رووداو دیجیتاڵ
دوای کرانە دەرەوەی یانەی ریال مەدرید لە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا و دۆڕانی بەرامبەر یانەی بایرن میونشن، هەمووان چاوەڕێی گۆڕانکاری گەورەن لە یانەکەدا و ئەربێلواش باس لە داهاتووی خۆی دەکات.
لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، بایرن میونشن بردنەوەکەی لە ریال مەدرید دووبارەکردەوە و 4-3 یارییەکەی بردەوە، بەمەش بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە بە 6-4 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و گەیشتە قۆناخی پێشکۆتایی، ریال مەدریدیش بۆ وەرزی دووەم لەسەریەک ماڵئاوایی لە چامپیۆنزلیگ کرد.
دوای ئەم کرانە دەرەوەیە، رۆژنامەی ئاتلێتیک لە راپۆرتێکدا دەڵێت "کاردانەوەکان لەنێو کارگێڕیی ریال مەدرید خێران، فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەکە دوای یارییەکەیان بەرامبەر بایرن میونشن بڕیارییداوە لە کۆتایی وەرزدا دەستبەرداری ئەلڤارۆ ئەربێلوا ببێت."
بەپێی سەرچاوەکە سێ راهێنەر لە پلانەکانی ریال مەدریددان بۆ ئەوەی یەکێکیان لە هاوینی داهاتوودا وەکو راهێنەری نوێی یانەکە دەستنیشان بکرێت، بژاردەی یەکەمیش یۆرگن کڵۆپ، راهێنەری ئەڵمانی و پێشووی یانەی لیڤەرپوولە کە ماوەیەکی زۆرە ناوی بە یانەی شاهانەوە بەستراوەتەوە.
جگە لەو راهێنەرە ماوریسیۆ پۆچێتینۆ، راهێنەری پێشووی تۆتێنهام و پاریس سانجێرمان، ئێستای هەڵبژاردەی ئەمریکا یەکێکی دیکەیە لەو راهێنەرانەی ناوی بە ریال مەدریدەوە بەستراوەتەوە.
راهێنەری سێیەمیش دیدێ دیشامپ، راهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسایە کە بڕیارییداوە دوای مۆندیالی 2026 لە هەڵبژاردەکە بڕوات.
دوای یارییەکە لەبارەی ئەوەی هەلی دووەمی پێبدرێت بۆ وەرزی داهاتوو، ئەلڤارۆ ئەربێلوا گوتی "من رێز لە بڕیاری یانەکە دەگرم، من هاندەری ریال مەدریدم و بەلای منەوە بردنەوەی یانەکە گرنگترین شتە و بەبێ گەڕانەوەی ئەوەی کە کێ راهێنەری یانەکەیە، بۆیە هەر بڕیارێک بدرێت رێزی دەگرم".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ