پرسیارکردن لە فەلسەفەی شانۆ بۆ خۆی قسەکردنە لە دوو بابەت و کایەی گرنگی ناو ژیان: فەلسەفە و شانۆ. فەلسەفە کە پەیوەستە بە عەقڵ و شانۆش ھونەرێکە زادەی خەیاڵ و دیدگای ھونەری و شیعرییە، بۆیە ئەو کاتەی پرسیار لەبارەی فەلسەفەی شانۆ دەکەین، بەواتای دەمانەوێت لە عەقڵانیەتی ئەو دنیا خەیاڵییەوە قسە بکەین، دنیایەک بەتەنیا ڕووبەرێکی خەیاڵئامێز نییە، بەڵکو خەیاڵ وێنای دنیایەکی تر دەکات، ئەوەی لە واقیعدا نییە، یاخود ھەیە و شانۆ دێت بە دید و ڕوانینێکی تر دەیخولقێنێتەوە، خوڵقاندنەوە بەواتای گەڕانەوە بەرەو سەرەتاکانی شانۆ، بۆ یەکەم ساتەوەختی لەدایکبوون، بۆ ناو ژیاری گریکی و قسەکردنەوە لە زەمەنێک کە تیایدا فەلسەفە و شانۆ لە ململانێ و ڕکابەریدا دەبن، تراژیدیا دەبێتە تەوەری سەرەکی ئەو پەیوەندیە کە دیالۆگی فەلسەفی وشانۆیی تێدا دەخوڵقێنرێت.
تراژیدیانووسانی گریکی بەتەنیا شانۆنامە نانووسنەوە، بەڵکو لە پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆدان لەگەڵ گوتاری فەلسەفی، بۆیە تا ئەم ڕۆژگارەمان ئەو بابەتە پەیوەستە بەھەردوو دنیای شانۆ و فەلسەفەوە، شانۆنووسان و فەیلەسووفەکان بەیەکەوە بەشداری لەو دیالۆگە دەکەن، تا ئاستی ڕەخنەیەکی قووڵ لەیەکتری کە سەرەنجام ڕەخنەکان دەبنە زەمینەیەکی پتەو بۆ فەلسەفەی شانۆ، تاوەکو دنیابینی شانۆمان بۆ بخاتەڕوو، لەھەمان کاتدا بۆ ئەو سەردەمەی ئێستامان شانۆ بگەیەنێتە شانۆیەکی فەلسەفی، ئەوەش پەیوەستە بەو پەیوەندیە ھاوبەش و دانەبڕاوەی ئەو دووە بە یەکترەوە.
بۆیە قسەکردن لەو پەیوەندیە گەڕانەوەیە بۆ ناو ڕابردوویەک کە پەیوەستە بە فەیلەسووف و شانۆکارەوە، ڕەنگە لەڕابردوودا ھەرگیز پێشبینی ئەوە نەکرابێت کە شانۆکارەکان وەک فەیلەسووفەکان دەربکەون، بەڵام ئەمێستا کە شانۆ گرنگیی گوتار و مەعریفەکەی ڕوون دەبێت، ئەوسا نکوڵی ناکرێت لە گرنگیی سوکرات و یۆرپیدس، یاخود ئەفڵاتوون و سۆفۆکلیس، بەوەی ھەردوولا پڕۆسەیەکی عەقڵانی و دنیابینی تایبەت دەخوڵقێنن، کە سەختە یەکێکیان بتوانێ نکوڵی لەویتر بکات، بۆیە دەیالۆگ و ڕەخنەگرتن لەویتر بەرەنجامی تێگەیشتن لەو پڕۆسەیەی کە لەبنەڕەتدا لە دوو تێگەیشتنی جیاوازەوە دێنە بوون، دواتر دەگەڕێنەوە ناو یەکتری، ئەویش پەیوەندیی نێوان عەقڵ و خەیاڵە.
رەنگە شوێن ھۆکاری سەرەکی پەیوەندیی نێوان شانۆ و فەلسەفە بێت، بەوپێیەی یۆنان دەبێتە شوێنی لەدایکبوونی ھەردووکیان، بۆیە ئەو دەمەی فەیلەسوفە یۆنانیەکان دەردەکەون، شانۆش نووسەر و ئەکتەرەکانی ھێناوەتە بوون، تەنانەت ھاتنی ئەفڵاتوون لە ساتەوەختێکدایە کە سۆفۆکڵیس لە ژیاندا نەماوە، بەواتای تراژیدیاکانیشی نووسیوە، کە سۆفۆکلیس بۆ شانۆی کلاسیک وەک سوکراتە بۆ فەیلەسووفەکانی ئەو سەردەمە.
سەرچاوەکانی ئەو دووانە میراتێکی ھاوبەشی ژیاری گریکیە، ئەوەش شەڕێکە بۆ یەکلاکردنەوە کە بوونی ھەر یەکێکیان وەک ناوەندگەرێتی عەقڵی مرۆیی سەیر بکرێت، بەوەی داخۆ ئەوە فەلسەفەیە دەبێتە ھۆی عەقڵانیەتی مرۆڤ؟ یاخود ئەوە شانۆیە ئەو ناوەندگەرێتیەی کە مرۆڤی بیرکەرەوە، مرۆڤێک کە خاوەنی پرسیار وگومانە، لەڕێگەی شانۆوە دەبێت دەربکەوێت.
ئەگەر فەلسەفە بەدوای بیرکردنەوە و گومانەوە بێت، وەک لە دەستەواژە ناسراوەکەی سوکراتدا هاتووە کە ئەو تەنیا یەک شت دەزانێت، ئەویش ئەوەیە کە نازانێت، کەچی نووسەرانی شانۆ سەرەتا دەیانویست بگەڕێنەوە بۆ ناو ئەفسانەکان، لەکاتێکدا فەلسەفە دەیویست قسە لە ھەڵوێستی زانست بکات، نەک وەک شانۆ قسەکردنی لەبارەی چیرۆکی ئەفسانەوە بێت.
ھەرچەندە دەرکەوتنی فەیلەسووفێکی وەکو سوکرات ئەو ھەڵوێستەی گۆڕی بۆ تەفسیرکردنی دنیا، ڕەنگە لێرەدا سوکرات خاڵی جیابوونەوە بێت لە نووسەرانی شانۆ، چونکە سوکرات فەلسەفەی لە ڕەوتی ماتریاڵیزم دەردەکرد، ڕەنگە ئەوە خاڵێکی گرنگ بێت لە جودابوونی میکانیزمی کارکردنی فەلسەفە و شانۆ لای یۆنانیەکان.
شانۆ لەسەرەتاوە وەک فەلسەفە کاری نەدەکرد، بەڵکو لە ڕێگەی گەڕانەوەی بۆ ئەفسانە، دواتر توانای خوڵقاندنی تراژیدیای ھەبوو، فەلسەفە کاری بەو تراژیدیایە نەبوو، بەڵکو بەلاشیدا نەدەچوو، تەنانەت بەخاڵی جودابوونی خۆی لەو دەزانی.
بۆیە یەکلابوونەوەی شەڕی ئەو میراتە لێرەدا دەردەکەوێت، ئەویش بەجیابوونەوە لە خوڵقاندن، ئەگەر شانۆ تراژیدیا بخوڵقێنێ، ئەوا فەلسەفە دێت ڕاڤەی دنیا دەکات، خوێندنەوەی ئەوەی ھەیە، پڕۆسەی بیرکردنەوەی فەلسەفی، نەوەک گەڕانەوە بۆ یادەوەری تاوەکو تراژیدیای لێ بخوڵقێنێ، ئەو تراژیدیایە دەبێتە ھۆی ئەوەی ئەفلاتوون شانۆکارەکانیش وەک شاعیرەکان لە کۆمارەکەی بکاتە دەرەوە.
ئاخۆ ئەفلاتوون لەژێر کاریگەری ڕەوانبێژی و زمانەوانی نووسەرانی شانۆدا تێکستە فەلسەفییەکانی نەنووسیوە؟ بەتایبەت لەجۆری دیالۆگی شانۆیی؟ ئەی ئەگەر وابێت چۆن لە کۆمار دەیانکاتە دەرەوە؟
دژایەتیکردنی شاعیران و نووسەرانی شانۆ لەلایەن ئەفلاتوونەوە پەیوەست نییە بە کاریگەریی گوتاری شانۆوە، بەقەد ئەوەی گوتاری دژە لە بەرامبەر تێکستی شانۆ و ڕوانینی شانۆنووسێک کە ئەریستۆفانیسە. ئەو شانۆنووسە لە شانۆگەرییەکی کۆمیدیدا باس لەوە دەکات: "سوکرات جگە لە سۆفستاییەک شتێکی تر نییە، لە شانۆگەری (ڕاکێشان) گاڵتە بە سوکرات دەکات و بانگەوازی ئەوە دەکات کە پێویستە قوتابخانەکەشی بسووتێنرێت، تاوەکو پارێزگاری لە شارەکە و مانەوەی بکرێت" الفلسفە والمسرح/ کمال فھمی، افریقیا الشرق ٢٠١٤، ص ١٧.
ھەڵبەت سۆفستاییبوونی سوکرات حەقیقەتێکە بەھۆی ئەوەی ئەو فەیلەسووفە قسەی کردووە نەوەک نووسیبێتی، خۆ لە نووسینەکانی ئەفڵاتوون و ئەڕستۆشدا ھەمیشە دەستەواژەی (مامۆستا دەیگوت) دەنووسرێت، خۆ لەبری ئەوە نەگوتراوە (مامۆستا نووسیویەتی). ئەریستۆفانیس بڕوای وایە سوکرات تەنیا قسەکەرێک بووە، پێویستە بە ژەھرخواردکردنی کۆتایی بە قسەکانی بھێنرێت، تاوەکو پارێزگاری لە ئاسایش و ھێمنیی شار بکرێت.
ھەڵبەت ئەوە ئەفڵاتوون تووڕە دەکات تا ڕادەی ئەوەی لە کۆمار دەریاندەکات، بەڵام دەرکردنیان زیاتر بەھۆی ئەو تێگەیشتن و ڕوانینەیانە بۆ سوکراتی مامۆستا، دەنا ئەفڵاتوون بۆ خۆی نەیتوانیوە لەژێر کاریگەری ڕەوانبێژی و زمانەوانیی شانۆ دەربازی بێت، تێکستە فەلسەفیەکانی لەشێوەی شانۆنامە نووسیوەتەوە، بەتایبەت تێکستە ناسراوەکەی لەبارەی مامۆستا ژەھرخواردکراوەکەی بەناوی "داکۆکی لە سوکرات".
کاتێک دەگەڕێینەوە لای شانۆنووسانی یۆنانی بەتایبەت سۆفۆکلیس، دەبینین ئەوە ویستی کارەکتەرەکان نییە کە تراژیدیای خوڵقاندووە، بەڵکو کارەکتەرێکی وەکو ئۆدیب لە نائاگاییەوە تراژیدیاکان دەخوڵقێنێ، بەڵام تراژیدیایەک لە توانای وێنەکانی فەیلەسووفدا نییە بیخوڵقێنێ، بۆیە ئەوەی شانۆ لەو کاتەدا دەیکات فەلسەفە توانای بەسەریدا ناشکێت، بەڵکو ئەوەی فەلسەفە بیکات دەرکردنی شانۆ نییە، بەقەد ئەوەی خوێندنەوەی فەلسەفیە بۆ شانۆ.
وەک چۆن فرۆید دەگەیەنێتە ئەوەی تیۆری تایبەت بخوڵقێنێ و ئەنترۆپۆلۆژیستێکی وەکو مۆریس گۆدلیە ڕوانینی ئەنترۆپۆلۆژیانەی لەڕێگەی شانۆنامەکەی سۆفۆکلیسەوە بەرھەم دێنێ، یاخود فەیلەسووفانی پۆستمۆدێرن کاتێک دەیانەوێ ئەو سەردەمەی خۆیان بخوێننەوە پەنا دەبەنەوە بەر تراژیدیاکانی شکسپیر، بەتایبەت تراژیدیای ھاملێت کە لە خوێندنەوەی فەلسەفی ژاک دێرێدا بۆ قسەکردن لە فەلسەفەی مارکسیزم پشتی پێ دەبەستێت، یاخود فەیلەسووفی فەڕەنسی بە ڕەگەز بولگاری ژولیا کریستیڤا لەڕێگەی ھەمان شانۆنامەوە قسە لە دیاردەیەکی دەروونی بکات.
ھەر لێرەشەوە فەلسەفەی شانۆ دەردەکەوێت، بەدەرکەوتنیشی بابەتی فەلسەفە و شانۆ لەنێوان (فەلسەفەی شانۆ) و (شانۆی فەلسەفی) دەبنە دوو بابەتی گرنگی ئەو پەیوەندیە، بابەتێک کە گرنگی تایبەتی بۆ شانۆ ھەیە و ناکرێت فەرامۆش بکرێت، لەسەر ئاستە دەلالی ومەعریفیەکانی نەوەستین و لەناو ڕووبەری تێکست و نمایشە شانۆییەکان نەیخوێنینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ