لێكۆڵینەوەیەك لەبارەی ناونیشان لە رۆمانی كوردیدا

08-12-2017
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن رۆمان حەمە مەنتك
A+ A-

رووداو - هەولێر

"سیمیۆلۆژیای ناونیشان - ناونیشانی رۆمانی كوردی بە نموونە" ناوی نوێترین كتێبی حەمە مەنتك، توێژەر و ئەكادیمییە و بڕیارە بەم نزیكانە بڵاوبكرێتەوە.

حەمە مەنتك بە (ئەدەب و كولتووری رووداو)ی راگەیاند، ئەم بەرهەرمە بەمزووانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوكردنەوەی هەولێر چاپ و بڵاودەكرێتەوە كە توێژینەوەیەكە لەبارەی ناونیشانی رۆمانی كوردی لە هەرچوار پارچەی كوردستان، لە سەرەتاوە تاوەكوو ساڵی 2013 لە رووی سیمیۆلۆژییەوە.

كتێبەكە لە سێ بەش پێكهاتووە، بەشی یەكەم هەوڵێكی تیۆریانەیە بۆ زانستی نیشانە (سیمیۆلۆژیا)، خستنەڕووی هەوڵی ئەو تیۆریزانانەیە كە رۆڵیان لە گەشەپێدانی سیمیۆلۆژیا لە ئەدەبدا هەبووە. بەشی دووەم توێژینەوەیە لە ناونیشانی دەق وەكو زانستێك، ئەویش ناونیشان لەنێوان بە لۆژیكبوون و شیعرییەتدا، هاوكات پێوەندنی ناونیشانی دەق بە سەردەمەوە و كاریگەریی سەردەم لەسەر ناونیشانی دەق بەگشتی و ناونیشانی رۆمان بەتایبەتی.

گوتیشی، بەشی سێیەم توێژینەوەیە لە ناونیشانی رۆمانی كوردی، وەكو ئەو ناونیشانانەی دەلالەتن لە ناو، شوێن، كات، رووداو. هاوكات دابەشكردنی ناونیشانی رۆمانی كوردی لە سەرەتاوە تاكوو ساڵی 2013 بەسەر چەند قۆناغێكدا و دەستنیشانكردنی خاسیەتی ناونیشانی هەر قۆناغێك.

مەنتك، تا ئێستا چوار كتێبی لەبارەی رەخنە و توێژینەوەی ئەدەبی بڵاوكردووەتەوە، بەناوەكانی "سوریالیزم لە ئەدەبی نوێی كوردیدا"‌‌‌، "لە مەدرەسەی نالیدا"، "سەرەتا دیالۆگ هەبوو- كۆمەڵێ وتاری رەخنەیی" و "تەكنیكی فرەدەنگی لە رۆمانی كوردیدا".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە