کارزان مەحموود لە هۆڵیوود بەربژێری خەڵاتێکی میوزیکییە

06-02-2025
پەسار فایەق
کارزان مەحموود بەربژێری خەڵاتی میوزیکی هۆڵیوود لە بواری میدیا
کارزان مەحموود بەربژێری خەڵاتی میوزیکی هۆڵیوود لە بواری میدیا
نیشانەکردن کارزان مەحموود خەڵاتی میوزیکی هۆڵیوود لە بواری میدیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کارزان مەحموود، ناوێکی دیاری جیهانی میوزیکە لە نێو کورد دا و ئێستا هەنگاوەکانی بەرەو ئاستێکی نێودەوڵەتین و زیاتر سەرقاڵی دانانی میوزیکی فیلمە، بەهۆیەوە بەربژێری خەڵاتی میوزیکی هۆڵیوود لە بواری میدیادا کراوە.
 
ئەو ئاوازدانەرە کوردە میوزیکی بۆ فیلمی "تۆوی هەنجیری پیرۆز - The Seed of the Sacred Fig" ئامادەکردووە، بەهۆیەوە بەربژێری خەڵاتە میوزیکییەکە کراوە، پێشتر هونەرمەندانی دیاری جیهان ئەو خەڵاتەیان بەدەستهێناوە، لەوانەش ئێڵتن جۆن، گۆرانیبێژ و ئاوازدانەری بەریتانی و هانس زیمەر، ئاوازدانەری ئەڵمانی.
 
فیلمەکە لە دەرهێنانی محەممەد رەسووڵۆف، دەرهێنەری ئێرانییە و بەناوی ئەڵمانیایەوە بۆ ئۆسکاری باشترین فیلم لە بەشی نێودەوڵەتیدا بەربژێرکراوە.
 
"تۆوی هەنجیری پیرۆز" بەربژێری خەڵاتی گۆڵدن گڵۆب بووە، هەروەها بەربژیری خەڵاتی بافتای بەریتانیایە کە بڕیارە خەڵاتەکانی لە 16ـی شوباتی 2025 رابگەیێندرێن، پێشتر خەڵاتی لیژنەی دادوەریی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی کانی بردووەتەوە، بە گشتی بەربژێری 59 خەڵاتە و 29ـی بەدەستهێناوە.
 
کارزان محەمموود، ئاوازدانەری کورد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی شوباتی 2025 میوانی بەرنامەی "رۆژی هیوا جەمال" بوو لە رووداو، لەبارەی خەڵاتکردن و بەربژێرکردنی "تۆوی هەنجیری پیرۆز" بۆ چەندین خەڵاتی جیهانی، گوتی، فیلمێکی باشە و زۆر بە باشی دروستکراوە، دەرهێنەرەکەی زۆر بە باشی کاری تێدا کردووە، ئەکتەرەکان زۆر بە باشی رۆڵیان گێڕاوە، لەگەڵ ئەوەش پەیامێکی مرۆڤانە و سیاسیی لەخۆدەگرێت، زۆر سەردەمیانەیە و باسی ئێستای ئێران دەکات.
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەموو ئەوەی لە رووی سیاسییەوە لە ئێران روودەدات؛ لە فیلمەکەدا لە نێو خێزانێکدا کۆکراوەتەوە و نووسەر و دەرهێنەر زۆر بە جوانی ئامانجەکەی پێکاوە. لەبەر ئەوەش لە هەموو جیهاندا تیشکی خراوەتە سەر.
 
لەبارەی میوزیکی فیلمەکە گوتی، نابێت هونەرمەند بیر لەوە بکاتەوە هونەرەکەی بەرەو کوێی دەبات، چونکە خۆی دەیبات بە هەموو شوێنێک کە کارەکانی شایەنیەتی. گوتیشی، لەگەڵ دەرهێنەری فیلمەکە محەممەد رەسووڵۆف پەیوەندی زۆر باشی هەیە، کاتێک کاری بۆ فیلمەکە کردووە، بیریان لەوە نەکردووەتەوە فیلمەکە بە کوێ دەگات. 
 
هونەرمەند لە ستۆکهۆڵمی سوێدەوە میوانی بەرنامەکە بوو و روونیکردەوە، خۆشەویستی مرۆڤ بۆ کارەکەی دەیگەیێنێت بەو شوێنەی، رۆژێک لە رۆژان بیری لێنەکردووەتەوە.
 
خەڵاتی میوزیکی هۆڵیوود لە بواری میدیا بە (HMMA) دەناسرێت و لە 2009 راگەیێندراوە، دەبەخشرێتە باشترین میوزیکی فیلم، بەڵگەفیلم، بەرهەمی تەلەڤزیۆنی، یاریی ڤیدیۆیی، ریکلام و ڤیدیۆکلیپ، لە کۆتایی تشرینی دووەمی 2025 خەڵاتەکانی رادەگەیندرێن.
 
هیوا جەمال، پێشکشکاری دیاری رووداو پرسیاری گرنگیی میوزیک لە فیلمدا لە میوانەکەی کرد، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: دەکرێت بڵێین میوزیک رۆحی فیلمە و رۆڵێكی زۆر گەورەی هەیە و زۆر یارمەتی گێڕانەوەی چیرۆک دەدات و دەیباتە پێشەوە. پێشبینی ئەوەی نەکردووە بەربژێری خەڵاتی میوزیکی هۆڵیوود لە بواری میدیا بکرێت، ئەوەشی خستەڕوو، فیلمەکە میوزیکێکی زۆر کەم لە خۆی دەگرێت، بەڵام لەو شوێنانەدا بەکارهاتووە کە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی هەیە. 
 
کارزان مەحموود جگە لە دانانی ئاواز بۆ فیلم و گۆرانی و بەرهەمی میدیایی، کاری میوزیکی بۆ چەند یارییەکی ڤیدیۆیی کردووە، لەمبارەیەوە گوتی، یاریی ڤیدیۆیی دنیای داگیر کردووە، بەهۆی پەیوەندییەکانییەوە توانیویەتی میوزیک بۆ یارییەکان دابنێت، میوزیکی کوردیشی لە یارییەکاندا بەکارهێناوە، لەوانەش یاریی ڤیدیۆیی "Insurgency: Sandstorm".
 
ئەو ئاوازدانەرە کوردە ئاواز و میوزیکی بۆ هونەرمەندانی گۆرانیبێژی کورد داناوە، بەڵام ئێستا زیاتر بە کاری میوزیکی فیلمەوە سەرقاڵە، لەمبارەیەوە ئاشکرای کرد، بە بەراورد لەگەڵ رابردوو کەمتر کاری بۆ هونەرمەندانی گۆرانیبێژ کردووە، ئێستا چەند بەرهەمێکی بەدەستەوەیە و کاریان لەسەر دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا کاری میوزیکی فیلم زۆر لە کاتی دەگرێت.
 
کارزان مەحموود، ئاوازدانەری کورد لە سلێمانی لەدایکبووە، لە سوێد دەژی و بەکالۆریۆس و ماستەری لە بواری میوزیک لەو وڵاتە هەیە، جگە لە دانانی ئاواز بۆ گۆرانی، ئاواز و میوزیک بۆ فیلم و یاریی ڤیدیۆیی ئامادە دەکات. 
 
بەشێک لەو بەرهەمانەی کاری میوزیکی بۆیان کردووە، فیلمەکانی "Shed No Tears"، "Paths"، "09" و "I'll Be Home for Christmas"، هەروەها هەریەک لە زنجیرەی "The Restaurant"، "Evil"، "Beck"، "Sveriges sista kungar"، "Anxious People"، "Agent Hamilton". لە یارییە ڤیدیۆییەکانیش، کاری میوزیکی بۆ "Battlefield 1"، "Battlefield V" و "Insurgency: Sandstorm" کردووە. 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خەڵاتەکە درایە ناجی کانی سانانی، نوێنەر و ئەندامی ئەنجوومەنی سەوزی چیای مەریوان و دکتۆر مەحموود مبارەکشاهی، ئەندام و نوێنەری ناوەندی ڤەژین لە مەریوان

خەڵاتی نێ درایە دوو هاونیشتمانی خەڵکی مەریوان

ئەمڕۆ شەممە، 15ی ئاداری 2025، ئەندامێکی ئەنجوومەنی ئەدەبی مەریوان بە رووداوی راگەیاند: "ئێوارەی دوێنی، رێوڕەسمی ساڵانەی بەخشینی خەڵاتی نێ لە شارۆچکەی نێ سەر بە شاری مەریوان لە پارێزگای سنە بەڕێوەچوو".