کۆمپانیاکانی هۆڵیوود روو لە کەنەدا و ئەورووپا دەکەن

10-07-2025
پەسار فایەق
نیشانەکردن هۆڵیوود خەڵاتی میوزیکی هۆڵیوود لە بواری میدیا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەرتی کات بەسەربردنی ئەمریکا بە یەکێک لە قووڵترین قەیرانەکانی دەیان ساڵی رابردوودا تێدەپەڕێت. ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان لە هۆڵیوودەوە روو لە بازاڕی وڵاتانی دیکە دەکەن کە هەرزانترن و کار ئاسانی زیاتر دەکەن، لەوانەش کەنەدا، ئوسترالیا و بەریتانیا. 
 
ئەمە وایکردووە هۆڵیوود کە وەک پایتەختی سینەما لە جیهاندا دەناسرێت، پێگەی پێشەنگی خۆی لەدەستبدات و دەرفەتێکی مێژوویی بۆ وڵاتانی دیکە، لەنێویاندا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بڕەخسێنێت.
 
دوایین ئامارەکان دەریدەخەن کە لۆس ئەنجلس، لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا کەمترین رۆژی وێنەگرتنی لە ماوەی 17 ساڵی رابردوودا تۆمارکردووە. ئەمە تەنیا قەیرانێکی کاتی نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی بنەڕەتییە کە نەخشەی پیشەسازیی کات بەسەربردن لە جیهاندا سەرلەنوێ دەکێشێتەوە.
 
بەپێی داتاکانی دامەزراوەی "FilmLA"، رۆژەکانی وێنەگرتنی مەیدانی لە لۆس ئەنجلس لە چارەکی یەکەمی ساڵی 2025ـدا بە رێژەی 22.4% دابەزیوە و تەنیا 5295 رۆژ بووە. هەموو بەشەکانی بەرهەمهێنان پاشەکشەیان کردووە، جگە لە کەرتی ریکلام کە تەنیا 2.1% دابەزیوە.
 
هەرچەندە ئاگرکەوتنەوەکانی دارستانەکانی کالیفۆرنیا کاریگەرییان لەسەر سەتان کارمەند هەبوو، بەڵام هۆکاری سەرەکیی ئەم پاشەکشەیە نەبوون. فیلیپ سۆکۆلۆسکی، جێگری سەرۆکی پەیوەندییەکان لە دامەزراوەی "FilmLA" دەڵێت، کاریگەریی ئاگر لەسەر چالاکیی وێنەگرتن کاتی بوو و بەراورد ناکرێت بەو زیانە مرۆییانەی کە لێکەوتنەوە.
 
بەپێی راپۆرتێکی "Variety Intelligence Platform"، بەرهەمهێنانی درامای تەلەڤزیۆنی لە لۆس ئەنجلس تەنیا لە ماوەی سێ ساڵدا بە رێژەی 58.4% دابەزیوە؛ لە 18560 رۆژی وێنەگرتن لە 2021ـەوە بۆ تەنیا 7716 رۆژ لە 2024 دابەزیوە.
 
لە چارەکی یەکەمی 2025ـدا، درامای تەلەڤزیۆنی 38.9%ـی دیکە دابەزیوە. تەنانەت بەرنامەکانی ریالیتی کە لە کاتی مانگرتنەکانی 2023ـدا ببووە پەناگەیەک، لە 2024ـدا تووشی داڕمانێکی گەورە بوو، ئەمەش وایکرد ساڵی رابردوو ببێتە دووەم خاوترین ساڵی وێنەگرتن لە مێژووی شارەکەدا.
 
راپۆرتەکەی "ڤارایتی" پێشبینی دەکات تا 2026، نزیکەی 50٪ـی بەرهەمە ئەمریکییەکان لە دەرەوەی وڵات ئەنجام بدرێن. وڵاتانی وەک کەنەدا، ئوسترالیا، ئێرلەندا و باشووری ئەفریقا بوونەتە ناوەندی سەرەکی. هاوکات وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەورووپا وەک هەنگاریا و سربیا بەهۆی پێشکەشکردنی داشکاندنی راستەوخۆی ٪30 و نەبوونی مەرج لەسەر رەگەزنامەی ستاف، رکابەرێکی بەهێزن.
 
ئەم گۆڕانکارییانە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەتایبەتی بۆ سعودیە، ئیمارات و ئوردن کە وەبەرهێنانیان لەم بوارەدا کردووە. سعودیە: لە رێگەی "دەستەی فیلمی سعودیە" و "فیلمی عولا"، بەرهەمهێنەرانی جیهانی پەلکێش کردووە، لەوانەش بەرهەمهێنەری "Desert Warrior" و "Kandahar".
 
هەرچی ئیماراتە داشکاندنی 30٪ پێشکێش دەکات، بەڵام هێشتا رووبەڕووی کێشەی کەمیی بەهرەی ناوخۆیی و رێکارەکانی مۆڵەتی کارکردن دەبێتەوە.
 
میسر، مەغریب و ئوردن، خاوەنی شوێنی وێنەگرتنی ناوازەن و چەندین پرۆژەی نێودەوڵەتییان بەلای خۆیاندا راکێشاوە، بەڵام پێویستیان بە ئاسانکاریی زیاترە.
 
ئەم دۆخە نوێیە مانای ونبوونی هۆڵیوود نییە، بەڵکو گۆڕانییەتی لە ناوەندێکی تایبەتی بەرهەمهێنانەوە بۆ بەشێک لە تۆڕێکی جیهانیی فرەناوەند کە لەنێوان تۆرۆنتۆ، لەندەن، سیدنی، بوداپێست و شوێنانی دیکەدا دابەش بووە. پێوەرە نوێیەکە بریتییە لە نەرمی نواندن، تێچووی کەم و دابینکردنی تەکنەلۆژیای نوێ.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەڵگەفیلمی خولەپیزە

خولەپیزە چۆن ژیا و چۆن گیانی لەدەستدا؟

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 70 ساڵ بەسەر رووداوەکاندا، بەڵگەفیلمێکی نوێی تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی ژیان و بەسەرهاتی مەحموود محەممەد، ناسراو بە خولەپیزە و هاوڕێکانی دەگێڕێتەوە کە لە چلەکانی سەدەی رابردوودا دژی حکومەتی پاشایەتیی عێراق چەکیان هەڵگرت.