ئه‌گه‌ر به‌دوای هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی نه‌مانی متمانه‌ی سیاسی له هه‌رێمی كوردستاندا بگه‌ڕێین، ده‌گه‌ینه خاڵێك كه وه‌ك یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كان خۆی ده‌رده‌خات، ئه‌ویش به پەرله‌مانكردنی میدیا و به میدیاكردنی په‌رله‌مانه، چونكه كاتێك سه‌یری پەرله‌مان ده‌كه‌ین، پڕه له میدیاكار و كه سه‌یری میدیاكانیش ده‌كه‌ین، پڕن له په‌رله‌مانتار.
ئه‌م دۆخه ره‌نگه به‌شێكی په‌یوه‌ندی به باكگراوندی میدیایی به‌شێكی زۆر له په‌رله‌مانتارانی ئه‌م خوله‌وه هه‌بێت، چونكه به گوێره‌ی ده‌ره‌نجامه سه‌ره‌تاییه‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی زانستی، كه له ناو په‌رله‌مانتارانی خولی چواره‌می پەرله‌ماندا ئه‌نجامم داوه، زیاتر له (٪٥٠)یان، پێشتر یان رۆژنامه‌نووس و میدیاكار بوون، یاخود به جۆرێك له جۆره‌كان له‌گه‌ڵ میدیای حیزبی و لۆكاڵی ئه‌م هه‌رێمه سه‌رقاڵییه‌كی راسته‌وخۆیان هه‌بووه، هه‌ر ئه‌مه‌یش كاریگه‌ری له‌سه‌ر كار و ئه‌دایان داناوه و وایكردووه، به‌شێك له گوفتار و ره‌فتاره‌كانیان به پێچه‌وانه‌ی درووستكردنی متمانه‌ی سیاسییه‌وه بێت.
ئاخر متمانه‌ی سیاسی به پێچه‌وانه‌ی متمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به‌ڕه‌نگێكی راسته‌وخۆ په‌یدا نابێت، له‌و نێوه‌نده‌دا میدیا هه‌م رۆڵێكی گرنگ و هه‌م به‌رپرسیارێتیییه‌كی گرنگیشی له ئه‌ستۆدایه، رۆڵه گرنگه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه، كه وه‌ك پردێك زانیاری له باره‌ی ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌ته‌وه به خه‌ڵك بگه‌یه‌نێت، به‌رپرسیارێتییه گرنگه‌كه‌یشی له‌وه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت، كه زانیارییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی بێلایه‌نانه بگه‌یێنێت و نه‌بێته هۆی نه‌مانی متمانه‌ی خه‌ڵك به سیاسه‌ت و دامه‌زراوه‌كانی.
له‌مه‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه نیه، كه هه‌وڵدان بۆ دروستكردنه‌وه‌ی متمانه‌ی سیاسی لای خه‌ڵك، بكه‌ینه پێشمه‌رجی ناسینه‌وه‌ی خه‌سڵه‌ته‌كانی میدیایه‌كی سه‌ركه‌وتوو، به‌ڵام ناكرێت ئه‌و راستییه‌یش نادیده بگرین، كه به‌هۆی فره جه‌مسه‌ری میدیا له هه‌رێمی كوردستان، دۆخێك دروستبووه، له ئه‌ركه گرنگه‌كه‌ی خۆی دووركه‌وتووه‌ته‌وه و له هه‌ندێك حاڵه‌تیشدا، بووه‌ته هۆی شێواندنی رای گشتی و وێرانكردنی متمانه‌ی خه‌ڵك، له به‌رانبه‌ر دامه‌زراوه‌كاندا، ئه‌مه له كاتێكدا ناكرێت نكوڵی له‌وه‌یش بكه‌ین، كه دامه‌زراوه‌كانیش به قۆناغی قه‌یراناوی قوڵدا تێده‌په‌ڕن، بۆیه بۆ زیاتر خستنه‌ڕووی ئه‌م گرفته، پێویسته په‌نا بۆ دوو دیمه‌ن ببه‌ین، كه هه‌ردووكیان پێكه‌وه بوونه‌ته به‌شێك له‌و هۆكاره سه‌ره‌كییه‌ی كه كه پێشتر باسم كرد.
دیمه‌نی یه‌كه‌م: پەرله‌مان
هه‌رێمی كوردستان به ناو كۆمه‌ڵێك قه‌یراندا تێده‌په‌ڕێت، له دۆخێكی ئاوایشدا هه‌مووان چاویان له دامه‌زراوه سیاسییه‌كانه، كه بۆ كۆمه‌ڵگه ببنه‌وه به سه‌رچاوه‌ی (ئیلتیامبه‌خشین)، كه‌چی به پێچه‌وانه‌وه، دامه‌زراوه سیاسییه‌كان رۆڵی خۆیان له بیركردووه و خه‌ریكه ده‌بنه هۆكارێك بۆ قوڵبوونه‌وه‌ی زیاتری قه‌یرانه‌كان، بۆ نموونه ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك دامه‌زراوه‌یه‌كی سیاسی وه‌ربگرین، ده‌بینین كه نه‌ك هه‌ر نه‌یتوانیوه ببێته نێوه‌ندگیرێك و رۆڵی چاكه‌ی هه‌بێت، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه وه‌كو كارخانه‌یه‌ك بۆ به‌رهه‌مهێنانی به‌شێكی زۆر له قه‌یرانه‌كان ده‌رده‌كه‌وێت.
په‌رله‌مان به سێ ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كه‌ی واته (یاسادانان، چاودێری، نوێنه‌رایه‌تی) ده‌ناسرێته‌وه، به‌ڵام به داخه‌وه له‌م خوله‌ی ئێستایدا، به‌شێوه‌یه‌كی كاریگه‌ر هیچ كام له‌و ئه‌ركانه‌ی جێبه‌جێ نه‌كردووه، له هه‌مانكاتیشدا هه‌وڵی داوه، كه رۆڵ و ئه‌ركی نوێ بۆ خۆی زیاد بكات، له‌وانه دروستكردنی سه‌كۆیه‌ك بۆ حیزبایه‌تی و گه‌رمكردنی زیاتری ململانێی پارته‌كان، دروستكردنی مینبه‌ری خۆ ده‌رخستن و خۆ نواندن بۆ میدیاكان، جێگرتنه‌وه‌ی تاقیگه زانستییه‌كان و شیكردنه‌وه‌ی به‌رهه‌مه په‌تڕۆڵییه‌كان، فه‌توا ده‌ركردن و حه‌رامكردن، هه‌وڵدان بۆ جێگرتنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری، ده‌ركردنی بڕیار بۆ جێبه‌جێ نه‌كردنی بڕیار، ده‌ركردنی یاسا بۆ سڕكردنی یاسا و ... هتد.
كه ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌ركه سه‌ره‌كییه‌كانیشی، ده‌بینین بۆ ده‌ركردنی بڕیار و یاساكان، پێویسته میكانیزمێك بۆ جێبه‌جێ كردنیان هه‌بێت، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و میكانیزمه نه‌بێت، جێبه‌جێ كردنیان زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت، هه‌روه‌ها قه‌یرانی دارایش رێگه ده‌گرێت له ده‌رچواندن یان جێبه‌جێ كردنی ئه‌و یاسایانه‌ی، كه ره‌هه‌ندی داراییان هه‌یه.
له ئه‌ركی چاودێریكردنیش نه‌یتوانیوه وه‌ك پێویست رۆڵه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی ببینێت، چونكه زۆرجار ئه‌و ئه‌ركه ده‌چێته خانه‌ی گرێی سایكۆلۆژی لایه‌نه‌كان، بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر فراكسیۆنێك پرسیار ئاراسته‌ی وه‌زیری لایه‌نێكی دیكه بكات، پەرله‌مانتارانی ئه‌و لایه‌نه‌ی وه‌زیره‌كه، كاره‌كه به شه‌خسی وه‌رده‌گرن و وه‌زیری سه‌ر به فراكسیۆنه‌كه‌ی دیکە پرسیارباران ده‌كه‌ن، هه‌ندێكجاریش تا ئاستی ته‌شهیر پێكردن ده‌چێت.
به كورتی كاتێك پەرله‌مان وه‌ك لایه‌نێكی ململانێ و خه‌سمی خۆی، سه‌یری حكومه‌ت بكات، ئه‌وا ئه‌ركی چاودێریكردنه‌كه‌ی بێلایه‌نانه نابێت، به داخه‌وه له‌م خوله‌دا په‌رله‌مان به‌هۆی زاڵبوونی پره‌نسیپی حیزبی، نه‌یتوانیوه میكانیزیمی چاودێری كردنه‌كه‌ی به‌شێوه‌یه‌ك دابڕێژێت، كه بێلایه‌نانه بێت و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا بێت، كه‌واته كاتێك ئه‌ركی یاسادانان و چاودێری به‌وشێوه‌یه ناله‌بار ده‌ربكه‌ون، ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تییه‌كه‌یشی زۆر ئه‌سته‌م ده‌بێت.
دیمه‌نی دووه‌م: میدیا
لێره‌دا راستییه‌ك هه‌یه ده‌بێت له‌به‌رچاوی بگرین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه به‌هۆی كه‌م ئه‌زموونی میدیا له هه‌رێمی كوردستان، ناتوانین چاوه‌ڕوانی كاری باشتر له‌و بواره بكه‌ین، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یێنێت كه مامه‌ڵه‌ی نادروست و نابه‌رپرسانه‌یان پشتگوێ بخه‌ین، چونكه دواجار میدیا له‌ڕێی كاریگه‌رییه‌كانییه‌وه، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی ناته‌ندروستیش بێت، ده‌توانێت رای گشتی دروست بكات، بۆیه پێویسته هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر ئه‌م بواره بكه‌ین و باس له كه‌موكوڕییه‌كانیان بكه‌ین.
ئه‌گه‌ر به وردی سه‌یری دۆخی ئێستای میدیا له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ین، هه‌ست به‌و جیاوازییه ده‌كه‌ین، كه له نێوان میدیای ئێستا و میدیای ده‌یه‌یه‌ك به‌ر له ئێستا بوونی هه‌یه، چونكه ئێستا له ناو دامه‌زراوه میدیاییه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌وڵێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن، كاره‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی پڕۆفیشناڵانه ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵام ئه‌و هه‌وڵه‌یش له‌به‌ر پابه‌ندی حیزبییه‌وه، پێشڤه‌چوونه‌كانیان به‌رزی و نزمی جیاواز به خۆیانه‌وه ده‌بینن.
ده‌توانین بڵێین، ئێستا میدیای كوردی له قۆناغی گواستنه‌وه دایه، گواستنه‌وه له میدیایه‌كی پارتیزانه‌وه به‌ره‌و میدیایه‌كی نیمچه پارتیزان، به‌ڵام به داخه‌وه له‌م گواستنه‌وه‌یشدا نه‌یتوانیوه وه‌ك پێویست ئه‌ركه راسته‌قینه‌كه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه و به بێلایه‌نی به دوای زانیارییدا بگه‌ڕێت و زانیاری ببه‌خشێت، نه‌یتوانیوه ببێته سه‌رچاوه‌یه‌كی زانیاری باوه‌ڕپێكراو، تا خه‌ڵك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی ژیانی رۆژانه‌یان پشتی پێ ببه‌ستن، به‌ڵكو له به‌رانبه‌ردا بووه‌ته سه‌كۆیه‌ك بۆ ململانێی حیزبی و ساغكردنه‌وه‌ی حیساباته سیاسییه‌كان.
هه‌ر لایه‌نێكی سیاسی روویه‌كی بابه‌ته‌كان داخاته‌ڕوو (هه‌ڵبه‌ته ئه‌و رووه‌ی كه له به‌رژه‌وه‌ندی خۆی دایه)، له ئه‌نجامی هاودژی رووه‌كانی رووكراو دا، رووه‌كان ده‌كه‌ونه ململانێ و ئه‌م ململانێیه‌یش كاریگه‌ری له‌سه‌ر سایكۆلۆژیای گشتی كۆمه‌ڵگه به‌جێده‌هێڵێت.
به كورتی: ئه‌گه‌ر سه‌یری هه‌ر دوو دیمه‌نه‌كه‌ی سه‌ره‌وه بكه‌ین، ده‌بینین كه په‌رله‌مانێكی قه‌یراناوی له میدیایه‌كی قه‌یراناویدا وێنه ده‌كرێت و میدیایه‌كی پڕ له قه‌یرانیش له په‌رله‌مانێكی پڕ له قه‌یراندا به دیار ده‌كه‌وێته‌وه، هه‌ردووكیشیان پێكه‌وه، بوونه‌ته هۆی دابه‌زینی متمانه‌ی خه‌ڵك به سیاسه‌ت تا نزمترین ئاست و به‌و هۆیه‌وه خه‌ڵك بڕوای به دامه‌زراوه‌كان كه‌م بووەته‌وه، ئه‌م دۆخه‌یش بووه‌ته فاكته‌رێكی به‌هێز بۆ سه‌رهه‌ڵدانی كۆژانێكی دیكه، كه له ژانی کۆچی گه‌نجانه‌وه تا سه‌كته‌ی به ساڵاچووان درێژ ده‌بنه‌وه.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ