رووداو دیجیتاڵ
سێرجیۆ پێرێز، شۆفێری مەکسیکی بووە پاڵەوانی خەڵاتی گەورەی باکوی ئازەربەیجان لە پێشبڕكێیەکانی فۆرمولا وەن، دوای ئەوەی پێش ماکس ڤێرستاپن کەوت.
رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی گراند پریکسی باکو، لە پێشبڕكێیەکانی ئۆتۆمبێلی جۆری فۆرمولا وەن کۆتاییهات، دوای ئەوەی لە رۆژی تاقیکاریدا چارلز لۆکلێر خێراترین کاتی تۆمارکرد و لە ریزی پێشەوەی شۆفێرەکان هات، بەڵام نەیتوانی پارێزگاری لەو پێشڕەوییەی بکات و پلەی یەکەم و خەڵاتی پاڵەوانێتییەکەی بۆ سێرجیۆ پێرێزی مەکسیکی بەجێهێشت.
پێرێز لە ریزبەندی سێیەمەوە دەستیپێکرد، هەرچەندە تاوەکو لاپی دەیەم ڤێرستاپن لە پێشەنگ بوو، بەڵام دوای ئەوەی داوایکرد کە تایەکانی بۆ بگۆڕن، پێرێز پێشەنگی ریزبەندییەکەی گرتەدەست و شەڕەکەی بۆ ڤێرستاپن و لۆکلێر جێهێشت لەدوای خۆیەوە.
شۆفێرەکان دەبوو 51 گەڕ بسووڕێنەوە بۆ ئەوەی 190 مایڵ ببڕن، بەڵام بەگشتی درێژیی رێرەوەکان 3 هەزار و 730 مایڵ دەکاتە زیاتر لە شەش هەزار کیلۆمەتر.
ماوەی دوو رۆژبوو رکابەرییەکانی تاقیکاری دەستیپێکردبوو و لە کۆتاییشدا پاڵەوان دەرکەوت، ئەمە چوارەم پاڵەوانێتیی ساڵە لە یارییەکانی فۆرمولا وەن کە لە شاری باکوی ئازەربەیجان دەکرێت.
ئەو دووانەی لەسەر پلەی یەکەم رکابەرییان دەکرد، پێرێز و ڤێرستاپن بوون، کە هەردووکیان شۆفێری تیمی رێد بوڵن.
پلەی سێیەم بۆ چارلز لۆکلێری شۆفێری تیمی فێراری جێگیر بوو، پلەی چوارەمیش بەر شۆفێری ئیسپانی فێرناندۆ ئەلۆنزۆ بوو کە لە تیمی ئاستن مارتنە، دوای ئەویش کارلۆس ساینز لە تیمی فێراری ناوی نووسرا.
لویس هامیڵتۆنی بەریتانی لە تیمی مێرسیدس پلەی شەشەمی بەرکەوت، دواتر لانس سترۆلی کەنەدی پلەی حەوتەم و ئینجا جۆرج راسل لە پلەی هەشتەمدا بوو.
جۆرج راسل توانی لە سووڕانەوەی کۆتاییدا توانی خێراترین کات تۆماربکات و ئەمەش چەند خاڵێکی خستەسەر خاڵەکانی لە ریزبەندی گشتیدا، بەڵام ئەوەی کە سوودمەندی یەکەم بوو، بێگومان سێرجیۆ پێرێز بوو کە بووە پاڵەوان و جیاوازیی خاڵەکانی لەگەڵ ماکس ڤێرستاپنی پێشەنگی ریزبەندی شۆفێرانی جیهاندا کەمکردەوە بۆ تەنیا شەش خاڵ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ