رووداو دیجیتاڵ
ئەستێرەیەکی ریال مەدرید هەڕەشەی رۆیشتن دەکات و داهاتووی خۆی بە ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەرەوە بەستووەتەوە و دەڵێت "یان من یان ئەربێلوا".
دۆخی ئاردا گولەر، یاریزانی لاوی تورک لەنێو یانەی ریال مەدرید، گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکجار هەستیار. بەهۆی ناڕەزایەتی لە شێوازی مامەڵەکردنی لەڕووی تەکنیکییەوە، داهاتووی ئەو یاریزانە لەگەڵ یانە شاهانەکە کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لەو یاریزانە، ئاردا گولەر نیگەرانییەکی زۆری بەرامبەر شێوازی کارکردنی ئەلڤارۆ ئەربێلوای راهێنەر هەیە. گولەر بە دەوروبەرەکەی راگەیاندووە کە ئەگەر ئەربێلوا بۆ وەرزی داهاتووش لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە، ئەو بەفەرمی داوای رۆیشتن لە یانەکە دەکات.
هەستکردن بە پەراوێزخستن
گولەر پێیوایە ئەو پێگەیەی ئێستا لەنێو تیپەکەدا هەیەتی، هاوتای ئەو بەهرە و ئاستە نییە کە نیشانی دەدات. ئەو یاریزانە دەڵێت هەرکاتێک هەلی بۆ رەخسابێت، ئاستێکی بەرزی پێشکەش کردووە، بەڵام بەردەوامبوونی لەسەر کورسیی یەدەگ بەبێ هیچ پاساوێکی تەکنیکی، بێئومێدی کردووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کێشەکە تەنیا کێبڕکێ نییە لەسەر شوێنی سەرەکی، بەڵکو نەبوونی متمانەیە. گولەر هەست دەکات ئەربێلوا باوەڕی بە تواناکانی نییە و یاریزانی دیکەی لەپێش دادەنێت کە لەڕووی هونەرییەوە لەو بەهێزتر نین، ئەمەش وایکردووە پەیوەندی نێوان یاریزانەکە و راهێنەر بەتەواوی تێکبچێت.
خولەکی کەم و پەیامی نەرێنی
گولەر لەوە تووڕەیە کە بەشێوەیەکی پچڕپچڕ بەشداری پێ دەکرێت و دەرفەتی راستەقینەی پێنادرێت بۆ ئەوەی لە چەند یارییەکی لەسەریەکەوە بەشێوەی سەرەکی یاری بکات، ئەوەش وایکردووە هەست بە جێگیری نەکات لەنێو پڕۆژە وەرزشییەکەی ریال مەدریددا.
ئاگادارکردنەوەی هاوینە
بڕیاری کۆتایی یاریزانە روونە: مانەوەی ئەربێلوا واتا گەڕان بەدوای ئەزموونێکی نوێ لە دەرەوەی ریال مەدرید. گولەر نایەوێت وەرزێکی دیکە بە پەراوێزخراوی بەسەرببات، بەتایبەت کە چەندین یانەی گەورەی خولی ئینگلیزی بەوردی چاودێری دۆخەکەی دەکەن و دەیانەوێت بیگوازنەوە.
ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی کارگێڕیی ریال مەدریددایە؛ مانەوەی دۆخەکە بەمشێوەیە لەوانەیە ببێتە هۆی لەدەستدانی یەکێک لە گەورەترین بەهرەکانی جیهان، یان دەبێت کارگێڕیی یانەکە پێداچوونەوە بە دۆخی تەکنیکی تیپەکەدا بکات بۆ ئەوەی متمانە بۆ گولەر بگەڕێنێتەوە. ئەوەی دیارە ئەوەیە کە هاوینی داهاتوو بۆ یانە مەدریدییەکە سەخت و یەکلاکەرەوە دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ