواتری ئەندۆنیزیا، دەسەڵاتی برێکسی بۆ باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا درێژکردەوە و جەختی لەسەر ئەو تەماعە کردەوە کە وەک پلاتفۆرمێکی نێوان-ناوچەیی راستەقینە کار بکات.
جگە لە هاوکارییە داراییەکان، برێکس دەستی کردووە بە دروستکردنی ژێرخانی ئابووریی هاوتەریب، لەوانە سیستمەکانی پارەدانی جێگرەوە بۆ ڕکابەریکردنی "سویفت" (SWIFT). ئەم گۆڕانکارییە ئەو تێڕوانینەی لای واشنتن بەهێز کردووە کە برێکس تەنیا کۆنسۆرتیۆمێکی ئابووری نییە، بەڵکو تەحەدایەکی سیستماتیکە. لەم چوارچێوەیەدا، رەهەندی ئەمنیی ستراتیژییەکەی "شی" گرنگییەکی زۆرتر وەردەگرێت. هەماهەنگیی زیادبووی نێوان برێکس و پرسە ئەمنییەکان، وای کردووە بەراوردکاری لەگەڵ "ناتۆ" بکرێت وەک دەربڕینی سەرەکیی هێزی رۆژئاوا. دووبارە دەرکەوتنی پرسە ستراتیژییەکانی وەک "گرینلاند" لە گوتاری سیاسیی ئەمریکادا، و هەوڵە چڕەکانی واشنتن لە ناوچەکانی وەک ئەمریکای لاتین، رەنگدانەوەی هەوڵێکە بۆ هاوسەنگکردنەوەی هەژموونی فراوانبووی برێکس. دەستێوەردان و سزاکانی ئەمریکا، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە ڤەنزوێلا و ئێران، دەکرێت وەک وەڵامێکی بەرگرییانە لێک بدرێنەوە بۆ رێگریکردن لە چەسپانی زیاتری گۆڕەپانی نفوزی برێکس.
لەم نێوەندەدا، درزە ناوخۆییەکانی ناو ناتۆ و هاوپەیمانیی رۆژئاوا زیاتر دەردەکەون، بەتایبەت دوای باسی داگیرکردنی گرینلاند لەلایەن ترەمپەوە. سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بە راشکاوی رایگەیاندووە کە ئەگەر ئەمریکا هێرش بکاتە سەر ئەندامێکی دیکەی ناتۆ (وەک خاکی گرینلاندی دانیمارک)، ئەوا بە کردەیی بە واتای کۆتاییهاتنی هاوپەیمانیی ناتۆ دێت، چونکە پرەنسیپی سەرەکیی بەرگریی بەکۆمەڵ دەشکێنێت. چین و ڕووسیاش ئەم درزانەیان لە ڕێگەی دیپلۆماسیی ئابووری و گوتاری "هاوکاریی هەموو-براوە" قۆستووەتەوە، بەتایبەتی وەک وەڵامێک بۆ سیاسەتە بازرگانییە پارێزگارییەکانی سەردەمی ترەمپ. پەیوەندییەکانی پەکین لەگەڵ کەنەدا دوای سزاکانی ئەمریکا، نموونەیەکی ئەم ستراتیژییەن. هەرچەندە کەنەدا لە رووی پێکهاتەییەوە بەشێکە لە G7 و ناتۆ، بەڵام رێکخستنەوەی دیپلۆماسییان بەرامبەر پەکین، نیشانەی نیگەرانیی قووڵی هاوپەیمانانی ئەمریکایە لە سیاسەتە یەکلایەنەکانی واشنتن. هەمان داینامیک لای ئەندامانی ناتۆ وەک هەنگاریا، سلۆڤاکیا و تورکیا دەبینرێت، کە ئارەزوویەکی زۆریان بۆ برێکس نیشان داوە وەک هۆکارێک بۆ هەمەجۆرکردنی بژاردە ستراتیژییەکانیان.
ئەو پرسیارەی کە ئایا سیستەمی نێودەوڵەتیی داهاتوو لەلایەن "ناتۆ" یان "برێکس"ەوە فۆرمەڵە دەکرێت، هێشتا بێ وەڵام ماوە، بەڵام ئاڕاستەکان ئاماژە بە داخورانی یەکگرتوویی ڕۆژئاوا و فراوانبوونی تۆڕەکان بە چەقایەتیی چین یان بلۆکی ڕۆژهەڵات دەکەن. واشنتن بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێک کە پێشینە دەداتە کارە یەکلایەنەکان، مەترسیی لەدەستدانی ئەو هاوبەشانەی لەسەرە کە بەرژەوەندییان لەگەڵ کارنامە ستراتیژییەکانی ئەو یەکناگرێتەوە. لە بەرامبەردا، شێوازی "هێزی نەرم"ی پەکین کە ڕەگی لە وەبەرهێنانی ژێرخان، دارایی گەشەپێدان و گشتگیریی دامەزراوەییدایە، وای لێکردووە بازنەیەکی فراوانتر لە هاوبەشان ڕابکێشێت بەبێ ئەوەی مەرجی ئایدیۆلۆژیی توندیان بەسەردا بسەپێنێت. ئەمە لە کاتێکدا هێشتا پەکین نادیاری و لەسەرخۆیی زۆری پێوەدیارە لە بەهاناچوونی دۆستەکانی!
جێی سەرنجە، برێکس هاوکاریی پراگماتیستیی تەنانەت لە نێوان ئەو دەوڵەتانەشدا ئاسان کردووە کە مێژوویەکی پڕ لە ململانێیان هەیە؛ وەک چۆن لە باشتربوونی پەیوەندییەکانی چین و هیندستان بینرا کاتێک "شی و مۆدی" لە لووتکەی برێکسی ساڵی 2024لە "کازان" کۆبوونەوە. هاوکات، چین پێگەی خۆی لە ئەفریقا و ئەمریکای لاتین قایم کردووە و ئێستا کۆنترۆڵی پڕۆژە گەورەکانی گەشەپێدان و دەرهێنانی سەرچاوە سروشتییەکان دەکات. ئێستا برێکس بە نزیکەیی 45٪ی دانیشتووانی جیهان و زیاتر لە سێیەکی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی جیهانی (GDP) پێکدەهێنێت و لە چەندین پێوەری سەرەکیدا پێش (G7) کەوتووە. بەم پێیە، پێشنیارە سەرەتاییەکەی ئۆنیڵ لە تیۆرییەوە گۆڕاوە بۆ ڕاستییەکی دیاری جیهانی، کە ئاماژەیە بۆ سەرهەڵدانی سیستەمێکی فرەجەمسەر کە زیاتر لەلایەن "باشووری جیهانی"یەوە ئاڕاستە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ